سکرتێری گشتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان YNDK دەڵێت “ھاتنی سەرکردە و نوێنەر و بەرپرسانی وڵاتان و گرنگیدانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە سەرۆک مەسعود بارزانی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە هەموو لایەک دەزانن سەرۆک بارزانی مەرجەعی گەلی کوردستانە، ئەوانیش وەکو مەرجعی باڵای گەلی کوردستان مامەڵە لەگەڵ جەنابی سەرۆک بارزانی دەکەن و، ئەوە دەزانن کە سەرۆک بارزانی خاوەن بڕیار و ھەڵوێستە.”
غەفوور مەخمووری، سکرتێری گشتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان YNDK ڕایگەیاند “خوێندنەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەمریکا و وڵاتانی دراوسێ لە ماوەی ڕابردوو بۆ سەرۆک بارزانی گرنگە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە کوردستان مامەڵەیەکی تەندروست لەگەڵ سەرۆک بارزانی دەکات و وەکو مەرجەعی گەلی کوردستان و مەرجەعی ناوەندی سیاسیی گەلی کوردستان مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە سەرۆک بارزانی لەبواری سیاسی کۆمەڵێک پرەنسیپی جێگیری ھەیە، لەوانە سازشنەکردن لەسەر مافی گەلی کوردستان جا لە ھەر بەشێکی کوردستان بێت، ڕاستگۆیی لە سیاسەت و ھەڵوێستدا، ئەوانە خاڵی گرنگن، لەهەمان کاتدا خاوەن بڕیارە لەکاتی پێویستدا، هەروەها سەرۆک بارزانی کەسایەتییەکی مێژووییە و سیمبولی گەلی کوردستانە.”
غەفوور مەخمووری گوتیشی “سەرۆک بارزانی دوو تایبەتمەندی زۆر گرنگی تێدایە، ئەوانیش یەکەم کوڕی ڕێبەری گەورەی گەلی کورد بارزانی نەمرە، دووەمیش خاوەن کەسایەتییەکی کاریزماییە و بەدرێژایی تەمەنی خۆی پێشمەرگە بووە بۆ بەرگریکردن لە مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان و ھیچ کات سازشی نەکردووە، هەموو ئەمانە وایانکردووە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی دەوروبەر و بەشی زۆری لایە عێراقییەکانیش وەکو مەرجەعی باڵای گەلی کوردستان مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن.”
مەخمووری ڕوونیشی کردەوە: “لەماوەی ڕابردوودا لە کێشەکانمان لەگەڵ بەغدا، ھەموو لایەنە سیاسییەکانی بەغدا ڕوویان لە سەرۆک بارزانی کردووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و یەکلایی کردنەوەیان، قسەی کۆتایی لەبارەی پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان لای سەرۆک بارزانیە، ئەوەش ڕاستییەکە و کەس ناتوانی نکۆڵی لێ بکات، بۆیە پێویستە ھەموو لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان ھاوکاری سەرۆک بارزانی بن، لەبەرئەوەی لە هەر ماڵێکدا ئەگەر گەورەیەک نەبێت ئەو ئەو ماڵە بە باشی بەڕێوە ناچێت و سەرناکەوێت، کوردستان ماڵی گەورەی هەموو لایەکمانە و سەرۆک بارزانی گەورەی ئەو ماڵەیە، بەڵێ سەرۆک بارزانی ڕێبەر و مەرجەعی باڵای گەلی کوردستانە و پێویستە بەو جۆرە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت و خوێندنەوەی جیھانیش لەو ڕوانگەیەوە دروستە.”

