مامەیارە ئەحمەد – هەولێر
لە چوارچێوەی یارییەكانی پاڵەوانێتی تێنس بۆ ئاستەكانی خوار 16 ساڵان لەسەر ئاستی عێراق، دوو تێنسزانی كوردی شارەكانی هەولێر و دهۆك هەریەكەیان لە ئاستی خۆیان پلەی دووەمیان بەدەستهێنا.
مەزن هێمن، ئەستێرەی فیدراسیۆنی تێنسی هەولێر لە ناوەراستی ساڵی رابردوو لە بەغدا پلەی دووەمی لە پاڵەوانێتی جادرییە بەدەستهێنا، لەم هەفتەیەدا دیسان لە بەغدا پلەی دووەمی لە پاڵەوانێتی تێنس بۆ خوار 16 ساڵان بردەوە و بلیتی بەشداریكردنی لە پاڵەوانێتی تێنسی دێڤز مسۆگەر كرد.
مەزن هێمن تێنسزانی لاوی کورد پێشتر بلیتێکی بەشداریکردنی لە پاڵەوانێتی ماستەری تێنسی عەرەبی بەدەستهێنا كە تێیدا لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق لە بەحرەین بەشداریی لە پاڵەوانێتییەكە كرد و ئاستێكی بەرزی پێشكەش كرد.
لە لایەكی دیكەیشەوە، تێنسزانە بچووكەكەی دهۆك (وەرار هەوار حەجی) لە ئاستی ژێر 13 ساڵان پلەی دووەمی لەسەر ئاستی عێراق بەدەستهێنا و بەشداریكردنی لە پاڵەوانێتییەكی نێودەوڵەتی مسۆگەر كرد.

