کاتی کەم لەبەردەم کۆمیسیۆندا ماوە و دەبێت پەلە بکرێت لە بڕیاردان

دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە مانگی ئەیلوولی ساڵی ٢٠١٨ـدا کراوە و تەمەنی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان هێندەی نەماوە تەواو ببێت و بە پێییاسای کارپێکراو لە کۆتایی ئەیلوولی ئەمساڵدا تەمەنی پەرلەمان تەواو دەبێت، هەر بۆیەش هەوڵەکان دەستی پێ کردووە تا کۆتایی بە ناکۆکی لایەنە سیاسییەکان لەسەر پرسی هەڵبژاردن بهێنرێت و لە کاتییاسایی خۆیدا هەڵبژاردن بەڕێوە بچێت.

بەر لە تەواوبوونی هەر خولێکی پەرلەمان پێویستە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی، بەپێییاسای هەڵبژاردن ئامادەکاری بکات بۆ بەڕێوەبردنی خولێکی تری هەڵبژاردن و، وێڕای نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەرانی کوردستان ڕێکاری گونجاو و پێویست بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن بگرێتە بەر.
پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی کۆتایی خولەکەیدایە، بەڵام لە نێو فراکسیۆن و لایەنە سیاسییەکانی هەێمی کوردستان هەندێک بۆچوونی جیاواز لەسەر پرسی کۆمسیۆن و یاسای هەڵبژاردن هەیە و هەندێک لایەن باس لە هەموارکردنەوەییاسای هەڵبژاردن دەکەن و هەندێک لایەنی تریش پێیان وایە هەر جۆرە هەموارکردنەوەیەک دەبێتە هۆی دواکەوتنی هەڵبژاردن.
مانگی ڕابردوو، گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسیی لە هەرێمی کوردستان هۆشداری دابوو لەوەی پەرلەمانی کوردستان کاتی لەبەردەستدا نەماوە بۆ ئەوەییاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هەموار بکاتەوە و ئەنجوومەنێکی نوێی کۆمیسیارانی دەستنیشان بکات و تەنیا فریای درێژکردنەوەی ماوەی کارکردنی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران دەکەوێت بۆ چەند ساڵی تر.
کۆمسیۆنەکە پێداگریی لەوە کردبوو، کە بەلانی کەمەوە شەش مانگی پێویستە بۆ هەر هەڵبژاردنێک و تاوەکو کۆتایی مانگی ئاداری ئەمساڵ دەبێت کێشەکانیەکلایی بووبنەوە.
راگەیاندنی مەرسوومی دەستنیشانکردنیڕۆژی هەڵبژاردن لە دەسەڵاتی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستاندایە و بە لەبەرچاوگرتنی هەندێک ناکۆکیی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر پرسی هەموارکردنەوەییاسای هەڵبژاردن، سەرۆکایەتییەکە لەڕۆژییەکشەم ١٣ی ئەم مانگەوە دەستی بە زنجیرەیەک سەردان کردووە بۆ لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی لەڕا و سەرنجیان لەبارەی پرسی هەڵبژاردن ئاگادار بێت و بۆ ئەو مەبەستە کۆدەنگییەک دروست بکات. دوێنێ دووشەم ١٤ی مانگ شاندەکە لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان و پێشتریش لەگەڵ پارتی کرێکاران و ڕەنجدەران كۆ ببووەوە.
بەشێک لە لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان داخوازی ئەوەیان خستووەتەڕوو کە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان فرەبازنەیی بێت و لە جیاتی ئەوەی تەواوی هەرێمی کوردستان لەیەک بازنەدا دەنگ بە کاندید و پارتی دیاریکراو بدەن لە چەند بازنەیەکی جیاوازدا هاوشێوەی هەڵبژاردنیڕابردووی عێراق هەڵبژاردنەکە بکرێت. هەر جۆرە گۆڕانکارییەک لە سیستمی هەڵبژاردن پێویستی بە گرتنەبەریڕێکارییاسایی و کاتی گونجاو هەیە و هەر ئەوەشە کۆمسیۆنی نیگەران کردووە لەوەی لەهەر بڕیارێکی پێویست پەلە بکرێت.
جگە لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستانیش لە ماوەیڕابردوودا سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پەرلەمانیڕاسپاردبوو بۆ ئەوەی لە پرسی هەڵبژاردنڕایخۆیان پێشکەش بکەن، بەڵام هێشتا سەرۆکی فراکسیۆنەکانڕای خۆیان بە سەرۆکایەتیی پەرلەمانڕانەگەیاندووە.
خۆی پەرلەمانی کوردستان تا سەرەتای مانگی ئاداری ئەمساڵ لە پشوودایە و بەو پێیە تەنیا مانگێک لەبەردەم پەرلەماندایە تا یاسای هەڵبژاردن دەستنیشان بکات، کۆمسیۆنی هەڵبژاردن و ڕاپرسیش بەدووری دەزانێت لەو ماوە کورتەشدا بە هیچ شێوەیەک فریای هەموارکردنەوەییاساکە بکەوێت.
جێی باسە لەوەتەی هەرێمی کوردستان دامەزراوە پێنج خولی هەڵبژاردنی پەرلەمان بەڕێوە چووە. لە هەڵبژاردنیڕابردوودا، سێ ملیۆن ٨٥ هەزار و ٤٦١ کەس، لە دانیشتووانی هەرێمی کوردستان مافی دەنگدانیان هەبوو لەو ژمارەیە ملیۆنێک و ٨٤٥ هەزار و ٩٧٩ کەس بەشداریی پرۆسەی دەنگدانیان کرد، بەمەشڕێژەی بەشداری ٥٩% بوو. لەو هەڵبژاردنەدا ٢٩ لیست بەشدارییان کرد و لە ئەنجامدا ١٦ لیست توانیان کورسیی پەرلەمان بەدەست بهێنن.
پەرلەمانی ئێستەی کوردستان لە ١٦ فراکسیۆن و چوار ئەندامی سەربەخۆ پێک دێت و بە گشتی ١١١ نوێنەری جیاواز پەرلەمان پێک دەهێنن. لە هەڵبژاردنیڕابردوودا پارتی دیموکراتی کوردستان ٤٥ کورسی،یەکێتیی نیشتمانی کوردستان ٢١ کورسی و بزووتنەوەی گۆڕان ١٢ کورسیی پەرلەمانی بەدەست هێنا. کۆمەڵی دادگەری حەوت کورسی،یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان پێنج کورسی و نەوەی نوێش چوار کورسیی بەدەست هێنا، لایەنەکانی تریش کەمتر لەو ژمارە کورسییەیان بەدەست هێنا.
ئەوەی بۆ هەرێمی کوردستان گرینگە ئەوەیە هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت و کارێک بکرێت زیان بە متمانەی خەڵک بە پڕۆسەی دیموکراسی لە هەرێمی کوردستان نەکەوێت و ڕێژەی بەشداری خەڵک لە هەڵبژاردن بەرز ببێتەوە و دواجار دامەزراوەیاساییەکانی هەرێمی کوردستان بە ئەرکی خۆیان هەڵبستن و پارێزگاری لە پێگەی هەرێمی کوردستان بکەن، پێگەیەک کە جێی بایەخی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە.

ھەواڵی زیاتر