پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، خۆپیشاندان و گردبوونەوە و ناڕەزایەتی ڕێکاری یاسایی خۆی هەیە، هەر كەسێك بەبێ مۆڵەت بیەوێت خۆپیشاندان بكات رێكاری یاسایی توندی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
ئومێد خۆشناو پارێزگار و سەرۆکی لیژنەی ئەمنی هەولێر سەبارەت بەو خۆپیشاندانەی کە هەفتەی ڕابردوو لە شاری هەولێر لەلایەن چەند کەسانێکەوە بە بەهانەی بێڕێزیكردن بە پیرۆزییەكانی ئایینی ئیسلام ئەنجامدرا، ڕایگەیاند “دوای ئەوەی مێرمنداڵێک لە کاتی خۆپیشاندانەکانی پشتگیری لە ڕۆژئاوای کوردستان هۆنراوەیەکی خوێندەوە، کە هۆنراوەکەش هی خۆی نەبوو و دوای ئەوەش بە خۆی و خانەوادەکەی،کە خێزانێکی موسڵمانن چەندین جار داوای لێبووردنیان کرد، بەڵام کەسانێک ئەو کارەیان قۆستەوە و بەبێ مۆڵەت وەرگرتن لە نێو سەنتەری شار خۆپیشاندانیان ئەنجام دا”.
ئومێد خۆشناو راشیگەیاند “خۆپیشاندان بە بێ مۆڵەت بەپێی یاسا و ڕێنماییەکان ڕێگە پێدراو نییە بۆ هیچ کەس و لایەنێک و بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە، هەر کەس و لایەنێک بەبێ مۆڵەت وەرگرتن خۆپیشاندان ئەنجام بدات، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ڕێکاری پێویستیان لە بەرمبەردا دەگیرێتەبەر”.
پارێزگاری هەولێر لەبارەی ئەوەشەوە کە ماوەیەکە چەند کەسانێکی توندڕەو بانگەوازی ئەوە دەکەن لە شاری هەولێر دووبارە خۆپیشاندان ئەنجام بدەنەوە، لەمبارەیەوە سەرۆکی لیژنەی ئەمنی پارێزگای هەولێر گوتی “هیچ هۆکارێک نییە ئەو کەسانە خۆپیشاندانی بۆ ئەنجام بدەن، ئێمە هێزە ئەمنییەکان ئاسایش و پۆلیسمان دەستکراوە کردووە ئیجرائاتی توند بەرامبەر هەر کەسێک بکەن کە ئەو کارە ئەنجام بدات”.
لە كۆتاییدا پارێزگاری هەولێر جەختی كردەوە كە “خۆپیشاندان، گردبوونەوە و ناڕەزایەتیی دەربڕین، ڕێکاری یاسایی خۆی هەیە و بەبێ مۆڵەت رێگە بە هیچ خۆپیشاندانێك نادرێت لە هەولێر”.

