لەگەڵ هاتنی مانگی ڕەمەزان، یەکێک لەو پرسیارانەی زۆر ڕووبەڕووی پزیشکانی دڵ دەبێتەوە ئەوەیە: ئایا نەخۆشانی دڵ دەتوانن بەڕۆژوو بن؟ دکتۆر کاوە وسو، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دڵ و قەستەرە و باڵۆن، وردەکارییەکانی ئەم بابەتە بۆ چەند گروپێکی سەرەکی دەخاتە ڕوو.
1. سستی ماسوولکەکانی دڵ
د. کاوە ئاماژە بەوە دەکات کە بڕیارەکە بەپێی قۆناغی نەخۆشییەکە دەبێت:
• حاڵەتی ئاسایی: ئەوانەی لە سەرەتای نەخۆشییەکەن، کەمتر لە دوو جۆر دەرمان بەکار دەهێنن و هیچ نیشانەیەکیان نییە، دەتوانن بە ڕاوێژ لەگەڵ پزیشکی خۆیاندا بەڕۆژوو بن.
• حاڵەتی پێشکەوتوو: ئەوانەی زیاتر لە ٣ بۆ ٤ جۆر دەرمان دەخۆن و نیشانەکانیان هەیە، باشترە بەڕۆژوو نەبن. چونکە نەخواردنی ئاو بۆ ماوەی ١٥ کاتژمێر و تێکچوونی کاتی دەرمانەکان کاریگەری نەرێنی لەسەر تەندروستییان دەبێت.
2. فشارخوێنی بەرز (زەخت)
ئەو کەسانەی فشاری خوێنیان هەیە و لەژێر کۆنترۆڵدایە، دەتوانن بەڕۆژوو بن، بە مەرجێک پزیشکەکەیان کاتی دەرمانەکانیان بۆ ڕێکبخاتەوە. بەڵام ئەوانەی فشارخوێنەکەیان کۆنترۆڵ نییە و چەند دەرمانێک بەکار دەهێنن، پێویستە بەڕۆژوو نەبن تا ئەو کاتەی فشارەکەیان جێگیر دەبێت.
3. گیرانی دەمارەکان و جەڵتەی دڵ
ئەم گروپە یەکێکن لە هەستیارترین گروپەکان:
• ساڵی یەکەمی جەڵتە: هەر کەسێک لە ساڵی یەکەمی تووشبوون بە جەڵتەدا بێت، یان شەبەکە و باڵۆنی بۆ دانرابێت، نابێت بەڕۆژوو بێت. د. کاوە ڕوونی دەکاتەوە کە لەم ماوەیەدا ئەگەری خوێنمەیین لە شەبەکەکاندا هەیە و تەندروستیی نەخۆشەکە ناجێگیرە.
• دوای ساڵێک: ئەو کەسانەی زیاتر لە ساڵێکیان بەسەر جەڵتە یان نەشتەرگەرییەکەدا تێپەڕیوە، دەتوانن دوای ڕاوێژکردن بە پزیشکەکەیان بەڕۆژوو بن.
4. زەبحەی دڵ و سنگەکوژێ
هەروەک حاڵەتەکانی جەڵتە، ئەوانەی زەبحەی دڵیان هەیە یان تازە شەبەکەیان بۆ دانراوە، پێویست ناکات لە ساڵی یەکەمدا بەڕۆژوو بن بۆ ئەوەی دوچاری لێکەوتەی مەترسیدار نەبن.
5. تێکچوونی کارەبایی دڵ
لەم بارەیەوە پزیشکەکە دەڵێت: “تێکچوونی کارەبایی دڵ جۆری زۆرە؛ ئەگەر حاڵەتەکە ئاسایی بێت نەخۆش دەتوانێت بەڕۆژوو بێت، بەڵام هەندێک جۆریان پێویستییان بە چاودێری ورد هەیە و نابێت بەڕۆژوو بن”. هەر بۆیە هەر کەسێک کێشەی خێرا لێدانی دڵ یان تێکچوونی کارەبایی هەبێت، دەبێت تەنها بەپێی ڕێنمایی پزیشکی تایبەتی خۆی بڕیار بدات.
کورتەی ڕێنماییەکان:
کلیلی سەرەکی بۆ هەر نەخۆشێکی دڵ، ڕاوێژکردنە بە پزیشک پێش دەستپێکردنی ڕۆژوو، چونکە باری تەندروستی هەر کەسێک لە کەسێکی تر جیاوازە.

