رۆژنامەی ھەولێر

ئایا کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ دەبێتە هۆی دوورخســـــتنەوەی ســـــەرۆکی یـــــــــــــــانەی نەســڕی ســعوودی؟

ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر

 

بەهۆی کێشەی بەردەوامی کارگێڕیی یانەی نەسڕی سعوودیەوە لەگەڵ کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ، ڕەنگە گۆڕانکاریی لە کارگێڕیی یانەکە بکرێ.

کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ هەڵوێستی وەرگرتووە و لە دو یاریی ڕابردووی نەسڕ لە گەڕی ٢٠ و ٢١ی خولی ڕۆشەنی پیشەگەریی سعوودی بەشداریی نەکردووە، ئەوەش وەکوو ناڕەزایی لەسەر شێوازی پاڵپشتیی سندووقی وەبەرهێنان بۆ یانەکان.
هەڵوێستەکەی هەر بەوەندە نەوستا، بەڵکوو بڕیاری دا بەشداریی یاریی یانەکەی بەرانبەر ئەرکاداجی تورکمانستان لە خولی پاڵەوانانی ئاسیا ٢ش بەشداری نەکا و ڕەنگە بۆ یارییەکانی گەڕی ٢٢ی خولی سعوودیە بەرانبەر فەتح بگەڕێتەوە.
رۆژنامەی ریازییەی سعوودی بڵاوی کردەوە، ڕۆناڵدۆ بەڵێنی چارەسەرکردنی سەرجەم کێشە و هەڵە هونەری و کارگێڕییەکانی لە لایەن کارگێڕیی یانەکەوە پێ دراوە، ئەوەش بە ئامانجی سەقامگیرکردنی ڕەوشی یانەکە و ڕەخساندنی کەشێکی لەبار بۆ بەردەوامیدان بە ڕکەبەری لە خولی سعوودیە.
مێدیاکە باسی لەوە کردووە، کە کارگێڕی بەڵێنی ئەوەیان پێ داوە، هەموو شایشتە داراییەکان بدات و دەسەڵاتیش بگەڕێتەوە بۆ سەرۆکی جێبەجێکاری پورتوگالی خۆسیە سیمیدیۆ و بەڕێوەبەری وەرزشی سیما و کۆتینیۆ، لە هەنگاوێکدا بۆ ئارامکردنەوەی ڕەوشەکە و گەڕانەوەی متمانە لە نێوان یاریزانان و کارگێڕیی یانەکەدا.
سەرچاوەکان باسیان لەوە کرد، کە ئەگەر هەیە گۆڕانکارییەکان بگەنە سەرۆکی یانەکە عەبدوڵڵا ماجد، ئەوەش دوای لێدوانێکی ئەم دواییەی کە ڕۆناڵدۆی تووڕە کرد
ڕۆناڵدۆ تووڕەبوون و نیگەرانییەکەی دوای ئەوە هات، کاتێک ڕێگە بە کەریم بنزیمای هاوڕێی پێشتری لە ریاڵ مەدرید درا، لە یانەی هیلالەوە بچێتە ئیتیحاد.
پێشتر کریستیانۆ ڕۆناڵدۆی ٤١ ساڵان هۆشداریی پێ درابوو لەلایەن بەرپرسانی خولی رۆشەن، بەوەی هیچ یاریزانێک ڕێگەی پێنادرێت کاریگەریی لەسەر ئەو بڕیارانە هەبێت کە لەلایەن لیژنەیەکی سەربەخۆی گواستنەوەی یاریزانانەوە دەدرێن، کە ئامانج لێی ڕێگریکردنە لە خەرجکردنی زیادەڕۆیی یانەکان کە ڕەنگە ببێتە هۆی کێشەی دارایی.
تەنانەت ڕەوشی نێو یانەی نەسڕی سعوودی بە جۆرێک شێوا، ڕاپۆرتی مێدیاكان باسیان لەوە کرد، جۆرجی جیسۆسی پورتوگالی، بەڕێوەبەری هونەریی یانەی نەسڕ، چارەنووسی نوێكردنەوەی گرێبەستەكەی لەگەڵ نەسڕ و مانەوەی لەو یانەیە لە دوای كۆتاییهاتنی ئەم وەرزە، وابەستەی هەڵوێستی كریستیانۆ ڕۆناڵدۆ كردووە.