رۆژنامەی ھەولێر

گەشەکردنی کتێبخانەی کوردی

حەمە هیوا
گەلێک جاران لێرەولەوێ گوێمان لێ دەبێ گوایە کتێبخانەی کوردی سەرچاوەیەکی کەمی لەخۆ گرتووە، گەر بمانەوێ بە واتایەکی سادەتر لەمە بگەین، مەبەست لێی ئەوەیە، لەنێو ناوەند و کتێبخانەکاندا کتێب بە زمانی کوردی ڕێژەیەکی کەمە، بەراورد بە سەرچاوە عەرەبی و فارسی و زمانە بیانیەکان. گەر ئاوڕێک بۆ مێژووی چەند دەهەی ڕابردوو بدەینەوە، بۆمان ڕوون دەبێتەوە، لە کایەی چاپەمەنی و بڵاوکردنەوە، بەراورد بە ڕابردوو سەرچاوەیەکی زۆری کتێب لە بابەتەکانی وەک: (ئەدەبیات، فکر، ڕەخنەی ئەدەبی، تیۆری، فەلسەفە، ئایینی، ڕەخنەی ئایینی و ھتد)، کاری وەرگێڕانیان بۆ کراوە و بە زمانی کوردی چاپ و بڵاو کراونەتەوە. چەندین نموونە ھەن لە نووسەرانی خۆرئاوا، کە لە بیست ساڵی ڕابردوودا، ژمارەیەکی گەلێک کەمی بەرھەمەکانیان بەردەست بوون، بەڵام ئەمڕۆ خۆشبەختانە کۆی بەرھەمەکانیان بە زمانی شیرینی کوردی بەردەستن. ھەر ئەمەش نا، ئەوەی زیاتر جێگای دڵخۆشیە ئەوەیە، بەشێک لە بەرھەمە ئەدەبیەکان، لە لایەن چەندین وەرگێڕ، بە چەندین زمانی جیاواز بۆ سەر زمانی کوردی وەرگێڕدراون. بێگومان پڕۆسەی وەرگێڕان کۆمەڵێک پرەنسیپ و فاکتەری لەخۆ گرتووە، ھەڵبەتە ئەمەش پێویستی بە ستراتیژێکی بەردەوامە.

مایەی ئەفسووس و نیگەرانیە لە نێو فەزای ڕۆشنبیری و کولتوری کوردیدا ئەم گەشەکردنە وەک پێشکەوتنێک لە دنیای ڕۆشنبیریدا تەماشا ناکرێت، بەڵکو بەردەوام و ھەمیشە بەشێکی زۆر لە دەزگا ڕۆشنبیریەکان لە ھەوڵی تێکشکاندنی یەکترن. مایەی خۆشبەختیە ئێستا سەرجەم بەرھەمەکانی فەیلەسووفی ئەڵمانی فریدریش نیچە، یاخود سەرجەم بەرھەمەکانی ڕۆماننوسی مەزنی ڕووسی فیۆدۆر دۆستۆیسکی بە زمانی کوردی بەردەستن. بە دڵنیاییەوە نموونەگەلی زۆر ھەن ئاماژەیان پێ بدەین، نەک تەنھا لە یەک بابەت یاخود یەک ژانەر، بەڵکو لە سەرجەم بابەتەکانی دیکە.

گەرچی بە گشتی لە کوردستان ڕێژەی چاپکردنی کتێب کەمە، بەراورد بە وڵاتە عەرەبزمانەکان، وێڕای ھەژموونی سیاسی و قەیرانە دارایی و ئابووریەکان، بەڵام ئەمە بە واتای ئەوە نایەت ئێمە لە ڕوی فەرھەنگیەوە و لە کایەی ڕۆشنبیری گەشەمان نەکردووە.