رۆژنامەی ھەولێر

پەری

هانس کریستیان ئەندرسن لە فارسییەوە: ئەرسەلان حەسەن

کاتێک منداڵێکی باش دنیا بەجێدێڵێت، پەرییەک لەلایەن خواوە دادەبەزێتە سەرزەوی. منداڵەکە لەباوەش دەگرێت، باڵە سپییە گەورەکانی فش دەکات و بەسەر زەوی ئەوشوینانەدا دەفڕێت، منداڵەکە ئارەزووی دەکات. پەری دەسکەگوڵێک دەچنێت و بەدیاری بۆ خوای دەباتەوە، ئەوشوینەی گوڵەکان جوانتر لە هەمیشە دەپشکوێن. خوا توند دەسکەگوڵەکە بەسنگییەوە دەگوشێت، بەڵام ئەوگوڵە ماچ دەکات لەهەموان زیاتر خۆشیدەوێت. پاشان ئەوگوڵە دەنگێکی لێوەدێت و دەچێتە پاڵ گۆرانییە نەمرەکانی بەهەشتەوە.
یەکێک لە پەرییەکانی خوا وایوت، کە منداڵەکەی بۆ بەهەشت برد، منداڵەکە وەک خەونێک ئەمانەی بیست. لەکاتێکدا بەلای ئەوشوێنانەدا ڕادەبووردن منداڵەکە ڕاهاتبوو یاریی لێ بکات، بەسەر باخە پڕلەگوڵە جوان و گەشاوەکاندا ڕۆیشتن. پەری پرسی: «کام لەو گوڵانە ببەین و لەبەهەشت بیڕوێنین؟»
هەر لەوێ دەوەنە گوڵێکی باریک و جوانی لێبوو. دەستێک لقەکانی شکاندبووەوە و لقە پڕلەخونچە گوڵی گەورە و نیوە پشکوتوو، پەژمووردە ببوون و بەسەر دەوەنە گوڵەکەدا چەمابوونەوە.
منداڵەکە هاواریکرد: «ئەم دەوەنە گوڵە داماوە! وەرە با لەگەڵ خۆمانی ببەین و لەوێ لەباخەکەی خوادا بپشکوێتەوە.»
پەری دەوەنە گوڵەکەی هەڵکەند و لەبەر ئەوبیرکردنەوە میهرەبانانە منداڵەکەی ماچکرد. منداڵەکە کەمێک پێڵوی چاوەکانی هەڵێنا. گوڵەکانی تریش چنران، لەناو گوڵە تۆخ و تەنانەت سادە و بچووکەکانی گوڵی هەمیشەبەهار و وەنەوشەی کێویلە.
منداڵەکە وتی: «ئێستا دنیایەک گوڵمان هەیە» و فریشتەکە سەری ڕاوەشاند، بەڵام هێشتا بەرەولای خوا نەفڕیبوون.
شەو بوو، دنیا دەتوت ماستی مەیوە. ئەوان لەشارێکی گەورە مانەوە و بەسەر کۆڵانێکی تەنگەبەرو پڕلە کا، خۆڵەمێش و خۆڵ و خاشاکی فرەجۆردا فڕین. ڕۆژێک دوای گواستنەوەکە بوو، قاپی شکاو، شڕوشیتاڵ، کۆنەکڵاو، لەتکەو پەتکەی گەچ، چیتر هیچ شتێک سەرنجڕاکێش دەرنەدەکەوت، بەسەر شەقامەکەدا پەرشوبڵاوببوونەوە.
پەری لەناو خۆڵ و خاشاکەکەدا ئاماژەی بەگوڵدانێکی شکاو و تۆپەڵە قوڕێک کرد لێیهەڵڕژابووەدەرێ. تۆپەڵە قوڕەکە بەڕەگی گوڵێکی گەورە و پەژمووردە پێکەوە نوسابوو. هیچ کەسێکی دیکە نەیدەتوانی بەکاریبێنێت، بۆیە فڕێیاندابووە سەر شەقامەکە.
پەری وتی: «ئەوەش لەگەڵ خۆمان دەبەین. بەدرێژایی فڕین، چیرۆکت بۆدەگێڕمەوە.» دەفڕین و پەری چیرۆکی دەگێڕایەوە.
«منداڵێکی هەژار و نەخۆش، لەوکۆڵانە تەنگەبەر و لەژێر زەمینێکی تاریکدا دەژیا کە لەمنداڵییەوە لەسەر جێگا بوو. دواشت کە دەیتوانی بیکات، کاتێک حاڵی کەمێک باشتربوو، ئەوەبوو دووجار یان سێجار بەگۆچان بەژوورۆکەکەیدا بێت و بچێت. لە هاویندا تەنیا چەند ڕۆژێک تیشکی خۆر دەیتوانی بۆ نیوکاتژمێر یان کەمتر لەژێر زەمینەکە بدات. ئەوکاتە منداڵەکە دەیتوانی خۆی گەرم بکاتەوە و خوێنی سوری پەنجە ناسک و تا ڕادەیەک تیوارەکەی ببینێت کە لەبەر ڕوخساری ڕایدەگرتن. خەڵکەکە دەیانوت: ئەمڕۆ کوڕەکە توانی لەبەر خۆردا بێت.
