ماكوان عيززهت – هەولێر
زۆرێک لە هاوڵاتیان کێشەی بەرزی ئاستی چەورییان هەیە، بەڵام زانیارییەکان دەربارەی هۆکار و نیشانەکانی ئەم حاڵەتە هێشتا لای زۆر کەس ناڕوونن. لەمبارەیەوە، د. سەعید عوسمان، دکتۆرا لە نەخۆشییەکانی هەناوی و دڵ، کۆمەڵێک ڕێنمایی و زانیاریی گرنگ لەسەر جۆرەکانی چەوری و شێوازی چارەسەرکردنیان دەخاتە ڕوو.
جۆرەکانی چەوری و مەترسییەکانیان
د. سەعید ئاماژە بەوە دەدات کە لە جەستەی مرۆڤدا دوو جۆر چەوری هەیە: “بەز” کە کۆبووەوەی خانە چەورییەکانە و، “چەوری تواوە” کە لە ناو خوێندایە. چەوریی خوێن خۆی دابەش دەبێت بەسەر دوو جۆری سەرەکی:
1. کۆلیسترۆڵ: کە مەترسیدارترین جۆرە و کێشەی تەندروستی گەورە دروست دەکات.
2. تراگلیسراید: جۆرێکی تری چەورییە کە لە خوێندا هەیە.
هۆکارە سەرەکییەکان: بۆماوەیی، خواردنی ناتەندروست و، کەمجووڵەیی، سێ هۆکاری سەرەکین بۆ بەرزبوونەوەی کۆلیسترۆڵ.
کۆلیسترۆڵ نیشانەی نییە
بە پێچەوانەی بیروباوەڕی گشتی، د. سەعید جەخت دەکاتەوە کە بەرزهەڵگەڕانی رێژەی کۆلیسترۆڵ هیچ نیشانەیەکی نییە، نابێتە هۆی سەرئێشە یان ئازاری جەستە. تەنها لە ڕێگەی پشکنینی تاقیگەییەوە دەزانرێت.
• بۆ پشکنینی کۆلیسترۆڵ: هەموو کاتێک گونجاوە.
• بۆ پشکنینی تراگلیسراید: پێویستە کەسەکە ٩ کاتژمێر پێشتر بەڕۆژوو بێت (خواردن و خواردنەوەی نەخواردبێت).
چۆن بەبێ دەرمان چەوریی خوێن کۆنترۆڵ بکەین؟
پێش پەنابردن بۆ دەرمان، گۆڕینی شێوازی ژیان یەکەمین هەنگاوی چارەسەرە. دکتۆر سەعید ئەم خاڵانە پێشنیار دەکات:
• زیادکردنی جووڵە و وەرزش: دابەزاندنی کێش کاریگەریی ڕاستەوخۆی هەیە.
• خۆراکی تەندروست: بایەخدان بە سەوزە، میوە و زەڵاتە.
• چەرەزات: خواردنی فستق، بادەم، گوێز و ناوکە کوولەکە بەو مەرجەی بێ خوێ بن، سوودێکی زۆریان هەیە.
کەی بەکارهێنانی دەرمان (حەب) دەبێتە پێویستی؟
بڕیاردان لەسەر خواردنی حەبی چەوری تەنها بە ژمارەی ناو پشکنینەکە نییە، بەڵکو پەیوەستە بە کۆمەڵێک فاکتەری وەک: (تەمەن، جگەرەکێشان، نەخۆشینی شەکرە و پەستانی خوێن).
ڕێنماییە تایبەتەکان بۆ بەکارهێنانی دەرمان:
1. نەخۆشانی دڵ: پێویستە تا کۆتایی تەمەن حەبی چەوری بخۆن، تەنانەت ئەگەر کۆلیسترۆڵیان بەرزیش نەبێت.
2. نەخۆشانی شەکرە: زۆرجار بە کۆنترۆڵکردنی شەکرەکەیان، چەورییەکەشیان دادەبەزێت.
3. گەنجان: ئەگەر کێشەی تری تەندروستییان نەبێت، دەکرێت تەنها بە پارێز و وەرزش چەوری دابەزێنن بێ ئەوەی پێویستیان بە حەب بێت.
4. حاڵەتە درێژخایەنەکان: ئەوانەی بە دەمپارێزی چەورییان دانابەزێت، دەبێت تا کۆتایی تەمەن پابەندی دەرمان بن.
کۆلیسترۆڵ دەبێت چاودێری بکرێت. پارێزکردن و وەرزش باشترین ڕێگەن، بەڵام بۆ هەندێک حاڵەتی تایبەت دەرمان دەبێتە بەشێکی جیانەکراوە لە پاراستنی ژیانی کەسەکە.

