ڕائیب جادر – هەولێر
بڕیارە لە چەند ڕۆژی داھاتوودا دەست بکرێت بە دابەشکردنی بە دەیان ھەزار پارچە زەوی دیکە لە سەنتەری شاری ھەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران.
بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنامەی “ھەولێر” بەڕێوەبەرایەتیی نەخشەدانان، کارەکانی دەیان ھەزار پارچە زەوی تری تەواو کردووە و ڕادەستی شارەوانییەکان کردووە بۆ ئەوەی بەسەر فەرمانبەراندا دابەشبکرێن.
لە ٢٧ـی ئاداری ٢٠٢٤، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، لەسەر فەرمانی مەسروور بارزانی سەرۆک وەزیران، بڕیار درا بە دابەشکردنی زەوی بەسەر ھەموو ئەو فەرمانبەرانەی سوودمەند نەبوونە لە وەرگرتنی زەوی، بڕیارەکە لە ٢٨ـی ئایاری ٢٠٢٤ لە ڕۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاو کرایەوە.
بڕیاری دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان، یەکێکە لە دەستپێشخەرییە ستراتیژییەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە مەبەستی دابینکردنی نیشتەجێبوون و باشترکردنی باری گوزەرانی مووچەخۆران، ئەم پڕۆژەیە کە سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی ھەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، وەک ھەنگاوێکی گرنگ بۆ قەرەبووکردنەوەی ماندووبوونی فەرمانبەران و خزمەتگوزارییەکی بنەڕەتی بۆ ئەو چینە سەیر دەکرێت کە ساڵانێکی زۆرە خزمەتی کەرتی گشتی دەکەن.
کارزان عەبدولھادی، سەرۆکی شارەوانیی ھەولێر، ئاشکرای کرد: ئامادەکارییەکان چڕ کراونەتەوە، بۆ ئەوەی لە دوو ھەفتەی داھاتوودا تیروپشک بۆ دابەشکردنی نزیکەی چوار ھەزار پارچە زەوی تر بکەین، زەوییەکانیش لە سنووری جەژنیکان دەبن.
لەلایەکی دیکەوە دوای ئەوەی لە سنووری شارەوانی رواندز پڕۆسەی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکرد و لە قۆناغی یەکەم ٥٠٠ پارچە زەوی بەسەر ئەو فەرمانبەرانە دابەشکرا کە کۆی خاڵەکانیان ٣٣ خاڵ بەسەرەوە بوو، لای خۆیەوە سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانیش ڕایگەیاند لە چەند ڕۆژی داھاتوودا لە تەواوی قەزاکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران قۆناغی یەکەمی دابەشکردنی زەوی دەستپێدەکات.
ھەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وردکاری پڕۆسەی دابەشکردنی زەوی لە سنووری ئیدارەی سۆران ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەکرد، دوای ئەوەی لە ڕواندز وەک یەکەم قەزای ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەستمان کرد بە دابەشکردنی زەوی، ئەوەش لە ژێر ڕێنمایی و بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بوو، لە چەند ڕۆژی داھاتوودا لە تەواوی قەزاکانی تری سنووری ئیدارەی سۆران قۆناغی یەکەمی دابەشکردنی زەوی دەستپێدەکات.
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، باسی لەوەشکرد: سیستەمی تیروپشک و خاڵبەندی پەیڕە و دەکرێت بە پێی ڕێنماییەکانی وەزارەتی شارەوانی، فەرمانبەران و ھاووڵاتییانیش دڵنیا دەکەمەوە پڕۆسەی دابەشکردنی زەوی بەردەوام دەبێت، بە پشت بەستن بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم، بۆ ئەو زەویانەی لەبەر دەستن بەھەمان شێواز دابەش دەکرێن.

