ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 14.2.2026 بەئامادەبونی د.پشتیوان صادق بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی هەولێر و ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و دکتۆر زانا مەلا خالید بەرپرسی لقی دووی پارتی و دەستەی کارگێڕی لق و بەڕێوەبەری گشتی دەزگای سەتەلایتی کوردستان و ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرانی گشتی لەوەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان و سەندیکای هونەرمەندان، لەمەراسیمێکی تایبەتدا لقی دوو ڕێزی لە هونەرمەندانی بەشداربووی درامایی ئەدیابین گرت.
بەرپرسی لقی دوو بەخێرهاتنی ئامادەبوان و هونەرمەندانی کرد و گوتی لەهەولێر کۆبوینەوە بۆ ئەوەی ڕێز لەئێوە و ئەوکارەشتان بگرین،کە زیندو هێشتنەوەی مێژویەکی پڕ سەروەریە، درامای ئەدیابین بەشێکی گرنگە لە لەکارکردن بۆ ئاشناکردنی نەوەی ئەمڕۆ بەمێژو و قوربانیدان و کلتور و شارستانیەتی نەتەوەکەمان، ئەمڕۆ ڕێز لەو ڕۆڵەتان دەگرین کەبەهەوڵ و ماندوبونتان بەشی سێیەمی ئەدیابین هاتۆتە بەرهەم، دەستخۆشی بۆ ئەو هونەرمەندانی کەلەبەشی یەکەم و دووەم بەشداربون و هیوای سەرکەوتن بۆ ئێوەی بەڕێز بۆ دەخوازین.
پارێزگاری هەولێر لەوتەیەکدا دەستخۆشی لەلقی دوو و بەرپرسی لق کرد بۆ ئەو دەستپێشخەریە و گوتی بەرهەمی ئەدیابین بەرهەمێکی گرنگ و دانسقەیە و کارێکی گەورەیە بۆ خزمەتی مێژوو و هونەری کوردی، وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان و پارێزگای هەولێر پاڵپشتی و پشتگیری خۆمان دوپات دەکەینەوە بۆتان.
دواتر گفتوگۆیەکی کراوە ئەنجامدرا و قەڵغانی ڕێزلێنانی لقی وو بەدەزگای سەتەلایتی کوردستان و هونەرمەندان بەخشرا.

