خالید باشبڵاخیی
دەڵێن بڕیارت دا، دەڕۆی
لەسەر ڕۆیشتنت سووریت!
دەمسووتێنی دەنێو کڵپە و
بڵێسەی دۆزەخی دوورییت!
ئاگری حەسرەت دەخەیتە
خەرمانی ئارەزوومەوە..
پەرداخێ ژەهری کوشندە
دەڕژێنیتە گەروومەوە!
دەڵێن دوا بڕیارە و دەڕۆی
لەگەڵ ئەودا، بە دووقۆڵی!
بە ڕۆیشتنت، قەتماغەی
زامەکانم هەڵدەکۆڵی..!
دەڵێن ڤێلای بۆ کڕیوی و
دەتبا بۆ مانگی هەنگوینی
ڕەنگە، وای دانابێ ئیدیی
من، لە خەونیشدا نەبینی!
دیرۆکی ئەو سێزدە ساڵەی
ئەڤینمانت کرد بە یاداشت!
گوڵم، چۆن دڵت ڕێی پێ دای
وا منت بە زیندوویی ناشت؟!
ئەی شاژنی عەرشی عیشقم
تۆ، خۆڵ لە چاوی کێ دەکەیت؟!
کە لە پشت هەر شیعرێکمەوە
ئێستایش؛ سەرەتاتکێ دەکەیت!!

