سهلما تۆما كاكۆ
کەزیم پەتی سێدارەیە
بۆ گەردنی دوژمنانم
کچە شەڕڤانێکی پێشمەرگەی
تینووی خاک و نیشتمانم
شکۆی کەزی ..
کچە شەڕڤانێکی ڕۆژئاوام!
بە کوردستانم دەبەخشم..
دڵ و گیانم
شەڕڤانێکم دێم و لە ناو
چڕە دووکەڵی سەختی شەڕدا
لەژێر هەور و کڕێوەدا
وەک هێمایەک ..
بۆ بەرخۆدان و نەبەزین
نیشتیمانێک..
پڕ لە کوڕ و کچ و کەزین
کەزیم.. ڕەمزی
خەبات و قوربانیدانە
بەرگریکردن لە خاک و..
ئیرادەی گەل و ویژدانە
پرچی خامەو کەزی کتێبی
شەڕڤانی تفەنگ لە شانم
کەزی بڕاوم
بووبە تاجی شکۆمەندی نیشتمانم
دێم و مێژوو.. بە قەڵەمی،..
پرچی بڕاوم دەنووسم!
تەوقی دیلیەتی دەپسێنم و
کوڵمی گەشی،..
سەربەخۆیی ڕادەمووسم !
کەزی بڕاوم، نیشانەی،..
کەوتن و شکستیم نیە
ئازایەتیی و..
ورەی هێزو…
هەڵوێستی خاک پەرستییە
هێزی بێوێنەی،..
خەباتی شەڕڤانێکی قارەمانە
خەباتێک بۆ ژیان و مردن،
دروشمی مان و نەمانە
عومرم چیرۆکێکی درێژو.
بێ کۆتایی ژیانمە!
کەزی بڕاو،
فڕینی ژنە شەڕڤانی هەتاو،
کڵپەی ڕق و کۆژانمە!
دێین و هەموو
بۆ پێشەوە
هەنگاو دەنێین و ناسرەوین
گەشبینم
کە ئەو ڕۆژە دێت سەربکەوین

