ڕێباز جانۆ
هەردووك لەتەك یەکدیدا دانیشتبوون، جیاواز لە هەمیشە کە بەرامبەر یەکدی دادەنیشتن. لەنێوان شانیاندا مەودایەکی کەم هەبوو، خۆ ئەوە بۆشایی نەبوو؛ بەڵکە تەمەنێکی درێژدادڕ بوو.
پەنجەرەیك لە بەرامبەریان بوو کە بەتەواوی نەکرابۆوە، ڕێك دەتگوت مەبەستیەتی هەموو شت نەبینی، هاوکاتیش سڵی دەکردەوە کە هەموو شتێك دابپۆشێت. شنەبایەکی سارد دەهاتە ژوورێ، پەردە خۆڵەمێشییەکەی کتومت ڕەنگی قژی داپیرەمی هەبوو، کۆتاجار کە لەبیری کرد سواغی قژی بدا خستبووە سەما؛ باپیرەم بەبێ ئەوەی تەماشای بکا، پرسیی:
ئەو دارەت بیرە؟
ئەویش نەیپرسی کام دارەی مەبەستە، تەنها سەرێکی لەقاند، واتدەزانی ئەم پرسیارە ئێستاکانە نەکراوە، بەڵکو تەمەنی پەنجا ساڵێك دەبێت و تا ئەلعانیش بەرسڤێکی بۆ پەیدا نەبووە. باپیرەم زەردەخەنەیەکی کرد و درێژەی دایێ:
ـ بڕیویانە.
ـ دەزانم، دوێشەو دەنگی تەورەکەم بیست، لەکاتێکدا کە نوستبوویشم.
بێدەنگی. .
شارەکە لە دەرەوەی پەنجەرەکەوە جموجۆڵی بوو:
ئۆتۆمبێلێك دەڕۆشت، منداڵێك بە هەموو هێزیەوە قاقای لێ دەدا و ژنێکیش قاووقیژی نابووەوە لەگەڵ خاوەنفرۆشگایەکدا.
بەڵام ئەمان، هەردووك هێمنانە داسەکیبوون، وەکوو بڵێی تەمەن بڕیاری دابێت قیچێك پشوو هەڵبداتە نێوانیانەوە.
لە پڕێکدا نەنەم پرسیی:
ـ ئەگەر کات بگەڕایەتەوە پاش، لەگەڵمدا هاوسەرگیریت دەکرد؟
باپیرەشم پێکەنینێکی گچکەی کرد، لە بزەیەکی دەستکرد دەچوو زێدەتر، دواجار وەڵامی دایەوە:
ـ پرسیارێکی درەنگکەوتوو.
ـ یانیش زۆر نوێ، زۆر تازە!
باپیرەم دەستی لە جێشاندانی کورسییەکەی نەنەم دانا، دەستی نەنەمی نەگرت، وەلێ هێندە نزیک کەوتەوە کە بگوترێ “هەوڵێك درا”.
ـ ئەگەر کات بگەڕێتەوە دواوە. .
درێژەی دایێ باپیرەم:
ـ هاوسەرگیریم لەگەڵت نەدەکرد. لەباتی ئەوە لە بن پەنجەرەکەدا دەمامەوە و لە دەرەوەوە تەماشام دەکردیت.
بۆ یەکەمین جار، ڕووی نەنەم بەرەو باپیرەم وەرچەرخا، نیگای هێندە توند نەمابوو، بەڵام ڕاستگۆیی لە چاویدا دەدرەوشایەوە، کونجکاوانە پرسیی:
ـ ئەی بۆ نەتدەکرد؟
ـ چونکە ژوورەوە گەرمتر بوو.
بێدەنگییەکە باڵی کێشایەوە بەسەر ژوورەکەدا. پەنجەرەکە زیکەزیکێکی نەرمۆڵەی دەکرد، شێوەیەکی سکاڵاکارانەی هەبوو.
نەنەم بە دەنگێکی نزمەوە، چون لە بن چاڵێکەوە بێت، پرسیی:
ـ دەزانی؟
ـ چی؟
ـ هەرگیز قسەمان لەسەر شتانێك نەکرد کە ڕوویان نەداوە!
باپیرەم ڕاچەنی: “ئەوانەی وا ڕوویان نەداوە، لە هەموو شت زیاتر ماندوویان کردم…”
دواتر نیگای بڕییە ئاسۆی دوور لە پەنجەرەکەوە، کتومت لە چەمەڕای کەسێك بێت وابوو.
ـ پەشیمانی؟
پاش دوودڵییەکی زۆر، کە بەئاوازەکەیەوە دیاربوو، کەوتە بەرسڤدانەوەی:
ـ نەخێر.
درێژەی دایێ:
ـ بەڵام من بیری ئەکەم.
نەنەم نەیپرسی کە بیری چی دەکات، ئەو دەیزانی، بۆیەش نەیپرسی، هەڵبەتە پێم وابێت. ساتێك دواتر باپیرەم بە شێنەیی هەستایە سەر پێ، ڕووەو پەنجەرەکە ڕۆشت، تەواو دایخست، نەنەم گوتی:
ـ لەمەودوا سەرما بۆ ئێمە نییە.
باپیرەم بەتەنها دانیشتبوو، ڕووەو پەنجەرە داخراوەکە ڕامابوو.
وێنەی ڕوخساری نەخشێنرابوو لەسەری، پیاوێکی پیر و تەنها.
لەو ئانەدا چوومە نێو ژوورەکە، بە دووی وێنە کۆنەکان دەگەڕام. گوتم:
“باپیرە، باپیرە.. کوا نەنەم؟”
ئاوڕی نەدایەوە و ڕووەو پەنجەرەکە گوتی:
ـ ساڵانێکە ڕۆشتووە، بەڵام هێشتا ئارەزوو دەکات لێرە دابنیشێت.
لە کورسییەکەی تەك باپیرەم نزیك بوومەوە، چۆڵ بوو. فرە ساردیش.
لەو ساتەیا تێگەیشتم، پەنجەرەکە بەسەر یادگارییەکاندا دەیڕوانی، نەك بەسەر دەرەوەدا.

