رۆژنامەی ھەولێر

ریال مەدرید گۆڕانكاری سەرتـــــــــــــــــاسەری لە پێكهاتەكەی دەكات پەیامێكی مرۆڤایەتی گواردیـــــــــــــــــۆلا لە جیهان دەنگی دایەوە

لە ماوەی 24 كاتژمێری رابردوو دەنگۆی وەرگرتنی ئەركی راهێنەرایەتی ریال مەدرید لە لایەن یۆرگن كڵۆپ جارێكی دیكە بووە بابەتی گەرمی میدیایەكان، لە لایەكی دیكەیشەوە پەیامە مرۆڤایەتییەكەی پێپ گواردیۆلا لە جیهان دەنگی دایەوە، جگە لەوەش نوێنەرەكانی لامین یامال، دەستدرێژی کردنە سەر برای ئانسۆ فاتی لە ماڵی ئەو یاریزانە رەتدەکەنەوە.

یۆرگن كڵۆپ دەبێتە راهێنەری ریال مەدرید؟
لە ماوەی چەند رۆژی رابردوو دەنگۆیەک هاندەرانی ریاڵ مەدریدی دڵخۆش کرد، بەڵام هەر زوو ئەو دەنگۆیە لەلایەن ئەو کەسەوە رەتکرایەوە و جارێکی دیکە هاندەرانی ریاڵ مەدرید بێهیوا کردەوە.
لە چەند رۆژی رابردوو دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە، گوایە یۆرگێن کلۆپ رازیبووە وەرزی داهاتوو ببێتە راهێنەری یانەی ریاڵ مەدرید، چەند سەرچاوەیەکیش باسیان لە مەرجەکانی ئەو راهێنەرە ئەڵمانیا کرد، بەرامبەر وەرگرتنی پۆستی راهێنەرایەتی یانە شاهانەکە، بەڵام دوێنی خودی ئەو راهێنەرە بە شێوەیەکی ناراستەوخۆ هەموو ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە.
کلۆپ دوێنێ لە دیمانەیەکدا لەگەڵ ماڵپەری رێد بولتن لەبارەی گەڕانەوەی بۆ سەر پیشەکەی گوتی: یەکساڵە وازم لە کاری راهێنەرایەتی هێناوە، لەو ماوەیە هەستم بە ئارامیەکی زۆر کردووە، لەبەر ئەوەی پێشتر فشارێکی زۆرم لەسەر بوو.
لەو دیمانەیە کلۆپ لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کەی دەست بە کاری راهێنەرایەتی دەکاتەوە گوتی: تاوەکو ئەم ساتە هیچ بڕیارێکم نەداوە بگەڕێمەوە و دەست بە کاری راهێنەرایەتی بکەم، دەمەوێت لەسەر پرۆژەکەی لەگەڵ کۆمپانیای رێد بول بەردەوام بم.

پاولۆ دیبالا لەبارەی كریستیانۆ رۆناڵدۆ هاتە دەنگ
پاوڵدۆ دیبالا، هێرشبەری ئەرجەنتینی یانەی یوڤێنتۆس لە چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەوانی دا لەبارەی كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پۆرتوگالی رایگەیاند لە یوڤی بۆی دەركەوتووە كە خەڵكی هەڵەن رقیان لەو یاریزانە دەبێتەوە.
لەمبارەیەوە پاوڵۆ دیبالا لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ رۆژنامەی لاگازێتا دێللۆ سپۆرت دەڵێت: جارێكیان لە گەشتێكدا بۆ یەكێك لە یارییەكانی یوڤێنتۆس لەگەڵ كریستیانۆ بەیەكەوە دانیشتین، پێم گوت دەزانی ئێمە لە ئەرجەنتین رقمان لە تۆیە، چونكە خەڵكانێكی زۆر تۆ بە كەسێكی لەخۆبایی و خۆپەرست دەزانن، بەڵام بەراستی كاتێك تۆم لە نزیكەوە بینی زۆر سەرسامت كردووم، چونكە ئەو رۆناڵدۆیەی ئێستا من دەیناسم كەسێكی ترە.
دیبالا گوتیشی: لە گەرمەی گفتوگۆیەكانم، كریستیانۆ رۆناڵدۆ زەردەخەنەیەكی كرد و گوتی: دەزانم خەڵكانێك رقیان لە منە، بەڵام من ڕاهاتووم لەگەڵ ئەو رق و رەخنانە.
دیبالا ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە كریستیانۆ پیاوێكی زۆر نایاب و كۆمەڵایەتییە، دەشڵێت: ئەو ئەستێرە پۆرتوگالییە لە ناوەوە و دەرەوەی ژووری جلگۆڕین ناوازەیە، ئەم وێنانەی كە میدیایەكان هەندێكجار پیشانی دەدەن، كریستیانۆی راستەقینە نییە.

