رۆژنامەی ھەولێر

هەولێر؛ پایتەختێک لە سەقامگیری و سەروەری یاسا

ئەحمەد شاکر
زۆرن ئەو بوارانەی هەرێمی کوردستان دەیەوێت تیایدا بگاتە ترۆپک و هەنگاوی گەورە و کاریگەری بۆ نراوە، لەوانە؛ گەشتوگوزار، وەبەرهێنان، کشتوکاڵ، بواژانەوەی پیشەسازی ناوخۆیی، ڕێگاوبان، خزمەتگوزارییە گشتییەکان، پەروەردە و تەندروستی و…هتد، کە دەیان نموونەی پرۆژە لە هەر بوارێکیان لە بەردەستە، بەڵام ئەوەی هەوێنی هەموو ئەو بوارانەیە، سەقامگیری و چەسپاوی یاسایە.
لێرەدا بە دیاریکراوی دەتوانین هەولێری پایتەخت وەک نموونە باس بکەین، بە هۆکاری ئەوەی هەولێری ئێستا گەشەیەکی ئەوەندە گەورە و خێرای بە خۆیەوە بینیوە کە نموونەی لە وڵاتانی جیهان و ناوچەکە یان نییە یان هەشبێت زۆر دەگمەنە.
هەولێری پایتەخت، بە حوکمی ئەوەی ئێستا پایتەختێکی جیهانییە و لەگەڵ ناوی پایتەختە گەورەکانی جیهان باس دەکرێت، بووە بە لانکە و پەنای هەزاران هەزار ئاوارە و پەنابەری جیهان و ناوچەکە و باوەشی ئارامی ئەو شارە وایکردووە، لە هەرکوێیەکی ناوچەکە ستەمێک هەبێت دانیشتووانەکەی پەنا بۆ ئامێزی هەولێر دەبەن، بێگومان ئەمەش ڕێککەوت نییە. بەڵکو ئەمە بەهۆی ئەو سەقامگیریەوەیە کە بە شەونخونی هەزاران دڵسۆز و گیانلەسەر دەست بەدی هاتووە، ئەو سەقامگیرییە لە ناو ئەو جەنجاڵی و گەورەبوون و قەرەباڵغییە بەرهەمی حوکمڕانییەکی سەر ڕاست و لێزان و کارامەیە، حوکمڕانییەک کە بە جیددی کاری لەسەر سەروەری یاسا کردووە.
سەروەر بوونی یاسا، ڕەنگە بۆ وڵاتانی تەمەن سەرووی سەد ساڵ، ئەوەندە کاڵبووبێتەوە بە دەستکەوت ئەژمار نەکرێت، بەڵام کاتێک دەگاتە سەر باسی هەرێمێک و پایتەختێک کە لە سی یەکانی تەمەنێتی ئەوەندە دەستکەوتێکی گەورەیە لە ئاستی پەرجۆدایە. چونکە ولاتانی خاوەن ئەزموون و مێژوو قۆناغێکی پڕ شەکەتی و کێشمەکێشم و ململانێیان بەڕێکردووە تا گەیشتوون بەو ئامانجەی پێی دەوترێت “سەروەری یاسا” بەڵام سەروەر بوونی یاسای لە هەولێری پایتەخت بەرهەمی چەند ساڵێکی کەمی حوکمڕانی و خزمەتکردنە. بەڵام ئەوەندە هۆشیارانە و کاریگەرانە کاری لەسەر کراوە کە ئێستاکە یەکلایی بووەتەوە یاسا حوکمی شارەکە دەکات و هیچ تاوانبارێک ناتوانێت خۆی لێ بدزێتەوە و هیچ ماف خوراوێکیش نییە یاسا خۆی لێ بە خاوەن نەکات و دادگا و سەروەری یاسا بە هانایەوە نەچن.
بێگومان ئەم ڕەگداکوتاوییەی سەروەری یاساش لە هەولێری پایتەخت، بەشێکیشی دەگەرێتەوە بۆ پابەندی خەڵکی ڕەسەنی سارەکە بە کلتووری جوانی کۆمەڵایەتی و میواندۆستی و تێگەیشتنیان لە بەها بەرزەکانی ژیان و ژیاندۆستی و باوەڕبوونیان بە هەنگاوەکانی حکوومەتێک کە شەو و ڕۆژ لە خەمیدایە و فەرامۆشی نەکردووە.