سەروان هەرکی
بەبۆنەی ھاتنی مانگی پیرۆزی رەمەزان گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی تەواوی موسلمانانی جیھان و کوردستان دەکەم، ئومێدەوارم ئەم مانگە پیرۆزە پربێت لە ئارامی و ئاسایش و خۆشبەختی بۆ ھەموومان، خوای گەورە رۆژوو نوێژ و عیبادەتەکانمان قەبول بکات و دڵەکانمان پر بکات لە ھیواو ئاسودەیی .
مانگی پیرۆزی رەمەزان یەکێکە لە خۆشترین و پیرۆزترین مانگەکانی ساڵ بۆ موسڵمانان لە سەرانسەری جیھان، ئەم مانگە بەرۆژووگرتن و نوێژ و عیبادەت و دەرگای بەخشندەیی تایبەتمەندە، بەلام جێی ئەسەفە لەم چەند سالانەی دواییدا دیاردەیەکی ناڕێک و نابەجێ و ناخۆش سەری ھەڵداوە کە خۆی لەگەڵ ھاتنی ئەم مانگە پیرۆزەدا دەردەخات ئەویش گرانبوونی نرخی بێ پێوەری کەلوپەل و کاڵاکانە لە بازاڕ کە لەلایەن ھەندێک سەرمایەدار و خاوەن کاری ناپەرپرس و بێ ویژدان دوور لەبنەماکانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام قۆرغ كراوە، گرانبوونی بازاڕ کێشەیەکی دووبارەیە ساڵانە لەگەل نزیک بوونەوەی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان زۆربەی کەلوپەل و کاڵاکان بەتایبەتیش پێداویستیە سەرەکیەکانی رۆژانە نرخیان بەرزبۆتەوە لەبری ئەوەی کە لەو مانگە پیرۆزەدا ھاوکاربن بۆ ئەوەی خەڵک تەنھا بیر لەجێبەجێ کردن و ملکەچبوونی خوای گەورە بکاتەوە فرۆشیارەکان زۆر بێ بەزەیانە دەلێن بۆیە نرخیان گرانبووە چونکە داواکاری زیاتر بووە ئەم گرانبوونە نەک ھەر کاریگەری لەسەر خێزانە ھەژار و کەم درامەتەکان ھەیە بەڵکو تەنانەت کاریگەری لەسەر دەروونی خاوەن ویژدانەکانیش جێ دەھڵێت .
بازرگانان و فرۆشیاران هەندێک بەبێ هیچ بیانووی ڕەوا، دەست بۆ بەرزکردنەوەی نرخەکان دەبەن. بەتایبەتی خواردەمەنیەکان گۆشت، برنج، ڕۆن، شەکر، پێداویستیەکانی تر تەنانەت سەوزە و میوە، هەموویان بەرەو گرانبوون دەڕۆن. ئەمەش واتای ئەوەیە کە خەڵکی ئاسایی بۆ ئامادەکاری بۆ مانگی پیرۆزی رەمەزان ناچارن بەھەر رێگایەک بێت پێداویستیەکانیان دابین بکەن، چەند ھۆکارێک دەبینم کەبونەتە ھۆی شێواندنی بازاڕ و بەرزبوونەوەی نرخەکان.
– لەیەکێک لەکەنالەکان بەروونی فرۆشیارێک ئاماژەی بەوە کرد کەبەرزبوونەوەی نرخ بەھۆی زیادبوونی داواکارییە بەداخەوە هەندێک بازرگان و فرۆشیارەکان بە پێی ئەوەی دەزانن خەڵکی لە ڕەمەزاندا زیاتر خواردەمەنی دەکڕن، بە بیانووی زیادبوونی داواکاری نرخەکان بەرز دەکەنەوە .
– کەمبوونی کۆنترۆڵی حکوومەت و لاوازی چاودێری لەلایەن دەزگا پەیوەندارەکانەوە دەرفەت بە هەندێک بازرگانی بێ ویژدان دەدات کە بەئارەزووی خۆیان نرخەکان دیاری بکەن .
– کۆکردنەوە، ھەندێک بازرگان کاڵاکان کۆدەکەنەوە بۆ ئەوەی کەمبوون لەبازاڕ دروست بکەن بەتایبەت لەکاتی ھەبوونی گرفت و سەرھەڵدانی کێشە و قەیران دواتر بە نرخێکی زۆر بەرز دەفرۆشنەوە .
ئەم گرانبوونە نەک هەر کێشەیەکی ئابوورییە، بەڵکو کاریگەری هەیە لەسەر ڕووحی پیرۆزی ئەم مانگە. خەڵکی لەبری ئەوەی سەرقاڵی عیبادەت و پەروەردەی ڕۆحی خۆیان بن، ناچار دەبن بیر لە چۆنیەتی دابینکردنی خۆراکی سەرەکی بۆ خێزانەکانیان بکەنەوە. ئەم دۆخە نالەبارە جیاوازە لەگەڵ پەیامی هاوبەشی و بەخشندەیی و لێبوردەی و بەزەیی کە لەو مانگە پیرۆزەدا پێمانی دەگەیەنێت.
بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم کێشەیە، پێویستە چەند هەنگاوێک بگیرێتە بەر لایەنە پەیوەندارەکان دەبێت چاودێری ورد بکات لەسەر بازاڕەکان و سزای توند بدات بە هەر کەسێک کە یاری بەنرخەکان بکات . دابینکردنی کاڵا بە نرخی گونجاو لە رێگەی کردنەوەی بازاری مەرکەزی لە ژێر کۆنترۆلی حکوومەتدا دەتوانێت یارمەتیدەر بێت. هەروەها ڕۆڵی ڕاگەیاندن گرنگە لە هۆشیارکردنەوەی خەڵک لە دژی کڕینی پێداویستی زیاتر کە خۆی دەبێتە هۆی زیادبوونی داواکاری.
لە کۆتاییدا، مانگی رەمەزان مانگی بەزەیی و بەخشینە، نەک مانگی قازانج و دەستکەوتی نایاسایی. پێویستە هەموومان ھەست بەرپرسیارەتی خۆمان بکەین و رێگە لەو دیاردە قێزەونە بگرین بۆ ئەوەی خەڵکی خۆمان بتوانێت پێداویستیەکانیان دابین بکات، داوا لەپەروەردگاری مەزن دەکەین وولاتمان لەھەموو ناخۆشیەک پارێزراو بکات جارێکی تر رەمەزانتان پیرۆز، خوای گەورە رۆژو عیبادەت و نزاکانمان قەبول بکات ھەر ئاوەدان بێت کوردستان .

