ڕائیب جادر – هەولێر
ڕەوشی ناوچە کوردستانییەکان ڕۆژبەڕۆژ خراپتر دەبێت، لەڕووی ئەمنییەوە بارودۆخی ئەو ناوچانە خراپە، جموجۆڵی داعش تا دێت زیاتر دەبێت، ئەو خەڵکەی کە گەڕاوەتەوە لەبەر نەبوونی پڕۆژەی خزمەتگوزاری و بارودۆخی ئەمنی دووبارە دەگەڕێنەوە نێو کەمپەکان.
لەدوای ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ـەوە ھێزەکانی پێشمەرگە لەناوچە کێشە لەسەرەکان نەماون، سوپای عێراق نەیتوانیووە ئەو بۆشاییە پڕبکاتەوە کە بەھۆی کشانەوەی پێشمەرگە دروستبووە، بەرپرسانی عێراقیش گەیشتوونەتە ئەو بڕوایە بەبێ پێشمەرگە زەحمەتە ئارامی بۆ ناوچە کوردستانییەکان بگەڕێتەوە. بەرپرسانی ئەمنی، دەڵێن، بەجێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ کێشەی ئەو ناوچانە چارە دەبێت، دانیشتووانی ئەو ناوچانەش داوا دەکەن بۆ ئەوەی دۆخی ناوچەکانیان بە تەواوەتی ئاسایی ببێتەوە، پێویستە ھێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە ئەو ناوچانەی کە پێشتر لێ بووە.
عەرەبی ھاوردە ھەڕەشە لە کورد دەکەن، کە گوندەکانیان چۆڵ بکەن و زەوییەکانیش ڕادەستی ئەوان بکەن، کە ئەو زەوییانە سەدان ساڵە موڵکی کوردن و دەیانەوێت بە زۆر تەعریبیان بکەن، کوردیش ئەمە ڕەت دەکاتەوە.
نازم ئەحمەد، فەرماندەی پێشمەرگە، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: ھێزی پێشمەرگەی کوردستان سەلماندوویەتی تاکە ھێزی متمانە پێکراو و پارێزەری دانیشتووانی ئەم ناوچانەیە و ئەو ھێزەیە کە لە ھەر جێگایەکدا بێت ڕێکخراوی تیرۆرستی داعش ناتوانێت تێیدا بمێنێتەوە، بۆیە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان جەخت دەکاتەوە لە گرنگی و پێویستی زیاتری ھاوکاری و ھەماھەنگی لە نێوان ھێزی پێشمەرگەی کوردستان و سوپای عێراقی و ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش.
ئەو فەرماندەیە، دەشڵێ: ھێرشە بەردەوامەکانی تیرۆرستانی داعش لەو ناوچانەش دەرخەری ئەو ڕاستییەن کە ھێشتا ئەو ڕێکخراوە تیرۆرستییە ھەڕەشەیە لەسەر تەواوی عێراق و پێویستە ھەموولایەکمان کار بکەین بۆ ڕیشەکێش کردن و کۆتاییھێنان بەو ھەڕەشەیە.
کەمال شھاب، فەرماندەیەکی دیکەی پێشمەرگەیە، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی ڕاگەیاند، ھەندێک شوێن لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان بوونەتە مۆڵگە بۆ داعش بەھۆی ئەوەی ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقی لێ نییە، ئەوەش مەترسییەکی گەورەیە، چونکە داعش لەوێ خۆیان ڕێکدەخەنەوە و کردەوە ئەنجام دەدەن، جگە لەوەش ئەو ھێزە عێراقیانەی لە ناوچە کوردستانییەکانن، چەندین جۆرە ھێزن و بێ سەرکردایەتین و ھەر کەسێکیش بە ئارەزووی خۆی مامەڵە دەکات، گوندەکانیش بەردەوام لە ترسی داعش مەترسی چۆڵ کردنیان لەسەرە، ئەگەر چارەسەری بنەڕەتی نەکرێت، دۆخەکە خراپتر دەبێت، ڕۆژ بۆ ڕۆژ ئەو خەڵکەی کە گەڕاوەتەوە لەبەر نەبوونی پڕۆژەی خزمەتگوزاری و بارودۆخی ئەمنی دووبارە دەگەڕێنەوە نێو کەمپەکان.
ئەو فەرماندەی پێشمەرگە، ئەوەشی گوت: دەرکەوت نە حەشدی شەعبی، نە سوپای عێراق ناتوانن ناوچە کوردستانییەکان بپارێزن، بۆیە دەبینین ئێستا فەڕاغێکی ئەمنی زۆر گەورە دروست بووە، بەڕاستی مەترسی داریشە، دەبێت حکوومەتی فیدراڵی بە ھەماھەنگی حکوومەتی ھەرێم ھەوڵ بدرێت ھێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە ئەو ناوچانە، چارەسەری ئەو ناوچانەش بەوە دەبێت کە ماددەی ١٤٠ جێبەجێ بکرێت، بۆ ئەوەی ھەموو شوێنەکان بگرێتەوە، چونکە ئەگەر چارەسەری سیاسی کرا خەڵک تێگەیشت کێ ئیدارەی ئەو ناوچانە دەکات بریارە کۆتاییەکە درا لەڕووی سیاسییەوە لەڕووی ئەمنییەوە ھێزی پێشمەرگە دەتوانێت ئەو ناوچانە بپارێزێت.
ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی ھەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا چەند پرسێکی گرنگی پەیوەست بە ئاسایشی ناوچەکە و مەترسییەکانی تیرۆری خستەروو و ھۆشداریدا لە سەرھەڵدانەوە و زیادبوونی چالاکییەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش و گوتی: داعش ھێشتا ھەڕەشەیەکی بەھێزە، ئەو ڕێکخراوە لەم دواییانەدا لە ناوچە جیاجیاکانی عێراق و سووریا چالاکتر بووە، ئەوەش پێویستیی بە ھەماھەنگیی زیاتری ئەمنیی ھەیە بۆ ئەوەی تیرۆریزم لەناو ببرێت.
وەزیری ناوخۆی ھەرێمی کوردستان جەختی لە پاراستنی ئارامیی ناوچەکە کردەوە و ڕایگەیاند، پێویستە ھەموو ھەوڵەکان بۆ ئەوە بن کە عێراق و ھەرێمی کوردستان لە مەترسییەکانی شەڕ و ململانێکان دووربخرێنەوە، تاوەکو خەڵک لە ئاسایش و ئارامیدا بژین.

