دوێنێ، بە ئامادەبوونی د. سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک و بەشێک لە نووسەر و وەرگێڕ و ڕۆژنامەنووسان، دەزگای چاپ و بڵاوکراوەی موکریانی کۆڕێکی بۆ وەرگێڕی کتێبی سارتەر بە ناوی (ئەدەب چییە) لە هۆڵی موکریانی سازکرد.
لە کۆڕەکەدا (مستەفا غەفوور) وەرگێڕی کتێبی (سارتەر) بەناوی (ئەدەب چییە) باسی لە ناوەرۆک و شێوازی وەرگێڕانەکەی کرد و ئاماژەی بە فکری سارتەر بۆ ئازادی و پابەندی لە ئەدەب و نووسین و ئەرکی نووسەر دا.
ناڵە حەسەن نووسەر و شاعیر، خوێندنەوەیەکی بۆ کتێبەکە کرد، دواتر بەشێک لە ئامادەبووانی کۆڕەکە، بە سەرنج و تێبینییەکانی خۆیان کۆڕەکەیان دەوڵەمەندتر کرد.
شایەنی باسە بۆلەمەودوا دەزگای چاپ و بڵاوکراوەی موکریانی لەژێر ناوی (سێشەممەی موکریانی) هەفتانە چالاکی بۆ ناساندنی کتێب و بەڕێوەبردنی کۆڕی ئەدەبی سازدەکات.

