عارف ڕوشدی
هیوادارم بە وردی بیر لەم کردەوانەی بەغدا و هەڵوێستی هەندێ حزبی کوردستانی بکەنەوە:
فشاری ئابووری و دارایی بەغدا (ڕاگرتنی بودجە و ناردنی مووچە بە منەت و وەک هاووڵاتیی پلە دوو، دوای کۆتاییهاتنی دابەشکردنی مووچەی تەواوی پارێزگاکان)، ڕێگری لە هەناردەکردنی بەرهەمی جووتیاران و خاوەن پیشەسازییەکانی کوردستان ئەگەر سەرانەیەکی (خاوە) پێ نەدرێت، سەپاندنی سیستمی (ئەسیکودا)، وەرگرتنەوەی پێگەی باڵای سەربازی (سەرۆکی ئەرکان) و ڕاگرتنی ڕێنوێنییەکانی جێبەجێکردنی ماددەی (١٤٠).
بەرامبەر بە هەموو ئەم پێشێلکارییانە، بێجگە لە فراکسیۆنی پارتی، هیچ فراکسیۆنێکی دیکەی کوردی هەڵوێستیان نەبووە و بێدەنگییان هەڵبژارد؟
لە هەمان کاتیشدا، لە کوردستان خەریکی پێکهێنانی هاوپەیمانیی گوماناوین؛ لە سەردان و کۆبوونەوەدان لەگەڵ هەر کەس و دەستە و گرووپێک کە بە ڕۆژی ڕووناک دژی هەرێمی کوردستانن. بەداخەوە لە ژێر هەژموونی خۆپەرستی و باڵادەستکردنی هێزە نەیارەکانی گەلەکەمان، بەرامبەر خواستی خەڵک و بوونی هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی شایەستەدا زۆر بێباکن و دوور لە هەر بەرپرسیارییەتییەکی کوردستانی هەڵسوکەوت دەکەن!