گواردیۆلا پەیامێكی مرۆڤایەی بۆ جیهان نارد
دوای ئەوەی یانەی مانچێسته‌ر سیتی له‌ قۆناخی چواره‌می جامی فا میوانداریی سالفۆرد سیتی كرد و یارییه‌كه‌شی به‌ دوو گۆڵی بێبه‌رامبه‌ر لێبرده‌وه‌، كە تێیدا له‌ خوله‌كی شه‌شی یارییه‌كه‌ ئالفی درۆینگتۆن به‌هه‌ڵه‌ گۆڵی یه‌كه‌می مانچێسته‌ر سیتی له‌ تۆڕی خۆیان تۆمار كرد،
دواتر له‌ خوله‌كی 81 مارك گیهی یه‌كه‌م گۆڵی خۆی له‌گه‌ڵ مان سیتی تۆمار كرد و ئه‌نجامه‌كه‌ی كرده‌ دوو هێنده‌، بەمەش مانچێسته‌ر سیتی سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستھێنا و گه‌یشته‌ قۆناخی پێنجه‌می جامی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئینگلاند.
لە دوای یارییەكە پێپ گواردیۆلا، راهێنەری مانچێستەر سیتی پێش ئەوەی وەڵامی رۆژنامەنووسان بداتەوە رایگەیاند تكایە رێز لە مرۆڤایەتی بگرن و دەست لە برسیكردن و شەڕ و ئاژاوە هەڵبگرن، گوتیشی: كۆمەڵگا و میللەتێكی زۆر بەبیانووی ئایینی و بیركردنەوە و نەتەوایەتی زوڵمیان لێ دەكرێت، پێویستە جیهان بێتە دەنگ و سنوورێك بۆ ئەو ستەم و نادادپەروەرییە دابنێت.
گواردیۆلا لەبارەی ئەنجامەكانی ئەم وەرزەی یانەكەی گوتی: بوه‌ستن ده‌مه‌وێت پێتان بڵێم به‌راستی مێشكمان ماندووه‌، دوو سێ هه‌فته‌ی زۆر سه‌خت و قورسمان به‌ڕێكرد، به‌ڵام ئه‌ركی ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌، ئه‌وه‌ی له‌سه‌رمانه‌ به‌ باشترین شێوه‌ بیكه‌ن، ئه‌م خشته‌یه‌ی دانراوه‌ ده‌بێت پێوه‌ی پابه‌ند بین و به‌لای كه‌مه‌وه‌ نۆ یاریزانمان له‌ ئه‌وپه‌ڕی توانای جه‌سته‌یی هه‌بێت، راستگۆبم له‌گه‌ڵتان یاریزانه‌كانم زۆر ماندوون.
گواردیۆلا گوتیشی: لە دوایین یاریی ئاستمان خراپ بوو، بەڵام جۆن ستۆنز گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ و یاریی دوای یاریی خوله‌كی زیاتری پێده‌ده‌ین، ئه‌و جۆن ستۆنزه‌ نییه‌ كه‌ ئێمه‌ ده‌یناسین به‌ڵام دوای دوو مانگ له‌ پێكان یارییكردن بۆ ماوه‌ی 90 خوله‌ك زۆر باشه‌، زمانی جه‌سته‌ی زۆر باش بوو، یارییكردنی پڕ له‌ جۆش بوو، ریتمی خۆی له‌ده‌ست نه‌دابوو، له‌ تۆپه‌ به‌رزه‌كانیش به‌شداری ده‌كرد، ئه‌م هه‌مووه‌ دوای دوو مانگ پێكان سه‌خته‌، به‌ڵام باشبوو توانی 60 خوله‌كێك یاریی بكات.

