عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر
ساباتی هونەرمەندان، لە رۆژهەڵاتەوە بۆ باشوور لەوێشەوە بۆ رۆژئاوا، ئەوە چیرۆكی 25 هونەرمەندی شێوەكاری رۆژهەڵاتی كوردستانە كە لە شاری سلێمانی پێشانگایەكی هاوبەشیان كردۆتەوە و دەیانەوێت بەشێكی فرۆشی تابلۆكانیان ببەخشنە خوشك و برایان لە رۆژئاوای كوردستان.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوو ناوەندی حەوت رەنگە بۆ كاری هونەری لە هۆڵی گەلەری ئێستا لە شاری سلێمانی، پێشانگایەكی شێوەكاری بۆ 25 هونەرمەندی شارەكانی مهاباد و بۆكان لە رۆژهەڵاتی كوردستان كردەوە كە بە 100 تابلۆی قەبارە جیاواز و كاری جیاواز نمایشكرابوو، پێشانگاكە ماوەی نزیكەی هەفتەیەك بەردەوام دەبێت.
بەختیار سەعید، خاوەنی ناوەندی حەوت رەنگە بە (هەولێر)ی راگەیاند، دوای ماوەیەكی زۆر لە هەوڵدان هەستتان بە كردنەوەی ئەو پێشانگا هاوبەشە بۆ ئەو هونەرمەندانەی رۆژهەڵاتی كوردستان لە شاری سلێمانی كە تابلۆكانیان قەبارە و هونەری جیاوازن، لەوانەش، كاری پۆرترێت و سرووشتی و جۆراوجۆر، لە پۆرترێتەكانیش كەسایەتییە ئەدەبی و نووسەر و رۆشنبیرە دیارەكانیان كێشاوە لەوانە (پیرەمێرد و گۆران و هێمن موكریانی)ی نەمر، هەروەها عەبدوڵا پەشێو و بەختیار عەلی، وەك بەختیار سەعید ئاماژەی پێدا، كارە هونەرییە نمایشكراوەكان لە ئاستێكی تەكنیكی بەرزی هونەریدان، بۆیە زۆر یەلایانەوە گرنگ بووە ئەو پێشانگایەیان بۆ بكەنەوە.
لەمانگی رابردوودا رۆژئاوای كوردستان كەوتە بەر مەترسی كۆمەڵكوژی، بۆیە هەموو توێژەكان لە هەر چوار پارچەی كوردستان لە هەر بوارێكدا خزمەتیان بە رۆژئاوا كرد، لەو رووەوە بەختیار سەعید وتی، بیرۆكەیەكمان هەیە ئەگەر فرۆشی تابلۆكان باش بوون، بەشێك لە داهاتەكەی دەكەینە دیاری بۆ خوشك و برایانمان لە رۆژئاوای كوردستان.
بەشێك لەو هونەرمەندانی بەشداربوو بە گرنگییەوە باسیان لە گرنگی كردنەوەی ئەو پێشانگایە دەكرد، سیروان عەلی رەسوڵی رایگەیاند، باشووری كوردستان و بەتایبەتیش شاری سلێمانی وەك پایتەختی رۆشنبیری لای ئەوان زۆر گرنگە بۆیە بەشدارییان كردووە و وتی “هەوڵمان داوە لە پێشانگەكە گرنگی بە پۆرترێت و سرووشت بدەین بەتایبەتیش پۆرترێت بۆ كەسایەتییە ئەدەبی و رۆشنبیرەكان، چوونكە ئەوان خزمەتێكی زۆریان بە بزاڤی رۆشنبیری و ئەدەیی كوردی كردووە، لەبەرئەوە هیوادارین بتوانین ئەگەر بەو ئیشە هونەرییانەش بێت خزمەتیان بكەین كارێكی باشە”.
هەروەها لەیلا فەتاح، یەكێكی دیكە لە هونەرمەندانی بەشداربوو باسی لەوەكرد، كە هەوڵیان داوە هەمەڕەنگییەكی تەواو لە كارەكانیان هەبێت بۆیە 100 تابلۆیان نمایشكردووە، جگە لەوەش ئەم پێشانگایە ئاشنابوونی هونەرمەندانی هەردوولایە بە كارەكانی یەكدی و هاتنی میوانانیش دەرفەتێكی گرنگە تا بە كارەكانی هونەرمەندانی رۆژهەڵاتی ئاشنا ببن.

