پۆلیسی پارێزگای هەولێر دەستگیرکردنی تۆمەتبارێکی ڕاگەیاند کە زیاتر لە 20 سپلیتی لە سەربانی بازاڕی قەیسەری دزیبوو.
ڕۆژی چوارشەممە 11ـی شوبات، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند: تیمەکانمان لە بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی (ناوەڕاست)، سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، تۆمەتبارێکیان بە ناوی (ن. ن. ش) دەستگیر کرد.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ناوبراو تۆمەتبارە بە دزینی زیاتر لە 20 کەلەسەری سپلیت (یەکەی دەرەکی) لە سەربانی بازاڕی قەیسەریی ناوشاری هەولێر.
پۆلیسی هەولێر دەڵێت، لە ئێستادا تۆمەتبار بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە و بەپێی ماددەی (446) لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراوە و لێکۆڵینەوەش لەگەڵیدا بەردەوامە.

