سلێمان تاشان – ههولێر
دەستپێکردنی کێشە و قەیرانی مووچە و تەنگژەی دارایی لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٤ و لە مانگەکانی کۆتایی دەسەڵاتی نوری مالیکی کانیدی ئێستای سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆک وەزیرانی دوو خولی پێشتری عێراق بوو کە تا ئەم ساتەش وەک خۆی لێنەهاتۆتەوە و هیچ کام لەو سەرۆک وەزیرانانەی دوای نووری مالیکی لەسەر تەختی دەسەڵات دانیشتوون نەیانتوانیوە دۆخەکە بە تەواوی ئاسایی بکەنەوە.
ئێستا هەمان ئەو کەسە هاتۆتە مەیدان و لە لایەن فراکسیۆنی زۆرینەی شیعەکان لە پەرلەمانی عێراق بە تاکە کاندید بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق پاڵیوراوە، هەنگاوێک کە لە لایەن ئەمریکاوە بەتایبەتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی وڵاتەکە دژایەتی دەکرێت و داوای کردووە ئەگەر دەخوازن عێراق سەقامگیر بێت و پێوەندییەکی ڕێکوپێکی لەگەڵ واشنتن هەبێت ئەوەیە دووبارە هەڵنەبژێردرێتەوە.
ئەمە بووەتە گرێکوێرەی داهاتووی سیاسیی عێراق و حزبی دەعوە هیوادارە بە کۆکردنەوەی پاڵپشتی لە لایەنە سیاسییەکانی کوردستان گرێیەکە بکاتەوە و هەر بۆیەش سەرەتای ئەم هەفتەیە شاندێکی باڵای حزبەکە بە سەرۆکایەتیی عەباس بەیاتی سەردانی هەرێمی کوردستانیان کرد و لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆ بوونەوە.
حزبی دەعوەی عێراق کە باشتر لە کورد دەزانێت ڕۆڵی هەبووە لەوە قەیرانانەی لانی کەم لە دوازدە ساڵی ڕابردوو بەسەر کورددا هاتوون، هەر ئەو ڕۆژە عەباس بەیاتی لە لێدوانێکدا مێژووی پێش ڕووخانی بەعس و دواتر بیانتانی عێراقی نوێی بیر کورد هێناوەیەوە و باسی لەوە کرد کە لە یەک سەنگەردا کاریان کردووە و توانیان زۆر دەستکەوت بۆ عێراق بهێننە کایەوە و ئێستاش دەیانەوێت ئەو گەرەنتییە بە کورد بدەن کە دەستوور بە تەواوی جێبەجێ بکەن و کۆتایی بەو کێشانە بهێنن کە لە نێوان هەولێر و بەغدا بە هەڵواسراوی ماونەتەوە.
ئەوەی ئێستا لە عێراق ڕوو دەدات جیاوازە لە دۆخی پێشوو و سووربوونی دەعوە بۆ پاڵاوتنی نووری مالیکی دەستپێکردنی قەیرانێکی نوێی سیاسییە کە بەربینگی عێراقی گرتووە و دیار نییە لە ئەگەری نەکشانەوە و سەرکەوتنی نووری مالیکی بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمان چ شتێک چاوڕوانی داهاتوو و سەقامگیری عێراق دەکات، لە کاتێکدا هەوڵی ئەوە دەستی پێکردووە لە نێو چوارچێوەی هەماهەنگی کە بیر لە کاندیدی دیکە بکەنەوە.
ئەو نیگەرانییە لە نێو لایەنەکانی شیعە و چوارچێوی هاوئاهەنگیش هەیە و هەر چەندە زۆرینەیان پێیان باش بووە مالیکی بە کاندیدی کۆتایی خۆیان هەڵبژێرن.
شاندی دەعوە پێیان وایە کورد بەشێکی گرنگی عێراقە و دەبێت هاوبەشێکی سەرەکی بێت و فەرمانبەرانیشی هاوشێوەی هەموو فەرمانبەرانی عێراق مافیان پێ بدرێت.
کاتێک کورد گوێی لەو قسە شیرنانە دەبێت و کاتێکیش بە کردەوە هەست بە مامەڵەی بەغدا لەگەڵ خۆی دەکات، نازانێت متمانە بە کامەیان بکات، ئاخر هەموو ئەو حکوومەتانەش کە لە دوای نووری مالیکییەوە هاتوون هەر لە هەناوی دەعوە هاتوونەتە دەرەوە و حزبەکە هەژموون و سێبەری بەسەر هەموویاندا هەبووە و ئێستا ئەگەر کوردیش هیچ کێشەیەکی لەگەڵ مالیکی نەبێت ئەوا ئەمریکا دژی وەستاوەتەوە.
کورد هەموو کاتێک ڕێزی لە دەعوە و هەر لایەنێکی دیکەی سیاسیی عێراق گرتووە و دەستی هاوکاری و دۆستایەتی بۆیان درێژ کردووە، کورد فاکتەری سەرەکیی سەقامگیری و ئاشتی و بەدیهێنەری ئەو دستکەوتانە بووە لانی کەم لە دوو دەیەی ڕابردوو عێراقییەکان بەدییان هێناوە، بەڵام تێڕوانینی ئەوان بەرانبەر بە کورد بەم شێوەیە نەبووە.
وەک دەبینرێ هەڵاواردن بەردەوامە و تا هەموو فەرمانبەرێکی عێراق مووچە وەرنەگرێت وەزارەتی دارایی عێراق حسابی بۆ هەرێم نەکردووە و هەر جارە و بە بیانوویەک دژی شایستە داراییەکانی کوردستان وەستاوە و لە بواری دیکەی سەربازی، ئابووری، تەناهی و سیاسی بەغدا لە هەوڵی لاوازکردنی هەرێمی کوردستاندا بووە و ویستوویەتی قەوارەکەی بچووک بکاتەوە.
کێشەی کورد لەگەڵ بەغدا لە ڕاستیدا ئەوە نییە چوارچێوەی هاوئاهەنگی و دەعوە و لایەنەکانی دیکەی شیعە چ کەسێک دەکەنە سەرۆک وەزیرانی داهاتوو بەڵکوو ئەوەیە هەر کەسێک لەسەر ئەم کورسییە دادەنیشێت فەرق وجیاوازی لە نێوان عێراقییەکاندا نەکات و هەموو هەنگاو و سیاسەتێک بۆ لاوازکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان بەکار نەهێنێت، چونکە ئەم جۆرە سیاسەتە بەر لەوەی زیان بە کورد بگەیەنێت زیانی بە هەموو عێراق گەیاندووە و پێچەوانەی ئەو بنەما و بنچینانە بووە کە کە لە دەستووردا خراونەتەڕوو.

