رۆژنامەی ھەولێر

ڕۆژ نووری شاوەیس تێکۆشەر و سیاسەتمەدار

فازڵ میرانی
ئێمە بە سێ جۆر یادەوەری مەحکوومین؛ یادەوەرییەکی مرۆیی کە وێنەی ڕەفتار و هەڵسەوکەوتەکانمان لە یەکەم دیدارەوە تا کۆچ و ماڵئاوایی بۆ دەگێڕێتەوە، یادەوەریی خەبات بە هەموو وردەکاریی خۆڕاگری و سەختییەکانی ڕێگاکەوە، یادەوەریی بونیادنان بە هەموو ڕەهەندە فراوانەکانی مانا گەورەکەی بونیادنانەوە. ئەم یادەوەریانە خاڵی هاوبەشی نێوان تێکۆشەرانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستانن، بۆیە “ڕۆژ نووری شاوەیس” خاوەن پێگەیەکی فراوان و شکۆدارە لە ناو هەموو یادەوەرییەکانماندا. لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا، شاوەیس دوای کاروانێکی چەندین دەیە، دوا هەناسەی سپارد؛ ئەو دەیان ساڵەی کە سەختترین ساڵانی خەباتی گەلەکەمان بوون بۆ بەرپەرچدانەوەی دڕندەترین شەڕەکان. ئێمە هەموومان لە یەک سەنگەردا بووین، ئەو سەنگەرەی کە تا ئێستاش شوێنپێیەکانی شاوەیس و کاریگەریی فیکر و کار و تێکۆشانی بە زیندوویی تێدا پارێزراوە.
تێڕامان، کۆشش، دڵسۆزی، باوەڕبوون بە دۆزەکە، هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی و ئەنجامدانی بە سەرکەوتوویی؛ هەموو ئەمانە لە کەسایەتیی “ڕۆژ”ی خوالێخۆشبوودا بەرجەستە بوون. لە سەردەمی لاویمانەوە، لە قوتابخانەی بارزانیدا پێکەوە خەباتمان کرد و لەسەر ڕێبازەکەی ئەو، شەومان گەیاندە ڕۆژ؛ وەک چۆن نان و فیشەکی بەرگری و ڕووناکیی فانۆسی بارەگا و سەنگەرەکانمان لەگەڵ یەک بەش دەکرد. لە چیاکانی کوردستانەوە بۆ هەندەران و تا دەگاتە گۆڕەپان و بەرینەکانی جەنگ، کە پێویستییان بە پیاوی خاوەن ورە و بڕست و خۆڕاگر هەبوو، شاوەیس بە وتە و بە کردەوە لە مەیداندا بوو. هاوڕێیەکی وەفاپەروەر و هەڵگری میراتی بنەماڵەکەی بوو، ئەوانەی پێش خۆی کەوتبوون و ئەمیش شوێنپێی هەڵگرتن لە هەڵبژاردنی ڕێگاکانی ڕاپەڕین و بوژانەوەی نەتەوەکەیدا؛ بەمەش مێژوو و کەلەپوورێکی ئاوێتەی لە ڕۆشنبیری، سیاسەت و ڕەسەنایەتیی خەبات پێکەوە کۆکردەوە. خودان دەروونێکی ئارام و ئامادەییەکی پڕ لە متمانە بوو کە هەمیشە قسەی کۆتایی و بڕاوەی هەبوو.
وەک چۆن لە ناو دووکەڵی مەیدانی جەنگەکاندا قارەمان بوو، ئاواش گفتوگۆکارێکی لێهاتوو و زمانپاراو، نێردراوێکی دەستپاک و نوێنەرێکی شایستەی سەرۆک مەسعوود بارزانی بوو؛ هەمیشە لە ئاستی ئەو متمانە گەورەیەدا بوو کە پێی دەبەخشرا و بووە نموونەیەک کە دووبارەبوونەوەی ئەستەمە. قسەزان و وتەبێژێک بوو کە کەس نەدەگەیشتە ڕادەی لێهاتوویی و بڕیارەکانیشی هەرگیز بێئومێدییان نەدەهێنا. ڕۆژ نووری شاوەیس نموونەی باڵای تێکۆشەرانی هەردوو شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان و ڕاپەڕین و قۆناغی بونیادنانەوە بوو، ئەو بونیادنانەی کە ژیان و ڕاستەڕێیی بۆ گەلی کوردستان و هەموو پێکهاتەکانی گەڕاندەوە. پیاوێکی قووڵ و دەسپێشخەر بوو، لە حزبەکەشیدا مەکۆیی دڵسۆزی بوو. بەر لە هەموو ئەمانە و پاش ئەمانەش، ئەو مرۆڤێک بوو خاوەن دڵێکی ئەوەندە پاک کە نە تۆزی جەنگەکان لێڵی کرد و نە گرمەی چەک و تەقەمەنییەکانیش ترس و لەرزەیان خستە ناو دەروونە پۆڵایینەکەیەوە.
لە سەرەتای تەمەنی لاویمانەوە ناسیومە و لێی ورد بوومەتەوە، کاتێک ئەمڕۆش وێنەکانی ڕابردوو یەک لە دوای یەک بە خەیاڵماندا تێدەپەڕن، دەبینین چۆن تەمەنی نەوەی ئێمە تێپەڕی بێ ئەوەی هیچ درێغییەک بکەین لە پێناو بەردەوامیی خەباتدا، لە هەر شوێنێک بووبێت و هەر ئەرکێکمان پێ سپێردرابێت. ڕۆژ نووری شاوەیس، تێکۆشەرێکە کە مێژووی پڕ سەروەریی هەرگیز کاڵ نابێتەوە؛ دەوڵەتمەدارێک بوو خاوەن فیکرێکی وا لە دامەزراندن و بونیادناندا کە شایەنی پەیڕەوکردنە، پەرلەمانتارێکی خاوەن ئەزموون و سەرکردەیەکی کاریگەر و لێهاتوو بوو لە گفتوگۆ و دانوستانەکاندا. گەلەکەمان، حزبەکەمان و هەموو تێکۆشەرێکی کوردستان و عێراق، هەمیشە ئەویان لە یادە و ڕۆژێکیش دێت کە نەوەکانی داهاتوو باسی ئەوە دەکەن کە تێکۆشەرێکی کورد و کوردستانی بە ناوی “ڕۆژ نووری شاوەیس”، بەوپەڕی دڵسۆزییەوە کاری بۆ عێراقێکی باشتر و کوردستانێکی گەشاوەتر کرد؛ ئەو دوای ئەوەی هەرچی لە توانایدا بوو بۆ نەتەوەکەی ئەنجامی دا، بەرەو ڕەحمەتی یەزدان کۆچی دوایی کرد.
خوای گەورە لێت خۆش بێت “ڕۆژ”ی برا و هاوڕێم..
ڕەحمەتی خوا لە هەر کەسێک کە بۆ دۆزەکەی دڵسۆز بوو..
درود و ڕەحمەت بۆ گیانی پاکی مستەفا بارزانی و ئیدریسی هەمیشە زیندوو….