شاندێکی سەرۆکایەتیی هەرێم سەردانی لایەنەکان دەکات

دوێنێ، شاندێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، کە پێکهاتبوون لە؛ فەوزی ھەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێم و دڵشاد شەھاب، راوێژکاری سەرۆکی هەرێم، سەردانی مەکۆی بزووتنەوەی گۆڕانیان کرد لە هەولێر و سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردن و وەرگرتنی بۆچوونی بزووتنەوەکە لەو بارەیەوە کۆبوونەوە.

لەدوای کۆتایی هاتنی کۆبوونەوەکەش، دڵشاد شەهاب لە شاندی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، بە میدیاکانی ڕاگەیاند؛ بابەتی ھەڵبژاردن پێویستی بە کۆدەنگی و سازان ھەیە و دەمانەوێ بۆچوونی لایەنەکان بزانین لە بارەی پرسی ھەڵبژاردن.
دڵشاد شەهاب، گوتی؛ شاندێکی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان سەردانی لایەنە سیاسیەکان دەکات و مەبەست لە سەردانەکە وەرگرتنی بۆچوونی لایەنەکانە لە بارەی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، چونکە بابەتی ھەڵبژاردن پێویستی بە کۆدەنگی و سازان ھەیە و دەمانەوێ بۆچوونی لایەنەکان بزانین لە بارەی پرسی ھەڵبژاردن، تا بزانین وەک سەرۆکی ھەرێم و سەرۆکایەتی ھەرێم تا چ ئاستێک ھاوکاربێت بۆ زەمینەسازی لە بارەی ھەڵبژاردن”.
لای خۆیشیەوە، کاردۆ محەمەد، وەک نوێنەری بزووتنەوەی گۆڕان، لە دوای کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ شاندی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، ئەوەی ڕاگەیاند، بزووتنەوەی گۆڕان لەگەڵ ئەوەدایە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی خۆیدا بەڕێوە بچێت.
کاردۆ محەمەد، گوتی؛ بزووتنەوەی گۆڕان بە پێویستی دەزانێت، هەڵبژاردن وادەی خۆیدا بکرێت، بەڵام یاساکە لە خزمەتی بەهێزکردنی پەرلەمان و هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد دا بێت، ئێمە پێمانوایە دەبێ یاسای هەڵبژاردن بەشێوەیەک بێت، کە خەڵکی خاوەن بڕیاری سیاسی بێنە ناو پەرلەمان، بۆ ئەوەی پەرلەمان بەهێزبێت”.
گوتیشی؛ لە رووی یاساییەوە سەرۆکایەتی هەرێم پەیوەندیدارە بەوەی رۆژی هەڵبژاردن دیار بکات”.
کاردۆ محەمەد، نوێنەری بزووتنەوەی گۆڕان، هەر سەبارەت بە کۆبوونەوەیان لەگەڵ شاندەکەی سەرۆکایەتیی هەرێم، باسی لەوەکرد، لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە بوونی دەستورێکی هاوچەرخ و دیموکراتی بۆ هەرێمی کوردستان پێویستە.
وا چاوەڕوان دەکرێت، شاندەکەی سەرۆکایەتیی هەرێم، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، سەردانی لایەنە سیاسیەکانی دیکەش بکات و لەسەر هەمان پرس ڕاوێژیان لەگەڵ بکات.
تا ئێستا پارتی دیموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان بە ڕاستەوخۆیی ئەوەیان ڕاگەیاندووە کە دەبێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە وادەی خۆیدا بکرێت، بەڵام هەندێک لایەنی دیکە سەرەڕای ئەوەی دەڵێن لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنین. بەڵام مەرج و داواکاریان هەیە سەبارەت بە یاسای هەڵبژاردن و پەرلەمانیش پێ ناچێت بتوانێت لەوادەیەکی کەمدا بتوانێت هەمواری یاساکە بکاتەوە و بەوشێوەیەش ئەو داواکارییەی لایەنەکان دەچێتە چوارچێوەی دواخستنی هەڵبژاردنەوە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ.

ھەواڵی زیاتر