رۆژنامەی ھەولێر

لە سۆران پێنجەمین ڤیستیڤاڵی بەفر لە چیای كۆڕەك بەڕێوە چوو

ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر

بە بەشداریی یاریزانانی بیانی، پێنجەمین ڤیستیڤاڵی بەفر لە چیای كۆڕەك دەستی پێ كرد.
بە چاودێری و سەرپەرشتیی بەڕێز هەڵگۆرد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری ڕواندز، پێنجەمین خولی ڤیستیڤاڵی بەفر لەسەر چیا گەشتیارییەکەی كۆڕەك بەڕێوە چوو.
لە ڤیستیڤاڵەكەدا كە بە ئامادەبوونی جێگری سەرپەرشتیار، قایمقامەكانی سنووری ئیدارەی سۆران و بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری سۆران بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەكان، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری رواندز و ژمارەیەكی بەرچاو لە گەشتیاران و میوانان ساز كرا، چەندین چالاكیی وەرزشیی سەرنجڕاكێش ئەنجام دران.
دیارترین بڕگەكانی ڤیستیڤاڵەكە بریتی بوون لە نمایشەكانی خلیسكێنەی سەر بەفر (سكی) و فڕین بە پەڕەشوت (پاراگلایدەر).
جێگای ئاماژەیە، لەم خولەدا جگە لە یاریزانانی ناوخۆیی، ژمارەیەك یاریزانی بیانیش بەشدارییان كردووە و بە هونەر و تواناكانیان جوانییەكی تایبەتیان بە كەشی ڤیستیڤاڵەكە بەخشیوە.
ئامانجی سەرەكیی ئەم چالاكییە ساڵانەیە، برەودانە بە كەرتی گەشتیاریی زستانە و ناساندنی زیاتری سروشتی دەڤەری سۆران و ڕواندز بە گەشتیاران.