رۆژنامەی ھەولێر

لیۆنێل مێسی دەگەڕێتەوە بارسێلۆنا؟

جارێکی دیکە باس لە داهاتووی لیۆنێل مێسی دەکرێت، لە ماوەی رابردوو جێگری سەرۆکی یانەی نیو ئۆلد بۆیزی ئەرجەنتینی بڵاویکردەوە کار لەسەر پرۆژەیەک دەکەن بۆ گەڕاندنەوەی مێسی و ئێستاش باس لەوە دەکرێت، ئەو یاریزانە دوای وازهێنان لە یاریکردن دەیەوێت بگەرێتەوە بارسێلۆنا.
لە 24 كاتژمێری رابردوو میدیایەكانی هەڕێمی كەتەلۆنیا هیوایەكیان بۆ هاندەرانی بارسێلۆنا زیندوو كردەوە كە تێیدا ئاماژەیان بۆ ئەوە كردووە، لیۆنێل مێسی دەیەوێت لە دەرگەی یانەی بارسێلۆنا واز لە یاریكردن بهێنێت، ئەمەش لە كاتێكدایە جێگری سەرۆکی یانەی نیو ئۆلد بۆیزی ئەرجەنتینی بڵاویکردەوە کار لەسەر پرۆژەیەک دەکەن بۆ گەڕاندنەوەی مێسی و ئێستاش باس لەوە دەکرێت، ئەو یاریزانە دوای وازهێنان لە یاریکردن دەیەوێت بگەرێتەوە بارسێلۆنا.
لیۆنێل مێسی لە سەرەتای تەمەنی منداڵیەکەی لە ئەکادیمیای یانەی نیۆ ئۆلد بۆیزی وڵاتەکەی دەستی بە یاریکردن کرد، بەڵام پێش ئەوەی یاری بۆ تیپی یەکەمی یانەکەی بکات، هەر زوو بەرپرسانی ئەو کاتەی بارسێلۆنا ئەو یاریزانەیان گواستەوە ئەکادیمیای یانەکەیان. لیۆ بۆ جاری یەکەم کاتێک تەمەنی تەنها 13 ساڵ بوو، لە ساڵی 2000 وڵاتەکەی جێهێشت و روویکردە ئیسپانیا و لە ئەکادیمیای لاماسیا تواناکانی بەدیار کەوتن و لە ساڵی 2005 بۆ جاری یەکەم بانگهێشتی تیپی یەکەمی بارسێلۆنا کرد.
ئەفسانەکەی پێشووی یانەی ناسناو و خەڵات نەما لەگەڵ یانەکەی پێشووی واتە بارسێلۆنا بەدەست نەهێنێت، بەڵام ساڵی 2021 بە ناچاری ریزەکانی یانەکەی جێهێشت و پەیوەندی بە خولی فەڕەنسی کرد، بەڵام دیاربوو خانەوادەکەی لەو وڵاتە دڵخۆش نین بۆیە ئەمجارەیان پەیوەندیان بە خولی ئەمریکی کرد.
خانەوادەکەی لیۆ لە ئەمریکا دڵخۆشن و هیچ کێشەیەکیان نیە، بەڵام سەرچاوەکانی نزیک لە یانەی بارسێلۆنا بلاویان کردووەتەوە، مێسی دوای کۆتایی هاتنی گرێبەستەکەی لەگەڵ ئینتەر مەیامی بە یەکجاری ئەمریکا جێدێڵێت و جارێکی دیکە دەگەڕێتەوە بارسێلۆنا.
گەڕانەوەی ئەمجارەی مێسی بۆ بارسێلۆنا وەکو یاریکەر نابێت، بەڵام ئەو یاریزانە دەیەوێت دوای وازهێنانی لە یاری کردن وەکو ئەندامی کارگێڕی یانەکە خزمەت بە یانەکەی پێشووی بکات، هەروەها دەنگۆیەکیش هەیە مێسی بیر لەوە دەکاتەوە دوای وازهێنان لە یاریکردن کاری راهێنەرایەتی بکات.
مێسی بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2023 پەیوەندی بە یانەی ئینتەر مەیامی ئەمریکا کرد بۆ ماوەی دوو ساڵ، دوای کۆتایی هاتنی گرێبەستەکەی لە ساڵی رابردوو، ئەمجارەیان مێسی بۆ سێ ساڵی دیکە واتە تاوەکو هاوینی ساڵی 2028 گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەی نوێکردەوە.
ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر