ئارام کۆشکی
ساڵی ڕابردوو لیژنەی خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیات، خەڵاتەکەی بەخشی بە “لاسلۆ کراسناهۆرکای”، ڕۆماننووس و سیناریۆنووسی هەنگاری. ئەم نووسەرە تا وەرگرتنی خەڵاتەکەی هێندە ناسراو نەبوو، بەڵکو وەرگرتنی خەڵاتەکە بووە هۆی ئەوەی تیشکێکی زۆری بچێتە سەر بەرهەمەکانی و ئەو کە بەنووسینی قووڵی فەلسەفی و دیدگای دیستۆپیایی ژیانی مۆدێرن ناوبانگی دەرکردووە. کراسناهۆرکای بە یەکەم ڕۆمانی خۆی بە ناوی “تانگۆی شەیتان” (١٩٨٥) ستایشی لەلایەن بەشێک لە خوێنەرانەوە بەدەستهێنا، کە وێنایەکی زۆر زەق بوو لە خراپبوون و نائومێدی لە گوندێکی داڕماودا، کە دواتر لەلایەن “بیلا تار”ەوە کرایە فیلمێکی سینەمایی، کە ماوەکەی حەوت کاتژمێرە. نووسینەکانی ئەم نووسەرە زۆرجار بەدواداچوون بۆ پشێوی و گۆشەگیری و گەڕان بەدوای مانای ژیاندا لە جیهانێکی ناجێگیردا دەکات. ئەو بە دیدگایەکی هیومانیستییەوە دەنووسێت و ئەمە بێجگە لەوەی ژینگەدۆستییەکی ڕاستەقینەش لە بەرهەمەکانیدا هەستی پێ دەکرێت.
دوایین گورگ؛ یەکەم بەرهەمی ئەم نووسەرەیە بە زمانی کوردی و جەبار سابیر کردوویەتی بە کوردی و ناوەندی ڕەهەند بەچاپی گەیاندووە. ئەم کتێبە “دوایین گورگ” له سێ چیرۆك پێكدێت. دوایین گورگ چیرۆكێكی نزیكهی حهفتا لاپهڕهی و پێكچواندنه و چڕ و تێکچڕژاوە. نووسەر لەم ڕۆمانەدا زۆر بەچڕیی كورتهی مێژووی ژیاری مرۆیی دهگێڕێتهوه. له چیرۆكەکەدا سوود له دووبارهكردنهوهی ڕستهكان وهردهگرێ، کە ئەمەش شیعرییەتێک بە گێڕانەوەکەی دەبەخشێت، کە بووەتەناسنامەی گێڕانەوەکەی. كهسێتییهكهی ئهو ڕستهیهك، كه بڕیاره بڵێ، چهندینجار بهدهم خۆیهوه دووبارهی دهكاتهوه، كه به گوتهی هوركایی له ژیانی ڕاستهقینهیشدا ڕوودهدات و ئهم جهختكردنهوهیه لهسهر ڕاستینهی گوتاره، كه ئهم نووسهره ههنگارییهی ناچاری نووسینی ڕستهی دوور و درێژ كردووه. دەشێ ئەمە یەکێک لە خاڵە جیاکەرەوە و تایبەتمەندییەکانی ئەم نووسەرە بێت.
لهم ڕۆمانهدا كه زۆر كورت، بهڵام گوشراوهیه. گێڕهرهوه فهیلهسووفێكی ئهڵمانییه، كه له گهشتێكی بێ ئامانج بۆ ئیسپانیا، چیرۆكی دوایین گورگی ناوچهكه دهبیستێ. چیرۆكهكه بهشێنهیی دهبێته تێڕامان لهبارهی دابڕان، گۆشهگیری و بهرپرسیارێتی مرۆیی له بهرامبهر جیهاندا. ڕۆمانەکە ئەگەر لە نیگایەکی خێرادا لێی بڕوانین وەکو مانیفێستێکی ئەدەبی ئاشتکردنەوەی مرۆڤ و سروشت دێتە بەرچاو.
هۆرکای لەم ڕۆمانەدا دەڵێ: هەندێکجار بۆ ئەوەی حەقیقەت بڵێی، دەبێ بە هێندەی گورگێک تەنیابی. نووسەر دەیەوێت بۆ وتنی حەقیقەتی دۆخی ژینگەیی گەشتێکی دوور و درێژ بکات، بەڵام پاراستنی ژینگە تەنها پارستنی ئاژەڵان و درەختەکان نییە، بەڵکو ژینگە لەم ڕۆمانەدا گەلێک فراوانترە، ئەوەی جنێوێک لەسەر دیوارێک نەنووسین، یان هێڵێکی ناشیرین نەکێشین و هۆڕنێکی بەرز بە ئوتۆمبێلەکان لێ نەدەین، جۆرێکە لە پاکڕاگرتنی ژینگە. لە پشت هەر ڕستەیەکی درێژی ئەم ڕۆمانەوە ئایدیایەکی فەلسەفی و ژینگەدۆستی و مرۆگەرایی خۆی حەشارداوە، پێدەچێت ئەمەش هۆکاری سەرەکی پێدانی خەڵاتی نۆبڵ بێت بەم نووسەرە.
لەنێو بەرهەمە بەناوبانگەکانی تری ئەم نووسەرەدا، دەتوانین ئاماژە بە هەریەک لە “تانگۆی شەیتان” لە ساڵی 1985 چاپ بووە. “خەمگی بەرخۆدان” ساڵی (1989)، “جەنگ و جەنگ” ساڵی(1999) و هەروەها “Ciubó Down There” (2008) کە خەڵاتی باشترین کتێبی وەرگێڕدراوی بەدەستهێنا. هاوکارییەکانی لەگەڵ “بێلا تار”دا یارمەتیدەر بووە بۆ هێنانی شێوازی گێڕانەوەی تاریک و ڕەنگدانەوەی خۆی بۆ بینەرێکی جیهانی. شێوازی کراسناهۆرکای- کە بە ڕستەی درێژ و ئاڵۆز و خۆڕاگری قووڵ تایبەتمەندە ناوبانگێکی زۆری بەدەستهێناوە وەک یەکێک لە نووسەرە هاوچەرخەکانی ئەوروپا کە چالاکترین و دیدەوانە. وەک زۆرێک لە نووسەران و ڕۆژنامەوانان دەڵێن: هۆرنای بەر لە نۆبڵ تەنها لەسەر ئاستی ئەوروپا ناوبانگی پەیدا کردبوو، بەڵام دوای نۆبڵ ئێستا لە نووسەرێکی ناوداری ئەوروپییەوە بووە نووسەرێکی ناوداری جیهانی.

