یاسین ئەحمەد خدر
دۆڵی بازیان ناوچەیەکی کشتوکاڵی بوو، ژینگەیەکی پاك و ڕەنگینی هەبوو، بەڵام بەهۆی چەند ین فاکتەرەوە وەك بوونی سەرچاوەی سرووشتی، ئاوی ژێرزەوی و سەرزەوی، دەشتی فراوان، سەرەڕێگەی نێوان شارە گەورەکان و زەوی هەرزان و…هتد لەسەرەتای ئەم سەدەیەوە بەرەو ناوچەیەکی پیشەسازی ڕۆیشتووە و دەیان کارگە و کۆمپانیا و پرۆژەی پیشەسازی تێدا دامەزراوە و زیاد لەسەدا سی پیشەسازی هەموو عێراق لە قەزای بازیاندایە، هەرچەندە یاسا و ڕێنمایی هەیە بۆ پاراستنی ژینگە، بەڵام بەشێکی کارگەکان پابەندی ڕێنماییە ژینگەییەکان نابن، هەربۆیە ژینگەی بازیان پاك نەماوە و پیس بووە.
تەپوتۆز یەکێکە لە هۆکارەکانی پیسبوونی ژینگە، سەرچاوەی تەپوتۆز زۆرە، وەك: کارگەکان و پرۆژە پیشەسازییەکان، کانە بەردەکان، ئۆتۆمبێل و بارهەڵگرەکان، خۆڵباران و…هتد، بەهۆی سرووشتی قەزای بازیانەوە کە دۆڵێکی بچووکە و چواردەوری شاخە، بەشی زۆری ئەو تەپوتۆزەی لە دەرەوە بۆی دێت یاخود لەناو خۆدا دروست دەبێت، دەمێنێتەوە و ناڕواتە دەرەوەی دۆڵەکە و لەگەڵ هەوادا دەڕژێت بەسەر بازیاندا، دانیشتووانی قەزای بازیان زۆر بە ڕوونی ئەو تەپوتۆزە دەبینن کە بەردەوام بڵاودەبێتەوە.
تەپوتۆز کاریگەری خراپی هەیە لەسەر ژینگە و تەندروستی، بە گەردیلەی ورد هەوا پیس دەکات کە دەبێتە هۆی نەخۆشی تووندی هەناسەدان و دڵ، بەهۆ هەڵمژینی تۆزی ورد ڕەبۆ، کۆکە، پژمین، هەناسەتەنگی و هەوکردنی بۆرییەکانی لا، بەتایبەت لە منداڵان و کەسانی بەساڵاچوو زیاد دەکات، دەبێتە هۆی خورانی چاو و پێست، هۆیەکە بۆ نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان و توشبوون بە جەڵتەی مێشك و نەخۆشییە درێژخایەنەکان، لەڕووی ژینگەییەوە زیان بە بەروبوم دەگەیەنێت، ڕێگری لە هەناسەدانی ڕووەکەکان دەکات، کارایی وزەی خۆر کەمدەکاتەوە، ئاو و خاك ژەهراوی دەکات.
هاوڵاتییان دەبێت خۆیان بپارێزن لە زیانەکانی تەپوتۆز، ئەویش لەکاتی هاتنی بای تۆزاوی دەرگا و پەنجەرەی ماڵەکانیان دابخەن، لە دەرەوەی ماڵ دەمامك و چاویلکەی تایبەت ببەستن و…هتد.
پێویستە لەسەر قایمقامیەت و لایەنی بەرپرس کە کارگە و پرۆژە پیشەسازییەکان پابەند بکەن بە جێبەجێکردنی یاساکانی ژینگە، سیستمی کۆکردنەوەی تۆز بەکاربهێنن و فلتەری هەوا دابنێن، ڕێگەی هاتوچۆی بارهەڵگرەکان و ئۆتۆمبێلە گەورەکان لە وەرزە وشکەکاندا بەردەوام ئاوڕشێن بکەن بۆ نەمانی تەپوتۆز، بەکارهێنانی بەربەست بۆ ئەو شوێنانەی کە چالاکی تێدا ئەنجام دەدرێت و بڕێکی زۆر تۆز و خۆڵ بەرهەم دەهێنێت تا ڕێگری لێ بکرێت لە بڵاوبونەوەی، ناشتنی نەمام و سەوزکردنی چواردەوری کارگەکان و بەدارستانکردنی دۆڵی بازیان کە کاریگەری زۆری هەیە لە کەمکردنەوەی کاریگەرییە خراپەکانی تەپوتۆز .

