رۆژنامەی ھەولێر

بۆ یەکەمجار لەهەرێمی کوردستان ئافرەتێک بوو بە سەرۆکی دادگای هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ

ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی «ئێکس» بڵاوی کردەوە، کە لە چوارچێوەی دیدگای وەزارەتی ناوخۆ بۆ بەهێزکردنی ڕۆڵی ئافرەتان لە پێگە سەرکردایەتییەکاندا، عەمید «چرا ئەحمەد لەتیف» وەک سەرۆکی بەوەکالەتی دادگای هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ/٢ دەستنیشان کرا.

وەزیری ناوخۆ ئاماژەی بەوە کردووە کە عەمید چرا، یەکەم ئافرەتە لە مێژووی هەرێمی کوردستاندا کە ئەم پۆستە باڵایە وەربگرێت. ڕێبەر ئەحمەد وێڕای پیرۆزبایی لە عەمید چرا، ئەم پلەبەرزکردنەوەیەی بە شایستەیی ئەو ناوزەد کردووە و هیوای سەرکەوتنی بەردەوامی بۆ خواستووە.

ئەم بڕیارە وەک هەنگاوێکی گرنگی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەبینرێت بۆ بڕەودان بە تواناییەکانی ژنان لە کەرتی سەربازی و یاساییدا، بەتایبەت لەو پۆستانەی کە پێشتر تەنیا بۆ پیاوان قۆرغ کرابوون.