رۆژنامەی ھەولێر

هەڵبژاردنی پێشوەختە لــە تــوركــیا پــرســێكی گــرنگە

كارزان گلی – هه‌ولێر

هەڵبژاردنی پێشوەختە لە توركیا، پرسێكی گرنگە و لەلایەن سیاسییەكان و میدیاكانی توركیاوە باسی لێوە دەكرێت، ئەمەش دەبێتە تاكە رێگە تا رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا بتوانێت بۆ جاری سێیەم ببێتەوە بەربژێر.

بەگوێرەی دەستووری توركیا، هەر كەسێك بۆی هەیە دوو خول سەركۆماری توركیا بێت، لەوە زیاتر بۆی نییە خۆی بەربژێر بكاتەوە، ئەردۆغان دوو خولە سەركۆمارە، بۆی نییە ببێتەوە بەربژێر، بۆیە یاساناسانی سەر بە ئاكەپە، بەدوای رێگە چارەیەكدا دەگەڕێن تا بتوانن بۆ جاری سێیەم ئەردۆغان بكەنەوە بەبەربژێر.
كێشەی ئەردۆغان تەنیا بەربژێربوون نییە، ئەو دەیەوێت كاتێك دەبێتە بەربژێری هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی، بتوانێت سەركەوتوو بێت، واتە هەڵبژاردن بباتەوە، بۆ ئەمەشیان چاوی بڕیوەتە دەنگی كوردانی باكوور و دەم پارتی.
ئەردۆغان، دوو رێگەی لە بەردەمدایە تا بتوانێت بۆ جاری سێیەم ببێتەوە بە بەربژێر، رێگەی یەكەم هەمواركردنەوەی دەستوورە، واتە دەبێت لە كۆی ٦٠٠ پەرلەمانتار ٤٠٠ پەرلەمانتار بە بەڵێ دەنگ بە هەمواری دەستوور بدەن، رێگەی دووەمیش هەڵبژاردنی پێشوەختەیە.
بۆ هەموارکردنەوەی دەستوور، دەبێت روو لە دەم پارتی بكات، چونكە بەبێ دەنگی دەم پارتی ناتوانێت ٤٠٠ پەرلەمانتار كۆ بكاتەوە و ژمارەی پەرلەمانتارەكانی ئاكەپە و مەهەپە و چەند پەرلەمانتارێكی تر، كە لەناو پارتەكانی ترەوە چوونەتە ناو ئاكەپە دەگاتە ٣٤٥ پەرلەمانتار، بۆیە دەبێت دەم پارتی پشتگیریی بكات. بەگوێرەی ئەو شرۆڤەیەی سیاسییەكان كردویانە، دەم پارتی دەنگ دەدات بۆ هەمواری دەستوور و سێبارە بەربژێربوونی ئەردۆغان، بەتایبەت دوای ئازادبوونی عەبدوڵا ئۆجەلان كە ئێستا قسەی جیدی لەسەر دەكرێت، دەم پارتی نەك دەچێتە پاڵ ئەردۆغان، ئەگەر زۆرە بچێتە ناو هاوپەیمانیی كۆمارییشەوە.
بەڵام لەئەگەری ئەوەی دەم پارتی نەهاتنە ناو هاوپەیمانیی كۆماری، یاخود دەنگ نەدەن بۆ هەمواری دەستوور، ئەردۆغان ناچارە توركیا بباتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە.
ئەردۆغان بۆ ئەوەی پەرلەمان هەڵوەشێنێتەوە و توركیا بباتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختە، دەبێت ٣٧٦ پەرلەمانتار بەبەڵی دەنگ بدەن، جەهەپە كە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیایە، دەنگ بە هەڵبژاردنی پێشوەختە دەدات، چونكە پێیانوایە لە هەڵبژاردنی پێشوەختەدا، دەتوانن كورسی سەرۆكایەتی لە ئەردۆغان وەربگرنەوە.
چەند میدیایەكی توركیا پێیانوایە، تا پرسی بڕوانامەی ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆكی زیندانیكراوی شارەوانیی ئیستانبۆڵ یەكلایی نەبێتەوە، ئەردۆغان توركیا ناباتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختە، چونكە تاوەكوو ئێستاش ئیمامئۆغڵو، بەربژێری جەهەپەیە بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆكایەتی توركیا،
ترسی گەورەی ئەردۆغان لە ئیمامئۆغڵوە، چونكە لە دوو هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ئیستانبۆڵدا بەسەر بەربژێری ئاكەپە سەركەوت و بووە سەرۆكی شارەوانیی ئیستانبۆڵ.
بەتۆمەتی ئەوەی گەندەڵی لە شارەوانیی ئیستانبۆڵدا كردووە، ماوەی ساڵێكە ئیمامئۆغڵو دەستگیر كراوە، بروانامەكەشی لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵای توركیا رەتكرایەوە، بەبەهانەی ئەوەی ئەوكاتەی ئەو بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لە قوبرس بەدەستهێناوە، ئەو زانكۆیە قبوڵكراو نەبووە لە توركیا، بۆیە رەتكرایەوە.
دۆسیەی بڕوانامەی ئیمامئۆغڵو لە دادگایە و تاوەكوو ئێستا بڕیاری كۆتایی لەبارەوە نەدراوە، چونكە جەهەپە داوای كردووە دادگا ئەو پرسە یەكلایی بكاتەوە.
ئەردۆغان دەیەوێت مەترسی ئیمامئۆغڵوی لەكۆڵ بێتەوە ئەوكات بچێتە ناو هەڵبژاردن، چونكە ئەگەر ئیمامئۆغڵو بەربژێر بێت، ئەگەری بردنەوەی زۆرە.