رۆژنامەی ھەولێر

ڕشانەوە و سکچوون لە کاتی دووگیانیدا؛ مەترسییەکانی پشتگوێخستن و کاتی پەنابردن بۆ پزیشک

ئەژین عەبدوڵڵا – هەولێر

قۆناغی دووگیانی یەکێکە لە هەستیارترین قۆناغەکانی ژیانی ئافرەت، کە تێیدا پاراستنی هاوسەنگیی جەستەیی دایک ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی لەسەر تەندروستی کۆرپەلە دەبێت. یەکێک لەو گرفتە باوانەی کە زۆرجار ڕووبەڕووی خانمانی دووگیان دەبێتەوە، تێکچوونی کۆئەندامی هەرسە، بەتایبەت حاڵەتەکانی ڕشانەوە و سکچوون.

د. کەژان کاوە تەها، دکتۆرا لە نەشتەرگەری و نەخۆشییەکانی ژنان و منداڵبوون و نەزۆکی، هۆشداری دەدات لەوەی کە ئەم نیشانانە ئەگەر بەردەوام بن، نابێت وەک گرفتێکی ئاسایی تەماشا بکرێن، چونکە دەبنە هۆی دروستبوونی زنجیرەیەک ئاڵۆزیی مەترسیدار.
مەترسییە سەرەکییەکانی وشکبوونەوە
بەپێی وتەکانی د. کەژان، گەورەترین مەترسی کە ڕووبەڕووی خانمی دووگیان دەبێتەوە لە کاتی ڕشانەوە و سکچوونی بەردەوامدا، بریتییە لە “وشکبوونەوەی توند”. ئەم حاڵەتە دەبێتە هۆی:
• لەدەستدانی شلە و خوێیە گرنگەکانی وەک (پۆتاسیۆم و سۆدیۆم).
• کەمبوونەوەی ڕێژەی میز، سەرگێژخواردن، لاوازی و وشکبوونەوەی دەم.
• کاریگەری نەرێنی لەسەر سوڕی خوێنی کۆرپەلە و دابەزینی کێشی دایک.
ئاڵۆزییەکان بۆ کۆرپەلە و دایک
دکتۆر کەژان ئاماژە بەوە دەکات کە لەدەستدانی هاوسەنگی شلەکان تەنها کاریگەری لەسەر دایک نییە، بەڵکو مەترسییەکان دەگەنە کۆرپەلەکەش، لەوانە:
1. لەدایکبوونی پێشوەختە: زیادبوونی ئەگەری زایین (منداڵبوون) پێش وادەی دیاریکراو.
2. بەدخۆراکی: کەمبوونی ئەو ماددە خۆراکیانەی دەگەنە کۆرپەلە و سووکەڵەیی (کێشی کەمتر لە ئاسایی) لە کاتی لەدایکبووندا.
3. لەکارکەوتنی گورچیلە: لە حاڵەتە زۆر توندەکاندا، وشکبوونەوەی زۆر دەبێتە هۆی مەترسی لەسەر کارکردنی گورچیلەکانی دایک.

کەی پێویستە دەستبەجێ پەیوەندی بە پزیشکەوە بکرێت؟
خانمانی دووگیان دەبێت زۆر وریای نیشانەکان بن. د. کەژان جەخت دەکاتەوە کە ئەگەر ڕشانەوە و سکچوون بۆ ماوەی ٢٤ بۆ ٤٨ کاتژمێر بەردەوام بوو، یان ئەم نیشانانەی خوارەوە دەرکەوتن، پێویستە بەپەلە چاودێری پزیشکی وەربگیرێت:
• تای بەرز و هەستکردن بە بێهێزییەکی زۆر.
• بینینی خوێن لە ڕشانەوە یان پیساییدا.
• کەمبوونەوەی جووڵەی کۆرپەلە یان نەمانی (بەتایبەت دوای هەفتەی ٢٤ی دووگیانی).
• سەرەگێژەی توند کە بگاتە ئاستی بێهۆشکەوتن.
• ئازاری توندی سک یان گرژداگەڕانی بەردەوامی منداڵدان.
د. کەژان کاوە تەها ئاماژە بەوەش دەدات كە چارەسەری پزیشکی خێرا و قەرەبووکردنەوەی شلەکان، تەنها پاراستنی تەندروستیی دایک نییە، بەڵکو ڕزگارکردنی ژیانی کۆرپەلەکەشە لە ئاڵۆزییە نەخوازراوەکان.