رۆژنامەی ھەولێر

باندێكی دزینی ماتۆڕسكیل دەستگیر كران

پۆلیسی راپەڕین دەستگیركردنی باندێكی دزینی ماتۆڕسكیلی راگەیاند كە لە ماوەی رابردوودا لە شاری رانییە هەڵسابوون بە دزینی چەند ماتۆڕسكیلێكی هاووڵاتییان.

پۆلیسی راپەڕین لەبارەی دەستیگركردنی تۆمەتبارەكان رایگەیاند: دوو هاووڵاتی سەردانی نووسینگەی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی ڕانیەیان کرد و سکاڵایان تۆمار کرد كە لە چەند شوێن و کاتی جیاوازدا لە شاری ڕانیە ماتۆڕسـكیلی دووتایەیان لێ دزراوە.

راشیگەیاند: هێزەكانمان لە نووسینگەی نـەهێشتنی تاوان لە ڕانیە توانیان ناسنامەی سێ تۆمەتبار ئاشكرا بكەن بە ناوەکانی (ئـ. ع. ش) و (د. د. م) و (ب. هـ. م) کە سەرجەمیان لە ڕەگەزى نێرن و نەوجەوانن، دواتریش سەرجەمیان دەستگیر كران.

پۆلیسی راپەڕین ئاماژەی بەوەش دا، تۆمەتباران دانیان ناوە بە تاوانەکەیان کە هەستاون بە دزینی دوو ماتۆڕسکیل کە هی سکاڵاکارانن، هەروەها دانیان ناوە بە دزینی دوو ماتۆرسکیلی دیكەش کە سەرجەم ماتۆرسکیلە دزراوەکان ژمارەیان چوار دانەن، هەر بە وتەی خۆیان ماتۆرسکیلەکانیان فرۆشتووە.