رۆژنامەی ھەولێر

پاراستنى زمانى دايك گەورەترين وەفا و گرنگترين ديارييه

بەكر كەریم حەسەن
(نیڵسۆن ماندێلا) تێكۆشەری ئاشتی و سەرۆكی پێشووی ئەفریقیای باشوور دەڵێ “ئەگەر لەگەڵ مرۆڤێكدا بە زمانێك بدوێیت كە تێیدەگات، قسەكانت دەچنە ناو مێشكیەوە، بەڵام ئەگەر بەزمانی دایكی لەگەڵی بدوێیت، قسەكانت دەچنە ناو دڵیەوە”.
زمانی دایك تەنها ئامرازێك و هۆكارێك نییە بۆ قسەكردن و دواندن، بەڵكو زمانی دایك ناسنامەیەكە و نابێت بزر بێت و زمانی دایك ناسنامەی نەتەوەیی و نیشتمانییە؛ كولتوور و مێژوی هەر گەل و میللەتێكە. هەموو ساڵێك لە 21ی شوبات جیهان یادی ڕۆژی نێودەوڵەتی زمانی دایك دەكاتەوە.
ئێمەش وەكو میللەتی كورد پاراستنی ئەو میراتە دەوڵەمەندەمان لە باب و باپیرانەوە بۆمان ماوەتەوە، پێویستە بە زیندوویی بیهێڵینەوە و بیپارێزین و فەرامۆش و پەراوێزی نەخەین، چونكە لەبیركردن و نەگرینگیدان بە زمانی دایك مردنی زمانی دایكە ئەوەش دەبێتە هۆی مردن و لەناوچوونی ناسنامە و ڕەگ و ڕیشەی نەتەوایەتیمان و مردنی شارستانیەت و لەناوچوونی جیهانبینیی تایبەت. پەیوەندیمان بە ڕابردوو و داهاتووی نەتەوەییمانەوە دەپچڕێ، هەرهەمووی؛ بۆیە گرنگە ئەوپەڕی گرنگی بە زمانی دایك بدەین. نابێ بیر لەوە بكەینەوە و تەنها هەوڵدانمان بریتی بێت لە قسەكردن بە زمانی بیانی و شاگەشكە بین و كاتێك دێڕێك یان چەمكێك بە زمانێكی بیانی لە هەر بۆنەیەكی فەرمی و نافەرمی دەردەبڕین ئەوە شەرمكردنە لە خۆ و خۆبچووككردنەوەیە، پێویستە هەردەم شانازی بە زمانی كوردییەوە بكەین و نابێ فەرامۆشی بكەین. زمانی كوردی خۆ هەر پیت و دەنگ نییە، بەڵكو پەناگە و شانازی مێژوومانە، هەموو داستان و چیرۆك و شیعر و سەرهەڵدان و خۆبەدەستەوەنەدان و بەرگری لە خەباتكردنی مێژووی میللەتی ئێمە لە ناو ئەو زمانەدا هەڵگیراوە و هەیە، لە هەمان كاتدا كۆڵەگە و بڕبڕەی پشتی نەتەوەكەمانە، گەر خوا نەخواستە بشكێت نەتەوە دەكەوێت.
ئەركی ئێمەیە بەهەموو لایەكمان زمانی پاراوی كوردی لە كوڕ وكۆبوونەوە و دانیشتنە فەرمی و نافەرمییەكان پەرەی پێ بدەین و بە زیندوویی و پتەوی بهێڵینەوە و قسەی پێ بكەین، هەڵەداوان و سەرەتاتکێی ئەوەمان نەبێت و بۆخۆدەرخستن وشەی بیانی تێكەڵی قسەكانمان بكەین و زمانی بیانییەكە وەكو مكیاژ بەكار بهێنین بۆ داپۆشینی بۆشایی فكری خود؛ ئەوە كوشتنی زمانی دایكە. مرۆڤی بەهێز ئەو كەسەیە كە زمانەكەی خۆی بەكار دەهێنێت بۆ فێربوونی هەموو جیهان، نەك جیهان بەكار بهێنێت بۆ وێرانكردنی زمانەكەی، لە بیرمان نەچێت ڕۆشنبیر و زانای ڕاستەقینە بە زمانی بیانی دەخوێنێتەوە، بەڵام بە زمانی دایكی زانستەكە دەگەیەنێتە نەتەوەكەی.
زمانی كوردی پێویستی بە پاڵپشتی كردنی زیاتر هەیە، پێویستە بە كوردی بنووسین و بە كوردی قسە بكەین و منداڵەكانمان فێری زمانی كوردی بكەین و ڕەسەنایەتی زمانی كوردی بپارێزین و سۆشیال‌میدیا پڕ بكەین لە زانیاری و زانست و هونەری كوردی بەبێ‌ زمانی كوردی ئێمە دارێكی بێڕەگ و بێسێبەر و بێبەرهەمین؛ كلیلی پیرۆزی زمانی كوردی وەكو گلێنەی چاومان بپارێزین.
ناكرێ ڕۆڵی پەروەردە بە هەند وەرنەگیرێ لە پاراستنی زمانی كوردیدا، چونكە پەروەردە بەردی بناغەی پاراستن و گەشەپێدانی زمانی دایكە؛ ئەگەر زمان لە ماڵەوە لەدایك ببێت و لە ناوەندەكانی پەروەردە و فێركردن گەورە دەبێت و باڵا دەبێت. ڕۆڵی پەروەردە لەو ڕووەوە تەنها فێربوونی پیتەكان نییە، بەڵكو بنیادنانی ناسنامەیە. توێژینەوە زانستییەكان دەریانخستووە كە منداڵ كاتێك بە زمانی دایكی دەخوێنێت خێراتر تێدەگات، چونكە هیچ بەربەستێكی زمانەوانی لە نێوان مێشك و زانیارییەكەدا نییە، هەروەها داهێنەرتر دەبێت. كاتێك مرۆڤ بەو زمانە بیردەكاتەوەكە پێی گۆش كراوە دەتوانێت گوزارشت لە ئاڵۆزترین هەست و بیرۆکەکانی بكات. پەروەردە ژینگەیەكە منداڵ قوتابی كە دەبینێت زمانەكەی لە كتێب و پرۆگرام و زانكۆكان بەكار دێت هەست بە شانازی و متمانەبەخۆبوونی زیاتر دەكات و هەوڵی پێشخستنی زیاتر دەدات. واتە پەروەردە كێڵگەیە، زمانی دایكیش ئەو تۆوەیە كە ئەگەر بە زانست ئاودێری بكرێت ئەوا نەتەوەیەک بە زیندوویی و سەربەرزی و شكۆمەندی دەهێڵێتەوە. پاراستنی زمانی دایك گەورەترین و گرنگترین دیارییە و پێویستە پێشكەشی نەوەكانی داهاتوو بكەین. لە هەمان كاتیشدا گەورەترین وەفایە بۆ دایك و باوك و باپیرانمان و خاك و نەتەوەمان.
وتارەكەم بە شیعرێکی مامۆستا (هەژار موكریانی)ـەوە كۆتایی پێ دەهێنم، لە كتێبی (چێشتی مجێور)دا دەڵێ:

زمانی دایك، ناسنامەی ژیانە، نیشانەی بوونی گەل و نیشتمانە.

زمانی دایك، ناسنامەی ژیانە، نیشانەی بوونی گەل و نیشتمانە