رۆژنامەی ھەولێر

وەزارەتی کارەبا: ٪50 هاوبەشان بڕی کەمتر لە 73,000 دینارییان بۆ هاتۆتەوە

وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پاڵپشتییەکی نوێی بۆ هاوبەشانی ماڵان لە پڕۆژەی (ڕووناکی) ڕاگەیاند و جەختی لەسەر جێگیربوونی نرخەکانی کارەبا کردەوە.

وەک هاوکارییەک بۆ ئەو ماڵانەی بەهۆی وەرزی زستانەوە بڕی پسوولەکانیان بەرزبووەتەوە، حکوومەت بڕیاریدا تا ڕێککەوتی 12ی مانگی 3، هەر هاوبەشێکی ماڵان لە ڕێگەی “ئی-پسوولە”وە پارەی کارەبا (چ پارەی نوێ یان قەرزی کۆن) بدات، ڕێژەی ٪20ی ئەو بڕە پارەیەی بۆ دەگەڕێندرێتەوە و لە پسوولەی مانگەکانی داهاتووی کەم دەکرێتەوە.

وەزارەتی کارەبا بۆ بەرچاوڕوونی ڕای گشتی ئاماژەی بەوە کردووە کە لەسەر ئاستی کوردستان، نیوەی هاوبەشانی ماڵان (50٪) لە پڕۆژەی ڕووناکی، بڕی پسوولەکەیان کەمتر بووە لە 73 هەزار دینار، هەروەها 80٪ی هاوبەشانیش کەمتر لە 160 هەزار دیناریان بۆ گەڕاوەتەوە.

هەولێر: 50٪ی ماڵان کەمتر لە 83 هەزار و 80٪یان کەمتر لە 177 هەزار دیناریان بۆ هاتوەتەوە.

سلێمانی: 50٪ی ماڵان کەمتر لە 54 هەزار و 80٪یان کەمتر لە 118 هەزار دیناریان بۆ هاتوەتەوە.

دهۆک: 50٪ی ماڵان کەمتر لە 102هەزار و 80٪یان کەمتر لە 224 هەزار دیناریان بۆ هاتوەتەوە.

هەڵەبجە: 50٪ی ماڵان کەمتر لە 42 هەزار و 80٪یان کەمتر لە 81 هەزار دیناریان بۆ هاتوەتەوە.

وەزارەتی کارەبا دوو هۆکاری سەرەکی بۆ بەرزیی بڕی پسوولەکان لەم زستانەدا دەستنیشان دەکات:
1. درێژیی خولی پسوولە: خولی ئەمجارە لە جیاتی 30 ڕۆژ، تێکڕا 45 ڕۆژ بووە، ئەمەش وایکردووە بڕی کارەبای بەکارهاتوو زیاتر بێت، بەڵام نرخەکان وەک خۆیان چوونکە تێکڕای 400 کیلۆوات بۆ مانگێک زیاد کراوە لە 45 رۆژەکەدا بۆ 600 کیلۆوات.

2. بەکارهێنانی زۆر و کارەبای 24 کاتژمێری: بەهۆی سەرمای زستان و پشت بەستن بە گەرمکەرەوە کارەباییەکان، لەگەڵ هەبوونی کارەبای بەردەوام لە پڕۆژەی ڕووناکی، ئاستی بەکارهێنان بەرزبووەتەوە.

لە کۆتاییدا، حکوومەتی هەرێم دووپاتی دەکاتەوە کە هیچ گۆڕانکارییەک لە نرخەکانی کارەبا نەکراوە و هەر بڕیارێکی لەو شێوەیە پێویستی بە پەسەندکردنی ئەنجومەنی وەزیران هەیە