رووسیا ١١٠هەزار سەربازی لە سنووری ئۆکرایندا جێگیر کردووە دەیشڵێت مەترسن هێرش ناکەم!

محمد لادێ – هه‌‌ولێر

جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بە سەرکردەکانی یەکێتیی ئەوروپا و ناتۆی گوتووە کە وڵاتەکەی باوەڕی وایە کە پووتین بڕیاریداوە ئۆکراینا داگیر بکات و لەوانەیە هێرشەکە لەو چەند رۆژەدا هەڵبگیرسێ. راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکاش دەڵێت، لە ئەگەری هێرش، بە زەبری سەربازی وەڵامی رووسیا نادەنەوە.

پووتین ١١٠هەزار سەربازی لەسەر سنوورەکانی ئۆکراین جێگیر کردووە، دەشڵێ مەترسن چاوم لە داگیرکردنی ئەو وڵاتە نیە. ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دەڵێن هێرشکرنی رووسیا بۆ سەر خاکی ئۆکراین تەنیا ئاماژەی پووتینی ماوە. هەموو رۆژئاوا و جیهان سەرقاڵی ئەوەن تا جەنگ هەڵنەگیرسێ، هەموو خەمی خۆی هەیە؛ ئەمریکا لەبەر دۆخی ناوخۆی خۆی حەز لە شەڕ ناکا، ئەڵمانیا و هەندێ وڵاتی ئەوروپایش لەبەر گازی سروشتی و بەریتانیاش نازانێ چی بکات بەرامبەر بە رووسیا.
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ئاماژەی زۆر مەترسیداری ئاڵۆزبوونی دۆخەکە لەگەڵ رووسیا هەیە. ئێستا ئێمە لە دۆخێکداین کە داگیرکردن لە ئانوساتدایە. با روونتر بم، دەکرێت لە کاتی ئۆڵۆمپیاددا هەڵبگیرسێت.
بانکی جەی پی مۆرگان، سەرەتای هەفتەی رابردوو ئاماژەی بەوە کرد، نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت رەنگە بەئاسانی بگاتە ١٢٠ دۆلار ئەگەر شەڕ لە نێوان رووسیا و ئۆکرایندا هەڵبگیرسێت و ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دیکەی سزا بەسەر کەرتی نەوت و گازی رووسیادا بسەپێنن.
وڵاتانی ئەمریکا، بەریتانیا، کەنەدا و ئیسرائیل داوایان لە هاووڵاتیانی خۆیان کردووە گورجێ هەتا دەرفەت ماوە ئۆکراین جێ بهێڵن. عێراقیش ھەموو ھاونیشتمانییانی ئاگادار کردۆتەوە کە بە زووترین کات ئەو وڵاتە چۆڵ بکەن.
لەبارەی کاردانەوەی ئەمریکا بۆ ئەگەری هێرشی رووسیا، سوڵیڤان گوتی، لەگەڵ هاوبەشەکانیان ئامادەن بۆ وەڵامدانەوەی خێرا، لەنێویاندا سەپاندنی سزایەکی توندی ئابووری.
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا – پێنتاگۆن رایگەیاند، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا فەرمانی داوە ٣٠٠٠ سەربازی دیکە بنێرێتە پۆڵەندا.
ئەڵبەت خاڵە سەیر و سەمەرەکە لێرە جیاوزییە زەبەلاحەکەیە لە نێوان رووسیا و ئۆکراین، رووبەری وڵاتی رووسیا ١٧ملیۆن و ١٢٥هەزار و ١٩١ کیلۆمەتری چوار گۆشەیە و لە رووی رووبەرەوە گەورەترین وڵاتی جیهانە و ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی ١٤٥ملیۆن کەسە، هەرچی ئۆکراینە رووبەرەکەی ٦٠٣هەزار و ٥٥٠کیۆمەتری چوارگۆشەیە و ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی ٤٤ملیۆن کەسە.
ئەم دوو وڵاتە هەروەکچۆن لە رووی رووبەر و ژمارەی دانیشتووانەوە نایەکسانن، هێز و توانستی سەربازیشیان نابەرانبەر.
بوودجەی سەربازیی رووسیا لە ساڵی ٢٠٢٠دا ٦٦ملیار و ٧٠٠ملیۆن دۆلار بووە، بەڵام بودجەی سەربازی ئۆکراین لەو ساڵەدا کەمتر بووە لە یەک دەهەک (یەک لەسەر دە)ی ئەو بڕە و ٥ملیارێک بووە.
ژمارەی سەرباز و یەدەگەکانیشیان جیاوازی زۆری تێدایە، بە جۆرێک سوپای رووسیا یەک ملیۆن و ١٤هەزار سەرباز و دوو ملیۆن کەسیش یەدەگن و لە کاتی جەنگدا دەچنە ریزی سوپاوە، بەڵام ئۆکراین ٢٠٩هەزار سەرباز و ٩٠٠هەزار کەسی یەدەگی هەیە.
رووسیا ٧٧٢ فڕۆکەی جەنگەریی هەیە، بەڵام ئۆکراین تەنیا خاوەنی ٦٩ فڕۆکەی جەنگەری و لە رووی هەلیکۆپتەری جەنگەرییشەوە جیاوازیەکەیان زۆرە و رووسیا ٥٤٤ هەلیکۆپتەری هەی، لەبەرامبەردا ئۆکراین خاوەنی ٣٤ کۆپتەرە.
لە دەریاشدا ئەم جیاوازیە لە توانستی سەربازی نێو دوو وڵاتەکە بەدی دەکرێت، بە جۆرێک رووسیا ٦٠٥ کەشتی جەنگی و ٦٤ پاپۆڕی بنئاو (ژێردەریایی)ی هەیە و ئۆکراینیش ٣٨ پاپۆڕی جەنگەری و یەک بنئاوی هەیە.
ئۆتۆمبێلی سەربازی لە لای سوپای رووسیا ژمارەیان ٣٠هەزار و ١٢٢دانە و ژمارەکەشیان لە سوپای ئۆکرانیا ١٢هەزار و ٣٠٣ ئۆتۆمبێلی جۆراوجۆری سەربازیە.
تانک وەک کەرەستەیەکی سەربازی لە جەنگەکاندا رۆڵی کاریگەری هەیە و لەم رووەشە رووسیا باڵادەستە و ١٢هەزار و ٤٢٠ تانکی هەیە و ئۆکراینیش خاوەنی ٢هەزار و ٥٩٦ تانکە، رووسیا ٦هەزار و ٥٧٤ تۆپخانەی هەیە و ٣هەزار و ٣٩١ سەکۆی هەڵدانی موشەکی هەیە و ئۆکراینیش هەزار و ٦٧ تۆپخانە و ٤٩٠ سەکۆی هەڵدانی مووشەکی هەیە.
جیاوازیەکی گەورەتر بریتیە لە بوونی سیستەمی دژەموشەکی کە رووسیا خاوەنی دوو جۆر سیستەمی بەرگرییە؛ ئێس ٣٠٠ و ئێس ٤٠٠، بەڵام ئۆکراین هیچ سیستەمێکی دژەمووشەکی نییە.

ھەواڵی زیاتر