دیمانە: حەسەن حەمەد ئاندێکی
بەمەبەستی زیاتر ئاشنابوون بە رەوشی پەروەردە لە شارۆچکەی مەخموور، دیمانەکمان لەگەڵ نووسەر و تویژەر، هەڵگری بڕوانامەی دكتۆرا لەپەرەپیدانی مرۆیی د. سیروان حوسێن ئیسماعیل مەخمووری، بەڕێوەبەری پەروەردەی مەخموور، ئەنجامدا..
بارودۆخی گشتیی خوێندن لە قەزای مەخموور ئێستا چۆن هەڵدەسەنگێنرێت؟
سەرەڕای کەموکووڕی و، ململانێی سیاسی و ئیداری و سەربازی لە ناوچەكە، بەڵام رەوشی خوێندن لە قەزاكە لە بارودۆخیكی باشدایە، ئەمەش بۆ ئەو پاڵپشتییەی حكومەتی هەرێم و وەزارەتی پەروەردە دەگەڕێتەوە کە لە دانیشتوانی قەزای مەخموور دەیکات.
گرنگترین پلانی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە بۆ ئەم ساڵ تایبەت ئەم وەرزە چییە؟
ئێمە لە وەرزی دووهەمەوە دەستبەكار بووین بۆیە جارێ كار لەسەر پلانی ماوەكورت دەكەین ئەویش بۆ تەواوكردنی وەرزی دووهەمە و نەهێشتنی کەموکووڕییە لە ناوەندەكانی خوێندندا.
ناوچەکە چەند قوتابی و قوتابخانەی لێ هەیە؟
كۆی گشتی ژمارەی قوتابیان لە هەموو قۆناغەكانی خویندن دەگاتە 7800 قوتابی و ژمارەی باخچەی مندالان و قوتابخانە بنەرەتی و ئامادەییەكان ژمارەیان 79 قوتابخانەیە.
هەنگاوەکانتان چین بۆ بەرزکردنەوەی کوالیتی فێرکاری؟
هەندێ کەموکووڕی و كێشەی كەمیی میلاك و خانەنشینبوونی کۆمەڵە مامۆستایەک وای كردووە تەنها بیر لە پڕكردنەوەی بۆشایییەكان بكرێتەوە و، گوێ نەدرێتە كوالیتی؛ ئەوە لای ئێمە خاڵی گەوهەری و ستراتیژە بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی زانستی قوتابیان.
مامۆستا و پێگەی وانەوتنەوە، چۆن چاودێری دەکرێت؟
بەڕێوەبەری پەروەردە و یەكەی سەرپەرشتیار، بەدواداچوون دەکەن و، لە نزیكەوە ئاگاداری شیوازی وانەوتنەوە و كێشەی مامۆستاكانن لە ناوەندەكانی خوێندندا و، هەماهەنگییان لەگەڵدا دەکەن.
ئایا بەرنامەی فێرکردنی مامۆستایان (training) هەیە؟
تاڕادەیەك كراوە، بەڵام وەك پێویست نەبووە پێویستی بەزیاتر هەیە.
گەورەترین کێشەی پەروەردە لە مەخموور چییە؟
كێشەكانی پەروەردە كەمی میلاكات و بیناكان پێویستیان بە نۆژەنكردنەوە هەیە و پێویستە ئەوانەی لەسنوورەكە دادەمەزرین دانیشتووی ناوچەكە بن بۆ ئەوەی داوای گواستنەوە نەكەن.
قەرەباڵغیی پۆل تا چەند کار دەکاتە سەر کوالیتیی فێربوون؟
راستەوخۆ کار دەکاتە سەر پرۆسەی فێربوون؛ ئەوەی لە ناوەندەكانی خوێندن لە سنووری پەروەردەكەماندا بەدی دەكرێت تاڕادەیەك ژمارەی قوتابیان گونجاوە بە گوێرەی پێوەری جیهانی و عێراقی.
