ڕۆژی دووشەممە ١٦ی ٢ی ٢٠٢٦، بە ئامادەبوونی د.هێمن هەورامی ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پ.د.ک ، د.سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و ژمارەیەک لە ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیی پ.د.ک و نووسەر و ڕۆشنبیران و ئەکادیمیست و ڕۆژنامەڤان و بەرپرسانی حزبی و حکومی، ڕێوڕەسمی دابەشکردنی شەشەمین کتێبی بازنەی گفتوگۆ بە ناونیشانی (جينالۆجیای ناسنامە لەناو هێزە نەرمەکانی نەتەوەدا) بەڕێوەچوو.
سەرەتای مەراسیمەکە بە خولەکێک وەستان بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان و سەروەریان (بارزانیی نەمر و کاکە ئیدریسی هەمیشە لەیاد) دەستی پێ کرد.
د. سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک، وتەیەکی پێشکەشکرد و ئاماژەی بەوەدا، بازنەی گفتوگۆ، ئەو چالاکییەی کە مانگانە دەکرێت، تێکڕای ئەو گفتوگۆیانەی کە لەو بازنەیە ماوەی سێ ساڵ زیاترە دەکرێت، دواتر چالاکییەکی شەش مانگی بەڕێوەدەچێت، کە ئێستا لە خزمەتتانداین. کۆکردنەوەی هەموو ئەو بابەت و مژار و ڕوانین و هزر و تێگەیشتنە جیاوازە سیاسی و کولتووریانەی لە کۆی گفتوگۆکاندا دەکرێت. دواتر لە توێی کتێبدا بە دوو زمانی گرنگ، زمانی شیرینی کوردی و زمانی عەرەبی کۆدەکرێتەوە، بە دیاری پێشکەش بە بژاردەیەک لە بیرکەرەوەکانی کۆمەڵگەی کوردی دەکرێت.
هەروەها بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن لە باسی دۆخی ئێستای ناوچەکەدا گوتی: بە لێکگرێدانی قۆناغی ئێستای ناوچەکە، قۆناغی ئێستای ئاڵنگارییەکان، قۆناغی ئێستای هەموو ئەو گرژییانەی کە هەیە، ئەو چاوەڕوانییانەی کە هەیە، ڕۆڵی پارتی دیموکراتی کوردستان، جەنابی سەرۆک بارزانی، ڕۆڵی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان بەگشتی و هەموو تێگەیشتنە جیاوازەکان بۆ بنچینەی چارەسەر دەتوانین باشتر بەرپرسیارێتییەکانی ئەم قۆناغە وە ئەستۆ بگرین، کە ئەم پەروەردەیەش بۆ ڕێبازی بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستان و ڕێنماییەکانی جەنابی سەرۆک بارزانی دەگەڕێتەوە کە بەردەوام فێرمان دەکات و هانمان دەدات کە هەمووان ببینین و دوورترین کاراکتەری سیاسی لە کوردستان بە نزیک بزانین، چونکە پارتی ئەو چەترە کۆکەرەوەیە کە خەسڵەتی نیشتمانی و نەتەوەیی و کۆکەرەوەیی بووە بە درێژایی مێژوو. بەرچنەی چارەسەرییەکانی ئەم قۆناغەی ئێستاش ئەوەی لێ دەخوێندرێتەوە.
نمایشکردنی فیلمێکی دۆکیومێنتاری لەبارەی پڕۆژەکە بڕگەیەکی دیکەی ڕێوڕەسمەکە بوو و، تیاییدا هەنگاوەکانی بازنەی گفتوگۆ تا ئامادەکردنی کتێبی (جینالۆجیای ناسنامە لەناو هێزە نەرمەکانی نەتەوەدا) نمایش کرا، لەگەڵ ئەوەشدا سەرنج و دیدگای چەندین کەسایەتیی ئەکادیمی و نووسەر و ڕۆشنبیر لە دۆکیۆمێنتارییەکەدا خرایە ڕوو.
پاشان، پانێڵێک سەبارەت بە (جینالۆجیای ناسنامە) بەڕێوەچوو.
پانێڵەکە (ڤیان مەحموود زامدار) بەڕێوەیبرد، تیایدا نووسەر و سیاسەتمەداری دیاری کوردستان (د. کاوە مەحموود) سکرتێری پێشووی حیزبی شیوعی کوردستان، باسی لە جینالۆجیای ناسنامە کرد، هەروەها بە وردی باسی لە مۆدێرنیتەی کوردستانی کرد، هەروەها سەر لەنوێ پێناسەکردنەوەی چەمکی نەتەوە و چەندین بابەتی دیکەی ئەم بوارە بە قووڵی لە قسەکانی د.کاوە مەحموود ڕەنگی دایەوە.
دواتریش لە کەشێکی مەعریفیدا، دەرگەی گفتوگۆ کرایەوە، میوانان بۆچوون و دیدگا و پرسیارەکانی خۆیان ئاراستەی پانێلیست کرد و ئەویش وەڵامی دید و سەرنجە جیاوازەکانی دایەوە.
پاشان سوپاسنامە و ڕێزلێنان پێشکەش بە ژمارەیەکی بەرچاو لەو ئەکادیمیست و نووسەر و ڕۆشنبیرانە کرا کە بەشێک بوون لە ئامادەکردنی کتێبەکە لە ئەڵقەکانی بازنەی گفتوگۆدا، سەرنج و پڕۆژەکانیان خستووەتە ڕوو، ئێستا لەم کتێبەدا دید و سەرنجەکانیان کۆکراوەتەوە و کەوتە بەر دیدی خوێنەران.
لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکەدا، کتێبی (جينالۆجیای ناسنامە لەناو هێزە نەرمەکانی نەتەوەدا) پێشکەش بە میوانان و ئامادەبووانی ڕێوڕەسمەکە کرا.

