رۆژنامەی ھەولێر

شوان قەرەداغی دوو بەرهەمی کوردانە بڵاودەکاتەوە

عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر

هونەرمەندی گۆرانیبێژ (شوان قەرەداغی) بەرهەمێکی بۆ رۆژئاوای کوردستان بڵاوکردەوە و بەنیازی بڵاوکردنەوەی بەرهەمێکی دیکەی نەتەوەییشە.

لەگەڵ پەرەسەندنی گرژییەکانی رۆژئاوای کوردستان و دروستبوونی مەترسی لەسەر کوردانی ئەو پارچەیەی کوردستان، سەرجەم توێژەکان بەتایبەتیش هونەرمەندان بەدەنگەوە هاتن.
هونەرمەند شوان قەرەداغی لەماوەی رابردوودا نوێترین بەرهەمی نەتەوەیی خۆی بەناوی (نیشتمانی گەورە) بڵاوکردەوە.
ئەو بەرهەمە نوێیە لە تێکستی شاعیری ناسراو ئیسماعیل تاڵەبانییە و لەسەر ریتمی خاو وتراوە.
لەو بارەیەوە شوان قەرەداغی بە (هەولێر)ی راگەیاند، لەگەڵ دروستبوونی رووداوەکانی رۆژئاوای کوردستان مامۆستا ئیسماعیل ئەو تێکستەی بۆ ناردووە و ئەویش بە دڵی بووە، بۆیە لەماوەی چەند رۆژێکی کەمدا کردوویەتی بە سروود و بڵاویکردۆتەوە.
قەرەداغی وتی “بۆیە سروودەکە ریتمی خاوە ویستمان ئەمجارە ستایڵەکە جیاواز بێت واتە هەم بۆ دەنگی من بگونجێت، جگە لەوەش ئەو بەرهەمانەی دیکە کە بۆ نەتەوە وتراون حەماسی بوون بۆیە ویستمان ئەوەی ئێمە خاوتر بێت”.
هەرچەندە لەگەڵ رووداوەکانی رۆژئاوای کوردستان زۆربەی هونەرمەندان بە کاری هونەری و شێوازی دیکە پشتگیری خۆیان دەربڕی، بەڵام لەو رووەوە شوان قەرەداغی گلەیی هەیە و وتی “راستە بەشێکی زۆری هونەرمەندان هەڵوێستی باشیان هەبوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەشێکی دیکەیان هەڵوێستی ئەوتۆیان نەبوو، بۆیە پێویسته بەخۆیاندا بچنەوە بۆ داهاتوویان، چوونکە دواجار کوردسنان وڵاتی هەموومانە”.
سەبارەت بە کارەکانی داهاتووی، ئەم هونەرمەندە ئاشکرایکرد، ئێستاش کار لەسەر بەرهەمێکی دیکەی نەتەوەیی دەکات و لەداهاتوویەکی نزیکدا بڵاویدەکاتەوە، دوو بەرهەمی دیکەشی لە رۆژهەڵاتی کوردستان کاریان تێدا دەکرێت، سەرجەم بەرهەمەکانیش لەسەر ئەرکی خۆیەتی.