رۆژنامەی ھەولێر

لە قۆناغی یەکەم ٤٧٤٧ پارچە زەوی دابەشکران

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دەست بە قۆناغی دووەمی دابەشکردنی زەوی دەکرێت، لەم قۆناغەدا ١٣٣٠٠ فەرمانبەری دیکە سوودمەند دەبن. قایمقامی زاخۆش، دەڵێت: ئەوانەی زەوییان بەر ماستەرپلان دەکەوێت قەرەبوو دەکرێنەوە.

بڕیارە لە ماوەی یەک مانگدا پرۆسەی دابەشکردن دەست پێ بکاتەوە، بۆ ئەو مەبەستە کار لەسەر پێنج کەرت و پێنج گوند کراوە، ئەوەش ھاوکارێکی باش دەبێت بۆ چارەکردنی کێشەی نیشتەجێبوون لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ.
لە ٢٧ـی ئاداری ٢٠٢٤، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران، بڕیار درا بە دابەشکردنی زەوی بەسەر ھەموو ئەو فەرمانبەرانەی سوودمەند نەبوونە لە وەرگرتنی زەوی بە مەرجێک ماوەی خزمەتییان کەمتر نەبێت لە ٨ ساڵ خزمەتکردن، ڕووبەری ئەو زەوییەی بۆ ھەر فەرمانبەر یان پێشمەرگە و خانەنشینێک تەرخان دەکرێ ٢٠٠ مەتر دووجایە و دابەشکردنەکەش بە تیروپشک و بەگوێرەی سیستمی خاڵبەندییە.
بڕیاری دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان، یەکێکە لە دەستپێشخەرییە ستراتیژییەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە مەبەستی دابینکردنی نیشتەجێبوون و باشترکردنی باری گوزەرانی مووچەخۆران، ئەم پڕۆژەیە کە سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی ھەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، وەک ھەنگاوێکی گرنگ بۆ قەرەبووکردنەوەی ماندووبوونی فەرمانبەران و خزمەتگوزارییەکی بنەڕەتی بۆ ئەو چینە سەیر دەکرێت کە ساڵانێکی زۆرە خزمەتی کەرتی گشتی دەکەن.
ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان یەکەم شوێن بوو دەستی بە دابەشکردنی زەوی کرد، لە قۆناغی یەکەم ٤٧٤٧ پارچە زەوی دابەشکران، لە قۆناغی دووەمیشدا سەرووی ١٣ ھەزار پارچە زەوی دیکە لە پێنج شوێن ئامادەکراون.
ئەو ھەنگاوەی حکوومەت بە گەشبینی و دڵخۆشییەکی گەورەوە لەلایەن فەرمانبەرانەوە پێشوازی لێ دەکرێت، ئەو ھاووڵاتییانەی کە دەبنە خاوەن پارچە زەوی خۆشحاڵن و سوپاسی حکوومەتی ھەرێم دەکەن بۆ ڕزگار بوون لە کرێ.
حکوومەت و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ پرسی نیشتەجێبوونیان خستووەتە پێش ھەموو شتێک، دابەشکردنی ئەو پارچە زەوییانە دەبێتە ھاوکارێکی باش بۆ کەمبوونەوەی کرێنشین و زیادبوونی ئاوەدانی لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، ئەوەش دڵخۆشییەکی گەورەی خستۆتە ناو دڵی ھەزاران فەرمانبەر.
مشیر محەممەد، قایمقامی زاخۆ، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: دابەشکردنی پارچە زەوی لە قۆناغی کۆتاییدایە، ئەوەش لە دوای ئەوە دێت کە لە ھەشت مانگی ڕابردوودا بەردەوام لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەکانی کشتوکاڵ، شارەوانی و نەخشەدانان کار لەسەر ئەو پارچە زەویانە کراوە.
قایمقامی زاخۆ، دەشڵێ: بۆ دابەشکردنی ئەو پارچە زەوییانە ٣٣٩١ دۆنم کە پێنج گوند و پێنج کەرت لە خۆ دەگرێت نەخشە دروست کراوە، سەرەتا قەرەبووی جووتیار و خاوەن موڵکەکان دەکرێتەوە، دواتر دەست بە دابەشکردنی پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دەکرێت، کە تا ئێستا بۆ ١٣٣٠٠ فەرمانبەر ڕەزامەندی وەرگیراوە، ھەموو ئەو فەرمانبەرانەی کە مەرجەکان دەیانگرێتەوە، حکوومەت پابەندە بە پێدانی زەوی بە ھەموو ئەو کەسانەی تا ئێستا سوودمەند نەبوونە و پڕۆسەکە بە شێوەیەکی شەفاف و ڕێکخراو بەڕێوە دەچێت.