شێرکۆ حەبیب
لە دێر زەمانەوە ئەگەر کورد یەکهەڵوست و یەکڕیز بایە، زەمانک بوو کورد خاوەنی دەوڵەتی خۆی بوو، بەڵام دوژمنانی کورد هۆشیار تر بوون لەوەی کورد بتوانێت یەکهەڵوست بێت بۆیە هەردەم پیلانیان دارشتووە کە چۆن دوو بەرەکی لە نێو کورد دروست بکەن و هەردەم پیلانەکانیان بەو مەبەستەیە، چونکە دوژمن لەوە گەیشتووە کەوا یەکڕیزی کورد و یەکدەنگی دەبێتە هێزێکی گەورە و دوژمن ناتوانت بە ئاسانی بەرەنگاری ببێتەوە.
ئەمڕۆ لە هەموو کات زیاتر پێویستە کورد هاودەنگ و یەکڕیز بێت، بەهۆی هۆکارە دەرەکی و ناوخۆییەکان و ئەم پەرت و بڵاویە تەنیا سوودی نەیارانی کوردی هەیە، کە هەردەم هەوڵەکانیان چڕدەکەنەوە کورد یەکگرتوو نەبن.
بێگومان ڕووداوە جیهانییەکانیش وا مەزندە دەکرێت کەوا گۆڕانگاری لە ناوچەکە بکرێت زوو یا درەنگ، بۆیە گرنگە کورد خۆی بۆ هەر ئەگەرێک ئامادە بکات کە لە ناوچەکە ڕووبدات، بەتایبەتی لە کات و ساتێک هەموو پێوەرکان وا مەزندە دەکرێت ناوچەکە دووچاری گرفتێکی نەخوازراو بێت دوور لە ئیرادەی کورد و ناوچەکە، لە ئاکامی ململانێی وڵاتێکی زلهێز و هەرێمی کە بێگومان ئەمەش لە بەرژەوەندی ناوچەکەدا دا نییە، و وە ئەگەری هەیە عێراق ببێتە قوربانی ململانێیەکان بەهۆی هەڵەی هەندێ سیاسەتوانی نێودەسەڵات.
ئەمڕۆ گرنگە کوردستان ئەو بارودۆخە نەخوازراوەی سەری هەڵداوە لە ناوچە بەهەند وەربگرێت، تا زووە گرفتە ناوخۆییەکان وەلاوە بنێت، بتوانن کابینەی دەی حکوومەتی هەرێم پێکبهێنن و پۆست نەبێتە گرفت لە یەکریزی نێو ماڵی کورد و پاراستنی ئەزموونی دیموکراسی و دەسکەوتەکانی کوردستان کە بەخوێنی شەهیدان و خەباتی پێشمەرگە و میللەت بەدەست هاتووە، لێرەدا گرنگە رێز لە ئیرادەی میللەت و ئاکامی هەڵبژاردنەکان بگرن، چونکە دەنگی میللەت بڕیار دەدات و خاوەن بڕیاری ڕاستەقینەیە لە رێگای سەندوقی دەنگدانی هەڵبژاردن.
ئەگەر هەندێ لایان پێیان وابێ بە فڵانە پۆست دەتوانن خزمەت بکەن ئەوە هەڵەن، چونکە خزمەتکردن لە هەرچ پۆست و پایەک بێت دەتوانێت خزمەت بکات، نەک پۆست تەنیا بۆ ناوەکە بێت، لە رابردوو بۆ هەموو لایەک روون و ئاشکرا بوو کە کێ خزمەتی هاووڵاتیان دەکات لە چ پۆست و پلەیەک بێت، و دەبێ واز لەو بیرۆکەیە بهێنرت کە ئەوەی کەسێک دەیەوێت ئەوە بێت، ئەمڕۆ هەڵبژاردن و سندوقەکان بڕیار دەدەن.
گرنگە بە وردی بیر لە ئایندەی کوردستان بکرێتەوە و دەنگەکان لە پێناو بەرژەوەندی کوردستان بێت و دوور لە ئەجندای بیانی و تێکەڵاوی لەگەڵ نەیارانی کورد ئەوانەی هەردەم پلانەکانیان بۆ دژایەتی کوردە ئەوجا هەر لایەنێک ئەگەر بۆ کاتیش بێت دۆستایی لەگەڵ ئەم لایەن یا ئەو لایان بێت. دەبێت کورد لە پلان و فێڵەکانی دوژمن گەیشتبێت و دەبێ بگەینە ئەو باوەڕە کە تەنیا کورد دەبێ دۆستی خۆی بێت، برا لە پشت برا بێت مەگەر قەزا لای خودا بێت.

