فازڵ میرانی
هەرچەندە دەوڵەت لە ڕووی یاساییەوە کەسایەتییەکی مەعنەوییە، بگرە لە ڕیزبەندی یەکەمیش دایە، بەڵام ئەم پێگەیە نەک هەر ڕێگر نییە، بەڵکو وا دەخوازێت کە دەوڵەت لە ڕووی بوونەوە هاوشێوەی مرۆڤێکی ئاسایی بێت کە لە عەقڵ و کرداردا ساغ و دروستە. پێویستە دەوڵەت هەستیاریی بۆ “ئازار” و “ترس” هەبێت و خاوەن کاردانەوەگەلێک بێت کە خۆپاراستن، چارەسەر و سەلامەتییەکەی مسۆگەر بکەن.
هەندێک هەن، چ تاک بن یان سیستەمی حوکمڕانی، جیاوازی ناکەن لەنێوان سنوورەکانی “فشارخستنە سەر کەسانی تر” و سنوورەکانی “کەلەڕەقیکردن لە بەرگەگرتنی فشاری ئەوانی تردا”. تەنیا هەستکردن بە فشار، خۆی لە خۆیدا بەڵگەیە لەسەر هەبوونی دەمارە هەستیارەکان و نیشانەی ساغیی ئەو هەستەیە کە وەرگرە دەمارییەکان دەینێرن. بەڵام کاتێک فشار هەبێت و هیچ هەنگاوێک بۆ پاراستنی سەلامەتی نەنرێت، ئەوا ئەو کەسە یان ئەو سیستەمە بەدەست جۆرە نەفامییەکەوە دەناڵێنێت کە لەوانەیە ببێتە هۆی لەناوچوونی، یان وێرانبوونی بەشێکی.
مەترسیدارتر لەوەش ئەوەیە کە نەخۆشیی هەستنەکردن بە ئازار” –کە نەخۆشییەکی دەگمەنە– بگوازرێتەوە بۆ ناو سیستەمێکی سیاسی، ڕێک وەک ئەوەی تووشی ئەو کەسە ئاساییانە دەبێت کە هەڵگری ئەم نەخۆشییەن. لەم حاڵەتەدا جۆرە سڕبوونێکی بێ هەست لای تووشبووەکە بەرانبەر بەو ڕووداوە دروست دەبێت کە بەسەری هاتووە؛ لێرەدا چیتر نابێت سیستەمەکە بە “بەهێز” وەسف بکرێت، بەڵکو دەبێت بە “نەخۆش” ناو ببرێت.
دەتوانیت وێنای ئەوە بکەیت کە مانای چییە دەوڵەتێک بەدەست هەستنەکردن بەو مەترسییە ڕاستەقینەیەوە بناڵێنێت کە هەڕەشە لە بوونی دەکات؟ لەو کاتەدا ئازارەکە بۆ ئەو کەسانەی کە هەستیان ساغە دووقات دەبێتەوە، چونکە دەبینن دەسەڵاتدارانێکی سڕ و بێباک بەرەو مەترسی دەڕۆن، یان ڕاستتر بڵێین، ئەوانی تریش بەرەو مەترسی پەلکێش دەکەن.
تەنانەت کەسایەتییە مەعنەوییەکانیش پێویستیان بەوەیە پێداچوونەوە بە خۆیاندا بکەن و ئامرازەکانیان بپشکنن؛ ئەمە ئەرکێکی سەرشانیانە و بابەتێکی لاوەکی نییە.

