دوێنێ، بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک لە کتێبخانەی بەش بە ئامادەبوونی د. سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک کۆڕێک بەناونیشانی “ڕەوشی ڕۆژئاوا و خوێندنەوەیەکی نوێ” بۆ وەرگێڕ و ئەکادیمیست (د. جەلال ئەلعەبدوڵڵا) سازکرد.
سەرەتای مەراسیمەکە بە خۆلەکێک وەستان بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان و سەروەریان (بارزانیی نەمر و کاکە ئیدریسی هەمیشە لەیاد) دەستیپێکرد.
لە وتەیەکدا دکتۆر سالار عوسمان بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک گوتی: دەمەوێ دەستخۆشی لە د. جەلال ئەلعەبدوڵڵا بکەم، کە ئەکادیمیستێکی دیاری کوردستانە، دەستێکی باڵای هەیە لە زانستی سیاسی و بەتایبەت لە دۆخی ڕۆژئاوادا.
ئاماژەی بەوەش کرد، بۆ ئێمە وەک دانیشتووانی باشووری کوردستان خوێندنەوەی ئەم کتێبە و گوێگرتن لە کەسانی شارەزای وەک د. جەلال زۆر گرنگە، چونکە دانیشتن لە کۆڕ و خوێندنەوەی کتێب و لێکۆڵینەوەی زانستی باشتر و زەڵالترە لە ڕووداوەکان دەگەین وەک لەوەی لە میدیاوە ڕووداوەکان دەبینین، بۆیە ئەم کتێب و کۆڕەش گرنگە بۆ ئەوەی باشتر لەسەر ڕۆژئاوا بزانین.
د. سالار عوسمان گوتیشی: نابێت ڕۆڵی جەنابی سەرۆک بارزانی لەبارەی ڕووداوەکانی ڕۆژئاوا لەبیر بکەین، نابێت ڕۆڵی هەرێمی کوردستان، سەرۆکایەتی هەرێم، حکومەتی هەرێمی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان لەبیر بکەین، کە ڕۆڵێکی یەکجار کاریگەر و پۆزەتیڤ و لوتکەییان هەبووە و جوان دەچنە ناو مێژوو.
پاشان بڕگەی گرنگی مەراسیمەکە بە گوێگرتن بۆ کۆڕی نووسەر د. جەلال ئەلعەبدوڵڵا دەستی پێکرد و لە کۆڕەکەدا د. جەلال تیشکی خستە سەر سەرەتای شۆڕشی کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان و نەخشە و ئەتڵەسی ڕۆژئاوای کوردستانی بۆ ئامادەبووان ڕوونکردەوە و باسی لە دوایین گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە کرد.
لە کۆتاییدا چەپکەگوڵی وەفا پێشکەش کرا بە وەرگێڕ و ئەکادیمیست د. جەلال ئەلعەبدوڵڵا و کتێبی (پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی و سیاسی لە کوردستانی سوریا) بە واژووی نووسەر پێشکەشی ئامادەبووان کرا.

