شێرکۆ حەبیب
هەر وەک ئاشکرایە حکوومەت نوێنەرایەتی دەسەڵاتی جێبەجێکردن دەکات کە بەرپرسیارە لە بەڕێوەبردنی دەوڵەت و ئۆپۆزسیۆنیش لەو پارتانە یان گروپانە پێکدێت کە بەشداری حوکمرانی ناکەن و ڕەخنە لە سیاسەتەکانی حکوومەت دەگرن و لە ڕێگەی میکانیزمی شەرعیەوە هەوڵی ڕاستکردنەوە یان گۆڕینی دەدەن. لە سیستەمی دیموکراسیدا ئۆپۆزسیۆن وەک “حکوومەتێکی سێبەر” مامەڵە دەکات، چاودێری ئەدای کارکردن و پەرەپێدانی شەفافیەت دەکات، بەو مەرجەی ئۆپۆزسێۆنێکی دروست و هەڵقوڵاوی جەماوەر بێت کە دەیانەوێت دەسەڵات بگۆڕن بۆ باشتر.
ئۆپۆزسیۆنی مانای ئەوە نییە کارەکانی حکوومەت هەمووی ڕەتبکاتەوە بەمەبەستی تەنیا دژایەتی حکوومەت و دوور لە خواستی هاووڵاتیان، هەروەک هەندێ لەو ئۆپۆزسیۆنانەی ئەمرۆ لە کوردستان بوونیان هەیە، کە بەهیچ شێوەیەک نوێنەرایەتی هاووڵاتیان ناکەن، بەڵکو بۆ بەرژەوەندی و مەرامێکی تایبەت و ئەجندای دەرەکی هەوڵدەدەن.
ئەوەی جێگای سەرنجە لە هیچ وڵاتێکی دونیا نەبووە بەشێک لە پێکهاتەی حکوومەت لەگەڵ لایەنێک کە بەناو بەخۆی دەڵێت ئۆپۆزسیۆن گفتوگۆ بکات و ڕەخنە لە دەسەڵات بگرن، کە لایەنێک خۆی دەسەڵات بێت، واتە خۆی ڕەخنەی لە ئەدای خۆی هەیە لە ماوەی حوکمرانی، بەڵام ئاساییە ئەگەر بۆ پێکهێنانی حکوومەت هەوڵ بدەن بەڵام دەبێ لە دەرەوەی دەسەڵات بێت نەک بەرۆژ دەسەڵات و بەشەویش ئۆپۆزسیۆن.
ئەوەی سەیر و سەمەرەترە ئەوەیە کورسییەکان هەژمار دەکەن بۆ پێکهێنانی حکوومەت دوور لە پارتی، کە خاوەنی زۆرترین دەنگ و کورسییە، دەشێ بێ پارتی حکوومەت پێکبهێنن و حوکمرانی کوردستان بکەن؟ ئەگەر ئەو توانایەن هەبووایە بێ یەک دوو جێبەجێیان دەکرد، بەڵام مەحاڵە بێ پارتی بتوانن یەک وەزیر دابمەزرێنن، ئەوە خەونی حوشرە.
لێرە پرسیارێکی دیکە دێتە ئاراوە، نەیان دەگوت ئەگەر کورسیەک و سەد کورسیمان هەبێ هیچ جیاوازی نییە، باشە کورسییەکانی پارتی بەرامبەر تێکڕای سەرجەم حزبەکانی دیکەیە، بۆ گرنگی خۆی نییە کە مەحاڵە بەبێ پارتی ئەو توانایەتان هەبێ حکوومەت پێکبهێنن ئەگەر سەد کورسیشتان هەبێت، ئەگەر وا بێ بۆ هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت.
ئەگەر رەخنەیەک هەبێ لە حوکمرانی لەسەرەتای دامەزراندنی حکوومەتی هەرێم، ئەوە سەرجەم لایانی بەشدار بوو رووبەڕووی ئەو رەخنانە دەبنەوە، هەر لایانەوە بەگوێرەی قەبارەی خۆی، ئاساییە پارتی پشکی زیاتری لەو رەخنە بەربکەوێت چونکە حزبی زۆرینەیە، بەڵام لەهەمان کات دەبێ ئەوەش بڵێین کەوا کارە خزمەتگوزاری و دابینکردنی ئاسایش و ئاوەدانی پشکی شێر بەر پارتی دەکەوێت.
هێز و قەبارەی حزبی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن لە کاتی هەڵبژاردن دەردەکەوێت، لە دوا هەڵبژاردنیش رووی راستیەکان بۆ هەموو لایەک روون بۆوە کەوا پارتی هێزی سەرەکییە نەک هەر لە کوردستان بەڵکو لەسەر تاپای عێراق، کە خاوەنی زیاتر لە یەک ملیۆن دەنگە، نەک هەر ئەوەش بەڵکو پارتی لە حزبێکی لۆکاڵی بۆتە حزبێکی نێودەوڵەتی لەسەر تاپای دەوڵەتە دیموکراسییەکان رێز و پگەی تایبەتی خۆی هەیە، بە تایبەتی هەوڵەکانی بۆ پێکەوە ژیان و ئارامی و وئاشتی و تەبایی کە ئەمەش لە دید و روانگەی سەرۆک بارزانی سەرچاوە وەردەگرێت نەک هەر لە کوردستان بەڵکو لە ناوچەکە و رێککەوتنەکانی ئەم دواییەی نێوان دەسەڵاتی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات ئەو راستیە دەخەنەڕوو کە سەرۆک بارزانی هەوڵەکانی چڕ دەکاتەوە بۆ ئاشتی و پێکەوە ژیان و سازش لە مافەکانی نەتەوەیی کورد و بەڵکو سەرجەم پێکهاتەکانی دیکە ناکات.
ئەمرۆش بارودۆخەکە لێکترازانی زیاتر لە نێو ماڵی کورد هەڵناگرێت بە هۆی رووداوەکانی ناوچەکە بۆیە گرنگە کورد هەڵە نەکات لە هاوکێشە ناوخۆیەکان و دەرکییەکان کە هەندێ لایەن هەوڵەکانیان چڕ کردۆتەوە بۆ شێواندنی ئەزموونی دیموکراسی کوردستان کە لە کاتێکدا ئەمرۆ لە هەموو کات زیاتر پێویستە کورد یەکڕیز بێت و کابینەی دەی حکوومەت لەسەر بنەماکانی دوا هەڵبژاردن پێکبهێنێت دوور لە ئەجندای دژ بە کوردستان، و دەبێ ئەو لایەنانە سود و پەند لە رابردوو وەربگرن، دەبێ ئەوەش بزانن پارتی ئەوەنییە کە ئەوان تێگەیشتوون، دەبێ ئەوەش لە یاد نەکەن کەوا پارتی حزبی زۆرینەیە و خاوەن جەماوەرێکی زیاتر لە یەک ملێۆنە.