بەکارهێنانی تەکنەلۆجیا لە قوتابخانەکاندا تا چەند گەشەی کردووە؟ پلانتان چییە بۆ چوونە ناو فێرکردنی ئەلیکترۆنی، سیستەمی دیجیتاڵ و ئینتەرنێتی قوتابخانەتان هەیە؟
یەكێك لە خاڵە گرنگەكانی پێشخستنی پرۆسەی فێركردن بوونی تەكنیكارییەكانە لە پەروەردەی مەخموور پێویستە گرنگی زیاتر بەو لایەنە بدرێت و پاڵپشتی دارایی بۆ كڕینی لاپتۆپ و داتاشۆ و ئامێری تر بۆ گەشەكردنی پرۆسەی فیركردن.
جەنابتان لە بەڕێوەبەری قوتابخانە كراون بە بەڕێوەبەری پەروەردەی مەخموور، لەم سنوورە كە ژینگەیەکی ئاڵۆز و سیاسیە، شتێكی نۆرماڵە؟
زۆر نۆرماڵە بۆ ئەم پۆستە، بەندە زیاتر لە ١٠ سال بەڕێوەبەر بوومە؛ خاوەن بڕوانامەی ماستەر و دكتۆرام و خاوەن دەیان توێژینەوەی ئەكادیمیمە لە بوارە جیاجیاكاندا؛ لە كاتی وەرگرتنی پۆستەكە، شەقامی مەخموور بە هەموو رەنگە جیاوازەكانەوە پیرۆزبایییان ئاراستە كردین، ئەوەش بەڵگەیە كە ئێمە سوپاس بۆ خوا، قبووڵكراوین لە لایەن هەمووانەوە.
هاوکاریی خێزان و قوتابخانە چۆن دەبینن؟
لە ئاستێكی زۆر باشدایە؛ هەماهەنگن بۆ سەرخستنی پرۆسەی پەروەردە و فێركردن.
بۆ کەمکردنەوەی تەرکی خوێندن و، وازهێنانی قوتابیان چیتان کردووە؟
هەموو كاتێك هەوڵمان داوە قوتابی رابكێشین بۆ ناوەندەكانی خوێندن بەڵام هەندێ جار بە هۆی بوونی بارودۆخی خێزانی و دارایی هەندێك لە قوتابیان بۆ بژێوی ژیانیان واز دەهێنن بۆ ئەم كارە پێویستە ریكخراوەكانی کۆمەڵگای مەدەنی و كۆمپانیاكانی سنووورەكە هاوكارمان بن بۆ ریگەگرتن لەوازهێنانی قوتابیان هەرچەندە رێژەكەی زۆر كەمە بەڵام دەمانەوێت ببیتە سفر.
گرنگی ڕێنمایی دەروونی بۆ قوتابیان تا چەند لەبەرچاو گیراوە؟
تاڕادەیەكی مامناوەند بووە بەهۆی كەمی پسپۆرانی دەروونی لەناوەندەكانی خوێندن بەڵام هەوڵی زیاتری بۆ دەدەین.
بودجەی پەروەردە لە ناوچەکەدا، بە گوێرەی پێویستە یان نا، چی بکرێت باشە؟
هاوكارییەکی زیاتری پێویستە، چونكە ناوچەکە فراوانە و رووبەرێکی زۆرە؛ ژمارەی گوندەكان و پێكهاتەی تری نەتەوەیی وەك عەرەب ئەمانە پێویستی بەپاڵپشتی زیاتری هەیە.
ئایا لە ڕێکخراوەکان یان دامەزراوە ناحکومییەکانەوە هاوکاریتان بۆ دێ؟
لە ئاستێكی پێویست نیە.
پێویستییە سەرەکییەکانی ئێستاتان چییە؟
بینای خوێندن و، دامەزران.
چ پلانێکی درێژخایەن هەیە بۆ گەشەپێدانی پەروەردەی مەخموور؟
پلانی ستراتیژیمان هەیە خوای میهرەبان هاوكار بێت و هیچ رووداوێك لە ناوچەكەمان روو نەدات، چونكە هەموو كات قەزاكە چەقی ململانێكان بووە؛ بەڵێن دەدەین بە دانیشتووانی قەزاكە، پرۆسەی پەروەردە و فیركردن دەبەینە لووتكە و ئاستی زانستی بەرز دەكەینەوە.
دوا وتە و پەیامتان چییە بۆ قوتابیان، دایک و باوک و مامۆستایان؟
لە كۆتاییدا هەموومان بەیەكەوە وەك یەك تیم بۆ سەرخستنی پرۆسەی فێركاری لە قەزاكە كار دەكەین.