چڵێکی بۆ هێنابوو.
تاکە شتێک کە دەربارەی دارستانە سەوز و هەوای پاکی بەهار دەیزانی، ئەوەبوو کوڕە دروسێکەیان چڵەدارێکی بۆ هێنابوو. لەسەر سەری دەیگرت و وایدەنواند لەناوەڕاستی دارستانێکی چڕدا دانیشتبێت، لەوێ خۆر دەدرەوشایەوە و باڵندەکان گۆرانیان دەوت.
ڕۆژێکی بەهار، کوڕەی دراوسێ چەند گوڵیکی کێویلەی بۆ هێناو بەڕێکەوت یەکێکیان بەڕەگەوە بوو! بۆیە ئەو گوڵەیان لە گوڵدانێکدا ڕوواند و لەسەر پەنجەرەکە لەپەنا جێگاکەی کوڕە دایاننا. بەخەمخۆری و خۆشەویستی دەستی میهرەبان، گوڵەکە گەشەی کرد، لقی دەرکرد و ساڵ بەساڵ گوڵی جوانی دەگرت. ئەم گوڵدانە بۆ کوڕە نەخۆشەکە باخێکی جوان و ڕازاوە بوو، تاکە گەنجینەی سەر ڕووی زەوی. ئەو گوڵەکەی ئاودەدا، خەمی دەخواردو دەیبینی هەر تیشکێکی خۆر، تەنانەت بچووکترینیان پێی دەگات، کە لە پەنجەرەکەوە لەژێر زەمینەکەی دەدا.
گوڵەکەی بەخەونەکانیەوە گرێدا، بۆی پشکووت، بۆنی بڵاوکردەوە و چاوەکانی گەشاندەوە. کاتێک باوکی ئاسمانی بانگی کرد، دوانیگای بەگوڵەکەدا گێڕا.
ساڵێکە چووەتەلای خوا و ساڵێکە گوڵەکە پەژمووردەیەو پشتگوێخراو لەسەر پەنجەرەکەیە بۆئەوەی ڕۆژی گواستنەوە کە ئەوانەیان فڕێدایەناو خۆڵ و خاشاکی سەر شەقامەکە. ئەوە هەمان گوڵی پەژمووردە و داماوە کە ئێستا خراوەتە سەر دەسکەگوڵەکەی ئێمە، چونکە ئەم گوڵە شادی و خۆشی بۆ تۆخترین گوڵەکانی باخی شاژن زۆر کردووە.
منداڵەکە چاوێکی بەو پەریەدا گێڕا هەڵیگرتبوو و پرسی: «بەڵام تۆ چۆن هەمووئەوشتە دەزانی؟»
پەری وتی: «دەزانم، چونکە من ئەومنداڵە نەخۆشە بووم بەگۆچان ڕێم دەکرد. زۆرباش گوڵەکەی خۆم دەناسم.»
پاشان کوڕە چاوەکانی هەڵێناو زەقاوزەق سەیری ڕوخسارە جوان و گەشاوەکەی پەری کرد و هاوکات، خۆیان لەبەهەشتی خوادا بینییەوە، ئەوجێگەیەی شادی و دڵخۆشی هەتاهەتایی بوو. خوا کوڕەی لەباوەش کرد و دووباڵی سپی گەورەی وەک پەری پێبەخشی و ئەوان پێکەوەفڕین. ئنجا خوا هەمووگوڵەکانی بەسنگییەوە گوشی، بەڵام گوڵە پەژمووردە سادەکەی ماچ کرد، کە ماوەیەک لەناو خۆڵ و خاشاکەکانی کۆڵانە تاریکەکەدا کەوتبوو. گوڵەکە دوا و پەیوەندی بەوکۆمەڵە پەرییەوە کرد بەدەوری خوادا دەفڕین، هەندێکیان نزیک، هەندێکیان دوورتر لەبازنەی فراواندا کە بێسنوور فراوانبوون، بەڵام هەموویان زۆر دڵخۆشبوون. هەموان لەگەورەترینەوە تا بچووکترین و لەمنداڵە چاک و پیرۆزەکەوە تا گوڵە وشکبووە داماوەکە کە لەمێژە لەناو سەرانوێلکی خۆڵ و خاشاکی کۆڵانە تاریکەکەدا کەوتبوو، گۆرانیان دەوت.