دوو یاریزان ماڵئاوایی لە ریال مەدرید دەكەن
هاوینێكی گه‌وره‌ چاوه‌ڕێی ریال مه‌درید ده‌كات، له‌ دڵی به‌رگری هه‌ر یه‌كه‌ له‌ داڤید ئالابا و ئانتی رۆدیگێر یانه‌كه‌ جێده‌هڵێن و شاهانه‌كان دوو یاریزانی بۆ ده‌گوازنه‌وه‌، دوو گرێبه‌ستی دیكه‌ش سه‌دا سه‌ده‌ و ئیندریك و نیكۆ پاز ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ و ئیداره‌ی ریال مه‌درید بڕیاری داوه‌ هه‌ڵه‌ی ئه‌م وه‌رزه‌ دووباره‌ نه‌كه‌نه‌وه‌ و یاریی درووستكه‌رێك بگوازنه‌وه‌ ریزه‌كانیان.
بە گوێرەی راپۆرتێكی رۆژنامەی ئاسی ئیسپانیا، ریال مه‌درید دوای بێده‌نگییه‌كی زۆر ئه‌مجاره‌ به‌ ئامانجی گه‌وره‌وه‌ ده‌چێته‌ بازاڕی گواستنه‌وه‌ی یاریزانان و چه‌ند گرێبه‌ستێكی گه‌وره‌ ده‌كه‌ن، فلۆرێنتینۆ پێرێز بڕیاری داوە له‌ هاوینی داهاتوو گۆڕانكاری سه‌رتاسه‌ری بكات و تیپه‌كه‌ نوێ بكاتەوە.
یه‌كه‌مین گرێبه‌ستی ریال مه‌درید گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئینریكی هێرشبه‌ری به‌رازیلییه‌ بۆ یانه‌كه‌ ئه‌ویش دوای ئه‌و ئاسته‌ به‌رزه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵ لیۆن پیشانی ده‌دات، كارگێڕی ریال مه‌درید ده‌یه‌وێت ئه‌مجاره‌ ئێندریك ببێت به‌ ئه‌ستێره‌ی سه‌ره‌كی یانه‌كه‌یان، جگه‌ له‌ ئیندریك ریال مه‌درید یاریزانێكی خۆی ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ و به‌رامبه‌ر نۆ ملیۆن یۆرۆ خاڵی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی نیكۆ پاز له‌ كۆمۆ كارا ده‌كات كه‌ ئێستا نیكۆ پاز یه‌كێكه‌ له‌ باشترین ناوه‌ڕاستكاره‌كانی خولی ئیتاڵی و چاوه‌ڕێش ده‌كرێت له‌گه‌ڵ ئارجێنتینا به‌شداری له‌ مۆندیالی داهاتوو بكات.
چاوه‌ڕێ ده‌كرێت له‌ هاوینی داهاتوو ئانتۆنی رۆدیگێر و داڤید ئالابا له‌ یانه‌كه‌ بڕۆن ریال مه‌دریدیش بۆ شوێنی ئه‌و دوو به‌رگریكاره‌ ئامانجی گواستنه‌وه‌ی ئیبراهیما كۆناتێی یاریزانی لیڤه‌رپوول و شلۆتلبێرگی یاریزانی دۆرتمۆنده‌، له‌ ئه‌گه‌ری شكستهێنانی هه‌ر گرێبه‌ستێكیان ئه‌وا یانه‌كه‌ راسته‌وخۆ یاكۆب رامۆنی یاریزانی ئێستای كۆمۆ ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ یانه‌كه‌
دوای شكستهێنان له‌ گواستنه‌وه‌ی زوبیمێندی له‌ هاوینی رابردوو ئه‌مجاره‌ ریال مه‌درید ده‌یه‌وێت یاریزانێكی دروستكه‌ری یاریی بگوازێته‌وه‌ و نزیكترین یاریزانیش كیس سمێسی یاریزانی ئه‌لكه‌ماری هۆڵه‌ندییه‌.
پێشبینی دەكرێت له‌ هاوینی داهاتوو له‌ نێوان كارڤاخال و ئارنۆڵد یه‌كێكیان بڕوات بۆیه‌ ریال مه‌درید چاودێری چه‌ند یاریزانێكی به‌رگری باڵی راست ده‌كاته‌وه‌ و نزیكترین یاریزانیش داڤید خیمینێزی یاریزانی كاستیایه‌ كه‌ له‌م وه‌رزه‌ چه‌ند جارێكیش بانگهێشتی تیپی یه‌كه‌م كراوه‌.

