سلێمان تاشان – ههولێر
لە ڕووی یاسای نێودەوڵەتییەوە تا ئەم ساتە کورد خاوەنی دەوڵەت نییە بەڵام لە ڕووی پێگە و ڕۆڵی لە پاراستنی ئاسایشی ناوچەیی و جیهانی ئەگەر لە زۆربەی وڵاتان زیاتر نەبێت ئەوا کەمتر نییە و و کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن کە گەورەترین کۆنفرانسی جیهانیی پێوەست بە ئاسایشی نێودەوڵەتییە وای کردووە ناو و پێگەی دیپلۆماسیی کورد زیاتر بەرجەستە ببێت.
رۆژی یەکشەممە کۆتایی بە گەڕێکی دیکەی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن هات کە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لە میونشنی ئەڵمانیا بەڕێوەچوو و سەرۆک و سەرکردەی وڵاتان بەشدارییەکی چالاکانەیان لە کۆنفرانسەکەدا هەبوو.
ئەمساڵیش کورد لەو کونفرانسەدا بەشدار بوو و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەیاوەری ژمارەیەک وەزیری و لێپرسراوی هەرێمی کوردستان بانگهێشتی کۆنفرانسەکە کرابوو و زۆرترین کۆبوونەوە و دیداری لەگەڵ سەرۆکی وڵاتان بە تایبەتی ئەو وڵاتانەدا هەبوو کە لە دابینکردنی ئاسایشی جیهانی ڕۆڵی کاریگەر دەگێڕن.
ئەگەر لە ئاستی هەرێمی کوردستاندا سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەشدار بووبێت ئەوا لە ئاستی عێراقیشدا ئەوەی لەم کۆنفرانسەدا بەشدار بوو وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە بوو کە کوردە و دکتۆر فواد حسێن ژمارەیەک دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی وڵاتاندا هەبوو.
رووداوێکی تر کە کۆنفرانسی میونشنی ئەمساڵ لە کۆنفرانی ساڵانی ڕابردوو جیا دەکاتەوە ئەوەیە ئەمساڵ نوێنەرانی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستانیش بەشدار بوون. مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات و ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆکی پێوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەریی خۆسەر لە ژمارەیەک دیدار و کۆبوونەوەی گرنگدا بەشدار بوون.
هەر چەندە شاندی کورد لەگەڵ شاندی وەزارەتی دەرەوەی سووریا بەیەکەوە لەگەڵ وەزیری درەوەی ئەمریکا کۆ بوونەوە بەڵام لە هەمان کاتدا چاوپێکەوتن و دیداری جیاوازیشیان لەگەڵ سەرکردە و ڕێبەرانی وڵاتان هەبوو.
درک بەو ڕاستییە دەکرێت کە پێگەی دیپلۆماسیی کورد لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ساڵ بە ساڵ بەهێزتر دەبێت، شتێک کە پێچەوانەی ویستی دوژمنانی کورد بووە. لانی کەم ئارەزووی دوو مانگ لەمەوبەری بەشێک لەو نەیارانە ئەوە بوو کۆتایی بە سەرجەم دەستکەوتەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بهێنرێت و خەیاڵی ئەوە لە سەریاندابوو قەوارەی هەرێمی کوردستانیش هەڵوەشێننەوە و ئەو پیلانە جێبەجێ بکەن کە لە ساڵی ٢٠١٤ بەهۆی داعش ویستی جێبەجێکردنیان هەبوو بەڵام جارێکی دیکە لە سایەی یەکگرتوویی نەتەوەیی و هۆشیاریی گەلی کورد، سەریان دای لە بەرد و شکستیان خوارد.
یەکێک لەو هۆکارە سەرەکییانەی کە وای کردووە کورد لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن زیاتر لە کۆنگرە و کۆنفرانسەکانی دیکەی جیهان ناو و پێگەکەی بەرجەستە بێت پێوەندی بە ناونیشانی کۆنگرەکەوە هەیە کە ئاسایش و سەقامگیرییە.
هەر چەندە کورد تا ئەم ساتە خاوەنی دەوڵەتی خۆی نییە بەڵام ڕۆڵ و کاریگەرییەکانی لە دابینکردنی ئاسایشی جیهانی زۆر زیاترە لە دەیان وڵاتی جیهان کە ئاڵاکانیان لە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان دەشەکێتەوە، کورد کارەکتەرێکە کە وڵاتانی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی متمانەیەکی زۆریان پێی هەیە و کاتێک ڕێبەرانی ڕۆژئاوا چاویان بە فەرماندە و سەرکردەکانی کورد دەکەوێت ناتوانن حاشا لەو راستییە بکەن کە کورد لە پرسی ئاسایشی جیهانی چ ڕۆڵێکی کاریگەری گێڕاوە. کورد لە ماوەی شەڕی داعش چ قوربانییەکی دا و ئەگەر کورد نەبوایە جیهانیش ئەو ئارامییەی نەدەبوو.
له ڕۆژانی کۆنفرانسهکهدا نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ تاوتوێكردنی دۆخی سیاسی و ئهمنیی عێراق، ههرێمی كوردستان و پهرهسهندنهكانی ناوچهكه بهگشتی، كۆمهڵێك دیدار و كۆبوونهوهی لهگهڵ سهركرده و بهرپرسانی باڵای وڵاتان لەوانەش سەرۆک وەزیرانی لوبنان، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەڵمانیا، سەرۆک کۆماری ئازەربایجان، سەرۆک وزیرانی قەتەر، وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا، وەزیری فیدراڵیی ئەڵمانیا بۆ هاوکاری و گەشەپێدان، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا، سەرۆک کۆماری فەڕەنسا، سەرۆک وەزیران و وەزیری بەرگریی هۆڵەندا، وەزیری دەرەوەی ڤاتیکان، شاندێکی کۆنگرێسی ئەمریکا، سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا، وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری بەرگری لە وەزارەتی بەرگریی فیدراڵیی ئەڵمانیا، ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی، وەزیری دەرەوەی سووریا، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، وەزیری دەرەوەی پۆڵەندا، بریکاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، کۆمیساری باڵای نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران و ژمارەیەک سەرۆک و بەرپرسی وڵاتانی جیهاندا هەبوو.
لە زۆربەی ئەو دیدارانە سوپاسی کورد کرا کە ڕۆڵی هەبووە لە لەناوبردنی تیرۆر و وڵاتان وێڕای پێداری لە پێوەندییان لەگەڵ کورد پاڵپشتییەکانیان لە گەلی کورد دووپات کردەوە.
ئەو تێڕوانینەی لە دەیەکان و سەد ساڵی ڕابردوو جیهان بەرامبەر کورد هەیبووە زۆر گۆڕاوە و ئەو پاشگەزبوونەوەیە بە ڕوخساری وڵاتانی زلهێزی ڕۆژئاوا دیارە کە کورد شایانی ئەو ستەمە نەبووە لە رابردوودا لێی کراوە و ئەگەر مافەکانی گەلی کورد هاوشێوەی زۆرێک لە نەتەوەکانی دیکەی جیهان لە دوای جەنگی یەکەمی جیهانی دابین کرابا ئەوا ڕەوتی ڕووداوەکانی دواتریش جیاوازتر و ناوچەکە و جیهانیش ئارامتر دەبوو.

