رۆژنامەی ھەولێر

لە عەنکاوە: رۆژی جیهانی زمانی دایک بەبەرزی راگیرا

رۆژی 21ی شوبات لە لایەن یۆنسکۆوە بە ناوی ‘ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک’ دیاریکراوە، بەم بۆنەیەوە ئانۆ جەوهەر وەزیری گواستنەوەو گەیاندن و ئایدن مەعروف وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان و ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێرو ئاریان سەلاحەددین بریکاری وەزارەتی رۆشنبیری و هێمن قادر جێگری پارێزگارو قائیمقامی قەزای عەنکاوە بەوەکالەت و فەرهەنگ غەفور بەرێوەبەری گشتی رۆشنبیری و هونەری سریانی بە وەکالەت و کلدۆ و جونسۆن ئەندامانی پەرلەمانی عیراق و هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک کەسایەتی و بەرپرسی سریانی، ئامادەی مەراسیمێکی تایبەتی بەرێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری سریانی بوون، کە بەو بۆنەیەوە لە هۆڵی مۆزەخانەی کەلەپووری سریانی بەرێوە چوو ..

لەو چالاکیەدا ئاماژە بە گرنگی پاراستنی زمانی زگماکی دایک کرا، ئەوە دووپاتکرایەوە کە زمانی هەر نەتەوەیەک تەنیا میراتی ئەو نەتەوە نییە کە پێی دەدوێ، بەڵکو میراتی مرۆڤایەتییە و پاراستنی لەفەوتان، پاراستنی فەرهەنگ و کەرامەتی کۆمەڵگای جیهانییە.
نەتەوەی کوردیش قوربانی زۆر و شۆرشی لە پێناو مانەوەی زمانی دایک هەڵگیرساندووە، تەنانەت یەکێک لە دەستکەوتە هەرە گرنگەکانی رێکەوتنی یازدەی ئادار بە سەرکردایەتی بارزانی نەمر، بریتی بوو لە پاراستن و چەسپاندنی زمانی دایک …
هاوکات هەر بەو بۆنەیەوە وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندن و وەزارەتی کاروباری پێکهاتەکان بە هەماهەنگی یەکتر، پرۆژەی چاپکردنی شەش پوولی پۆستەی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان راگەیاند کە گوزارشت لە شەش زمانی زیندووی پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان دەکات.
هەر لەو مەراسیمەدا فلمێکی هونەری، دۆکیۆمێنتاری تایبەت بەو بۆنەیە و شایی و نمایشی سریانییەکان پێشکەشکرا …