رۆژنامەی ھەولێر

پرۆژەیەکی گرنگ و ستراتیژییە بۆ ئیدارەی سەربەخۆی سۆران

کارەکانی شەقامی ٤٠ مەتری لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی و بڕیارە لە جەژنی نەورۆزدا بەڕووی شۆفێران و ھاووڵاتییاندا بکرێتەوە. بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکوومەتی ھەرێم، دەڵێت: لە پێنج ساڵی ڕابردوودا ٧٥٠ پڕۆژەی جۆراوجۆر لەبواری ڕێگەوبان دروستکراون.

لە دوای بوونی سۆران بە ئیدارەی سەربەخۆ، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان چەندین پڕۆژەی ستراتیژی لەم دەڤەرە خستووەتە بواری جێبەجێ کردنەوە بەتایبەتی پڕۆژەی دوو سایدی سپیلک- خەلیفان، بەرزەپردی سۆران، شەقامی ٤٠ مەتری و چەندین پڕۆژەیەکی دیکە کە بەشێکیان تەواو بوونە و بەشێکیان لە قۆناغی کۆتاییدان.
لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٤ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەردانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانی کرد و بەردی بناغەی کۆمەڵێک پڕۆژەی دانا، پڕۆژەی شەقامی ٤٠ مەترییش یەکێک بوو لەو پڕۆژانە، پڕۆژەی شەقامی ٤٠ مەتری و ١٠٠ مەتری لەگەڵ دروستکردنی پردێکی گەورە، کە گەورەترین پردە لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان و عێراق لە قۆناغی کۆتاییدایە و زیاتر لە ٩٨%ی کارەکانی پڕۆژەی شەقامی ٤٠ مەتری تەواو بووە و تەنیا ھەندێک کاری تەکنیکی و ھێلکاری و دانانی تابلۆی ھاتووچۆ ماوە، بە تەواوبوونی ئەو کارانەش بەڕووی شۆفێر و ھاووڵاتییاندا دەکرێتەوە.
ھەژار حەکیم، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوت: ئەم پڕۆژانە بەشێکن لە بەرنامەی ستراتیژی حکوومەت بۆ خزمەتکردنی ناوچەکە، شەقامی ٤٠ مەتری ئاسانکارییەکی زۆر بۆ ھاتووچۆی ھاووڵاتییان و قوتابییانی زانکۆی سۆران و فەرمانبەرانی دامودەزگاکانی حکوومەت دەکات و قەرەباڵغی ناوەندی شار کەمدەکاتەوە.
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، باسی لەوەش کرد، ئەم پڕۆژانە قەزاکانی سیدەکان و مێرگەسۆر بە ناوەندی سۆران دەبەستنەوە، ئەمەش دەبێتە ھۆی بووژانەوەی زیاتری کەرتی بازرگانی و گەشتیاری لە ناوچەکەدا، ھەروەھا سیمایەکی جوانیش بە ناوچەکە دەبەخشێت.
ھەژار حەکیم، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ئاشکرای کرد: کۆمەڵێک پڕۆژەی دیکە لە داھاتوودا جێبەجێ دەکرێن، کار لەسەر پڕۆژەی پارکی نیشتمانی دەکەین کە دەکەوێتە نێوان شەقامی ٣٠ مەتری و ٤٠ مەتری، ھەروەھا کارکردن لەسەر ماستەرپلانی گەشتیاری سۆران بەردەوامە بۆ ئەوەی ناوچەکە ببێتە ناوەندێکی گرنگی گەشتیاری لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان و عێراق.
دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوون لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، وەکو وەزارەت پلانمان ھەیە لە ماوەی سێ ساڵی داھاتوودا ھەموو رێگا سەرەکییەکانی نێوان پارێزگاکان بکرێنە دووساید لە ئێستاشدا کارکردن لە ڕێگاکانی (دووکان – چوارقوڕنە و ھەولێر – کۆیە) بە شێوەیەکی زۆر باش بەردەوامە.
لەلایەکی دیکەوە ئاگرین عەبدوڵڵا، بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئاشکرای کرد: وەزارەتەکەمان لە چوارچێوەی کارنامەی کابینەی نۆیەم، گرنگییەکی زۆری بە سێکتەری ڕێگەوبان داوە و لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٥، زیاتر لە ٧٥٠ پڕۆژەی جۆراوجۆر لەبواری ڕێگەوبان دروستکراون.
بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکوومەتی ھەرێم، گوتی: پڕۆژەکان بە بەھای ترلیۆنێک و ٢٧ ملیار دینار جێبەجێکراون و خراونەتە خزمەتی ھاووڵاتییان، کە دەکاتە دوو ھەزار و ٧٩٩ کیلۆمەتر.
شایانی باسە، ڕۆژی سێ شەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، پڕۆژەی ستراتیژیی دووسایدی (ھەولێر – گۆمەسپان)ـی بەڕووی شۆفێران و ھاووڵاتییاندا کردەوە و ڕایگەیاند، پڕۆژەکە ئاسانکارییەکی زۆر بۆ ھاتووچۆ و بەیەکەوەبەستنی شار و شارۆچکەکانی کوردستان دەکات.
لە گوتارێکدا لەڕێوڕەسمی کردنەوەی پڕۆژەکەدا، سەرۆکوەزیران ئاماژەی بەوە کرد، پێشتر ھاتووچۆکردن لەو ڕێگەیەدا جێگەی مەترسی بوو، بەڵام ئێستا بە دروستکردنی ئەم دووسایدە، سەلامەتیی گیانی ھاووڵاتییان بە پلەی یەکەم پارێزراوتر دەبێت.
سەرۆکوەزیران، گوتیشی: ئەم ڕێگەیە ئاسانکاری دەکات ھاووڵاتییان بە کاتێکی کەمتر بگەنە شوێنەکانیان، ھەروەھا گرنگییەکی زۆری ھەیە بۆ بەیەکەوەبەستنی ھەولێر بە گۆمەسپان، دۆڵی سماقوڵی، کۆیە و سلێمانی، و لەلایەکی دیکەشەوە گەڕانەوە بۆ ھەولێر لەڕێگەی بەستۆڕەوە.
مەسرور بارزانی سوپاس و دەستخۆشی ئاراستەی کۆمپانیای جێبەجێکار (ھێمن گرووپ)، ئەندازیاران، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و پارێزگاری ھەولێر کرد، کە توانیویانە لە کاتێکی پێوانەیی و بە ستانداردی نێودەوڵەتی پڕۆژەکە جێبەجێ بکەن، ھەروەھا خۆشحاڵی و سەربەرزیی خۆی دەربڕی کە ئێستا لە ھەرێمی کوردستان کۆمپانیای ناوخۆیی ئاستبەرز ھەن دەتوانن پڕۆژەی وا گەورە دروست بکەن.