رۆژنامەی ھەولێر

مستەفا بارزانی ناسنامەی نەتەوەیەک

شێرکۆ حەبیب
لەسەرتای مانگی ئاداری ساڵی ١٩٧٩ باوکی رۆحی کورد ژەنەراڵ مستەفا بارزانیی نەمر بە جەستە ماڵئاوای لێکردین، دوای زیاتر لە نیو سەدە لە خەبات و تێکۆشانی کەم وێنە لە پێناو میللەتێکی ستەم دیدە و ماف خوراو، نەک هەر ئەوە بەڵکو هەوڵەکانی بۆ بونیادنانی کۆمەڵگایەکی مەدەنی لەسەر بنەماکانی یەک سانی و پێکەوە ژیانی نەتەوەیی و ئاینی هەموو رەرنگەکان لە خۆ بکرێت، هەر لە سەرەتای ژیانی هەستی بە زولم و زۆرداری کردوە، کە دەسەڵاتدارنی ئەوسای ناوچەکە دژی کورد پەیرەویان کردبوو، لەتەمەنی منداڵی دووچاری زیندانی کردن هاتووە لەگەڵ دایکی لە شاری مووسڵ لە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی عوسمانی، ساتەوەختێک برا گەورەکەیان لە سێدارە دا و شەهیدیان کرد، نەمر شێخ عەبدولسەلام بارزانی، کە قەبوولی زولم و زۆردای ئەو دەوڵەتەی نەکرد.
مستەفایی بارزانیی نەمر، هەر لەسەرەتای لاویدا تێکەڵی بزاڤی رزگاری خوازی کورد بوو، و سەرکردایەتی و بەشداری لە شۆڕشەکان کردوە، هەر لە شۆڕشەکانی بارزانی و تا شۆڕشی گوڵان، کە لەو ماوەیەی توانی سەرکرایەتی شۆڕش و بزاڤی رزگاریخوازی کورد بکات، و لە کۆماری مهاباد رۆڵی سەرەکی هەبوو، بەڵام بەداخەوە بەرژەوەندی زڵ هێزەکان ئەو کات لە بەرژەوەندی کورد بەهێز تر بوو بۆیە ئەو کۆمارە ئەوەندی نەخایاند و قازی نەمر یەکەم سەرۆک کۆماری کورد لە سێدارە درا، و مستەفا بارزانیی نەمر رووی لە یەکێتی سۆڤیەتی جاران لەگەڵ کۆمەڵێک لە هەڤاڵانی کرد و بە ڕێپێوانێکی کەم وێنە گەیشتە ئەوێ و لەوێ نیشتەجێ بوون تا شۆڕشی ١٤ تەمووزی ساڵی ١٩٥٨، هەر لەوێش لە هەوڵی گەیاندنی ماف و دەنگی کورد بوو بە بەرپرسانی سۆڤیەت.
ژەنەراڵ مەلامستەفا بارزانیی نەمر ئیستاشی لەگەڵ دابێت بە سومبول و ناسنامەی کورد هەژمار دەکرێت، ناوی بارزانی بوو کوردی بە جیهان ناساند، ساتەوەختێک لە وڵاتانی جیهان کاتێک ناوی کورد دەهات زانیاریەکی وەها لە هزری هاووڵاتیان نەبوو، بەڵام کە دەیان گوت بارزانی ئەوسا بۆیان روون دەبۆوە.
بارزانیی نەمر ئەگەر بەجەستە لەگەڵماندا نەبێت، بەڵام رۆح و رێبازە پیرۆزەکەی هەردەم ئیلهام بەخشی خەبات و تکۆشان و لەگەڵماندایە، ئیستاشی لەگەڵ دابێت لەسەر رێبازی پیرۆزی ئەو و رێنمایی سەرۆک مەسعود بارزانی خەبات بەردەوامە بۆ دابینکردنی مافەکانی میللەت و بونیاد نانی کۆمەڵگایەکی دیموکراسی و پێکەوە ژیان، کە بارزانی نەمر و کاکە ئیدریسی هەردەم لە یاد و سەرجەم شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان خەباتیان لەو پناوە بووە.
ئەوەی ئەمرۆش لە ئارادایە لە ئەزموونی دیموکراسی و پێکەوە ژیان لە سایەی خەبات و رێبازی پیرۆزی ئەو مرۆڤە مەزنەیە، کە هەرگیز سازشی لە مافەکانی گەلی کوردستان نەکردووە.
بارزانیی نەمر لە میانەی خەباتی نەپساوی زیاتر لە نیو سەدە سەرکردایەتی چەندین داستان و قارەمانیەتی بێ وێنەی کردوە، هەردەم هەوڵی ئەوەی داوە هەوڵە دیبلۆماتەکان و دانوستاندن لە بڕی شەڕ و دووبەرەگی بوبێت، ژەنەراڵ مەلامستەفا بارزانی مرۆڤێکی ئاشتی خواز بوو، ساتێک پەنای بۆ جەگ بردووە بۆ بەرگری لە میللەت و خاک بووە، کە رژێمە یەک لەدوایەکەکانی عێراق هەوڵی لەو نابردنی میللەتی کوردیان داوە، بەڵام ژەنەراڵ بارزانیی نەمر و حیکمەت و شارەزای و لهاتووی وای لە دەسەڵاتدارانی عێراق کرد کە دان بە مافی رەواکانی کورد بنێن لە میانەی رێککەوتنە مێژوویەکەی ١١ی ئاداری ساڵی ١٩٧٠.
ژەنەراڵ بارزانیی نەمر یەکێک بوو لەسەرکردە دیار و ناودارەکانی جیهان، چەندین شارەزا و پسۆری سەربازی و دیبلۆماتی سەرسامی پلان و سەرکرایەتی ئەو مرۆڤە مەزنە بوون.
سڵاو لە گیانی پاکی رابەرو باوکی رۆحی کورد ژەنەراڵ مەلامستەفا بارزانیی نەمر، و کاکە ئیدریسی هەردەم لە یاد و سەرجەم شەهیدانی بزاڤی رزگاریخوازی کورد.