رۆژنامەی ھەولێر

کۆمپانیای نەوتی باکوور ڕوونکردنەوەیەک سەبارەت بە ڕووداوەکەی وێستگەی “باجوان” بڵاوکردەوە

دوای کەوتنەوەی ئاگرێک لە وێستگەی پەستانی گازی (AB2) لە ناوچەی باجوان بەهۆی گرفتێکی تەکنیکییەوە، کۆمپانیای نەوتی باکوور کۆنترۆڵکردنی تەواوی ئاگرەکە و دەستپێکردنی کارەکانی چاککردنەوەی بۆرییەکە ڕادەگەیەنێت.

ئەمڕۆ شەممە، کۆمپانیای نەوتی باکوور، ڕایگەیاند کە تیمەکانی بەرگری شارستانی توانیویانە ئاگرێک لە نزیک وێستگەیەکی گازی ناوچەی باجوان کۆنترۆڵ بکەن کە بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکییەوە کەوتبووەوە، هاوکات دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییان کە هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەی کۆمپانیای نەوتی باکووردا هاتووە: “بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، کاتژمێر 3:20 خولەک، بەهۆی گرفتێکی تەکنیکی و دزەکردنی گاز لە سیستەمی پێوەرەکانی وێستگەی پەستانی گازی (AB2) لە ناوچەی باجوان، ئاگرێک لە تەنیشت وێستگەکە کەوتەوە.”

ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، کە دەستبەجێ بەپێی پلانی فریاگوزاریی پەسەندکراو مامەڵە لەگەڵ ڕووداوەکە کراوە و تیمەکانی سەلامەتی و ئاگرکوژێنەوە توانیویانە لە کاتژمێر 5:00ی بەیانی سەرچاوەکانی گازەکە دابخەن و لە کاتێکی پێوانەییدا ئاگرەکە بە تەواوی کۆنترۆڵ بکەن.

کۆمپانیاکە جەختی لەوە کردووەتەوە کە ڕووداوەکە هیچ زیانێکی گیانی و برینداری لێنەکەوتووەتەوە و تیمە پەیوەندیدارەکان دەستیان بە کارەکانیان کردووە بۆ چاککردنەوەی بۆرییەکە و گەڕانەوەی بۆ باری ئاسایی.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، کۆمپانیای نەوتی باکوور دڵنیایی دەداتە هاووڵاتیان کە دۆخەکە لەژێر کۆنترۆڵی تەواودایە و سەرجەم دامەزراوەکان بەپێی ڕێکارە ستانداردەکانی سەلامەتیی پیشەسازی کار دەکەن، هەروەها هەموو هەنگاوێکی پێویست گیراوەتە بەر بۆ پاراستنی گیانی کارمەندان لە شوێنی ڕووداوەکە.