كارزان گلی – ههولێر
هەمواركردنەوەی دەستووری توركیا نزیك بووەتەوە، پەرلەمانتارانی ئاكەپە و مەهەپە، پرۆژەیاسایەكیان ئامادە كردووە تا دەستوور هەموار بكرێتەوە، لەوێدا داوا دەكەن، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا، بتوانێت بۆ جاری سێیەم و چوارەم ببێتەوە بە بەربژێری هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی، كە بڕیارە لە ٢٠٢٨ ئەنجام بدرێت.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، هەموو هەوڵێكی خۆی دەدات تا بتوانێت بۆ جاری سێیەم ببێتەوە بە بەربژێر بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی، بەڵام بەو دەنگانەی لەناو پەرلەمانی توركیا هەیەتی، ناتوانێت ئەو ئامانجەی بپێكێت، بۆیە دەبێت دەم پارتی لە خۆی نزیك بكاتەوە و تا ئاستی هێنانی بۆ ناو هاوپەیمانیی كۆماری.
پێشتر و بەر لە پرۆسەی پرسی چارەسەری كورد، دەم پارتی لەلایەن هاوپەیمانیی كۆمارییەوە وەكوو تیرۆریست ناوی دەهێنرا، تەنانەت دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی مەهەپە دەیگوت، نابێت پەرلەمانی توركیا تیرۆریستی لێ بێت، بەڵام لەم قۆناغەدا دەستیان خستووەتە ناو دەستی دەم پارتی و دەیانەوێت لە رێگەی دەم پارتییەوە رێگە بۆ ئەردۆغان خۆش بكەن، تا بتوانێت بۆ جاری سێیەم ببێتەوە بە بەربژێری هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی، ئەمەش لە رێگەی هەمواركردنی دەستوورەوە.
بە گوێرەی شرۆڤەی سیاسییەكانی توركیا، ئەوەی بە لای ئەردۆغانەوە گرنگە مانەوەیەتی لە پۆستی سەركۆمارەتیی توركیا، واتە ئەو بیركارییانە بیر دەكاتەوە و دەیەوێت لەناو پەرلەمانی توركیا بتوانێت دەستوور هەموار بكاتەوە، لەم قۆناغەشدا دەم پارتی باشترین بژاردەیە بۆ ئەردۆغان و هاوپەیمانیی كۆماری.
دەنگی ئاكەپە و مەهەپە لەناو پەرلەمانی توركیا ٣٢٩ پەرلەمانتارە، بەڵام بۆ ئەوەی دەستوورە هەموار بكرێتەوە و بخرێتە ریفڕاندۆمەوە، پێویستیان بە ٣٦٧ دەنگی پەرلەمانتارانە و بەبێ ریفڕاندۆمیش پێویستیان بە دەنگی ٤٠٠ پەرلەمانتارە.
ئاكەپە و مەهەپە و خودی ئەردۆغان، نایەوێت دەستوور بخرێتە ریفڕاندۆمەوە، چونكە بەگوێرەی ئەو راپرسیانەی كراوە، خەڵك بە بەڵێ دەنگ نادات بۆ ئەوەی ئەردۆغان بۆ جاری سێیەم ببێتەوە بە بەربژێری هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی، بۆیە دەبێت هەموو هەوڵێك بدات بە ٤٠٠ دەنگی پەرلەمانتاران و بەبێ گەڕانەوە بۆ ریفڕاندۆم، دەستوور هەموار بكەنەوە.
وەكوو ئەوەی باس دەكرێت، ئازادبوونی عەبدوڵا ئۆجەلان، كە قسەی زۆر جیدی لەسەر دەكرێت لە توركیا، هەر بەهۆی ئەوەیە رێگە خۆش بكرێت ئەردۆغان بتوانێت ببێتەوە بە بەربژێر، چونكە ئۆجەلان كاریگەریی لەسەر دەم پارتی هەیە و پێیان دەڵێت بە بەڵێ دەنگ بە هەمواركردنەوەی دەستوور بدەن و دەم پارتییەكانیش ناتوانن لە قسەی ئۆجەلان دەربچن.
ئەگەربێتو دەم پارتی بە بەڵێ دەنگ بەهەموار دەستوور بدەن لە بەرژەوەندی ئەردۆغان، دەتوانن دەستوور هەموار بكەنەوە، چونكە دەم پارتی ٦٠ كورسی پەرلەمانی هەیە و ئاكەپە و مەهەپە ٣٢٩ كورسی و نزیكەی ١٠ پەرلەمانتاری تریش لە پارتەكانی ترەوە هاتوونەتە ناو ئاكەپە، بەمەش رێژەی ٤٠٠ دەنگی بەڵێ لە پەرلەمان تێدەپەڕێنن.
ئەردۆغان، سێ جارە لەگەڵ شاندی ئیمراڵی لە كۆشكی كۆماری كۆ ببێتەوە، میدیاكانی توركیاش باس لەوە دەكەن، ئەردۆغان هەوڵ دەدات دەم پارتی بهێنێتە ناو هاوپەیمانیی كۆماری، چونكە ئەگەر هەڵبژاردنیش بكرێت و ئەردۆغان بۆی هەبێت خۆی بەربژێریش بكاتەوە، بەبێ دەنگی كورد ناتوانێت سەركەوتوو بێت، بۆیە هەوڵەكانیان چڕ كردووەتەوە دەم پارتی بهێننە ناو هاوپەیمانیی كۆماری، بەڵام تا چەند دەم پارتی قبوڵی دەكات، لە داهاتوو روون دەبێتەوە.
بەگوێرەی دەستووری توركیا، هەر پێنج ساڵە و جارێك هەڵبژاردنی پەرلەمانی و سەرۆكایەتیی ئەنجام دەدەرێت، بەمەش لە ٢٠٢٨ توركیا دەچێتە ناو هەڵبژاردن، بەڵام وەكوو ئەوەی پێشبینی دەكرێت بەر لەو وادەیە توركیا دەچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختە و چاوەڕێی ٢٠٢٨ ناكەن.