لامین یامال دەستدرێژی كردووەتە سەر برایەكی ئانسۆ فاتێ؟
نوێنەرە یاساییەکانی لامین یامال یاریزانە لاوەکەی یانەی بارسێلۆنا، دەستدرێژی کردنە سەر برای ئانسۆ فاتێ لە ماڵی ئەو یاریزانە رەتدەکەنەوە.
رۆژی دووشەممەی رابردوو رۆژنامەی وەرزشی ئاسی ئیسپانی بڵاویکردەوە، لە یەکێک لە موڵکەکانی لامین یامال کە مەبەستی ماڵەکەی بووە، کەسێک دەستدرێژی کردووەتەوە سەر برایەتی ئانسۆ فاتی یاریزانی پێشووی یانەی بارسێلۆنا، بەڵام نوێنەری یاسایی یامال هەموو ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە.
دوای بڵاوبونەوەی ئەو هەواڵە کە گوایە کەسێک لەسەر موڵکێکی یامال دەستدرێژی کردووەتە سەر برایەکی ئانسو فاتی، پۆلیسی کەتەلۆنیا دەستبەجێ لێکۆڵینەوەیان لەسەر کەیسەکە دەستپێکرد و لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانیش دەرکەوتووە ئەو دەنگۆیە هیچ راستیەکی بۆ نییە.

فرانك ریبێری لە دۆسیەی ئیپستین تێوەگلاوە؟
بەرێوەبەری کارەکانی فرانک ریبێری یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی فەڕەنسا، رەتیدەکاتەوە ئەو یاریزانە لە دۆسیەی ئیپستین تێوەگڵاو بێت.
دوای ئاشکرابوونی ناوی چەند کەسایەتیەکی دیار لە دۆسیەی ئیپستین، دەنگۆیەک بڵاوبووەوە گوایە ناوی فرانک ریبێری یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی ئەڵمانیاش ناوی لە دۆسیەکەدا هەیە، بەڵام بەرێوەبەری کارەکانی ئەو یاریزانەی پێشووی هەڵبژاردەی فەڕەنسا، هەموو ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە و لە دیمانەیەکدا لەگەڵ ماڵپەری ئای میاسان میا دەڵێت، ئەم هەواڵە دوورە لە راستی و من وەکو کەسێکی یاسایی لە داهاتوو دژی ئەو کەسانەی ئەو هەواڵەیان بڵاوکردووەتەوە، لە دادگا سکاڵایان لەسەر تۆمار دەکەم.
بەرێوەبەری کارەکانی فرانک ریبێری لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت، ئامانجی ئەو کەسانە هەواڵەکەیان بڵاوکردووەتەوە ئەوەیە، کەسایەتی ئەو یاریزانە و خانەوادەکەی لەکەدار بکەن، بۆیە بە هیچ شێوەیەک واز لەو کەیسە ناهێنن.

“پێش كریستیانۆ كەس خولی سعوودی نەدەناسی”
تونی کرووس دەڵێت پێش ئەوەی رۆناڵدۆ بچێتە خولی سعوودی، کەس ئەو خولەی نەدەناسی، ئێستاش بێرێزی بەرامبەر ئەو یاریزانە دەکەن.
کریستیانۆ رۆناڵدۆ هێرشبەری پۆرتوگاڵی یانەی نەسڕی سعوودی، بە بیانۆی ئەوەی بەرپرسانی سندوقی وەبەرهێنانی سعوودی، دادپەروەر نەبوونە لەسەر دابەش کردنی بودجەی تایبەت لە نێوان یانەکان، كریس بایکۆتی سێ یاری رابردووی یانەکەی کرد، هەرچەندە هاندەرانی یانەکە بەردەوام پاڵپشتی ئەستێرەکەی یانەکەیان دەکەن، بەڵام کەسانێکیش رەخنە لەو بڕیارەی رۆناڵدۆ دەگرن، هەر ئەمەش وایکرد تونی کرووس یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا و یانەی ریاڵ مەدرید لەسەر هاورێیەکەی پێشووی بە دەنگ بێت.
کرووس لە دیمانەیەکدا دەڵێت، پێش ئەوەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ پەیوەندی بە خولی سعوودیەوە بکات، کەس شارەزایی لەسەر ئەو خولە نەبوو، بەڵام دوای هاتنی رۆناڵدۆ بۆ ئەو خولە، سەرنجی هەموو جیهان کەوتووەتە سەر ئەو خولە، کەچی کەسانێک هەن لەو وڵاتە گاڵتە بەو ئەستێرە گەورەیە دەکەن.
ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر